پەرلەمانتارێکی جەهەپە پەیامێکی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری هەدەپە بڵاودەکاتەوە، کەڕایگەیاندوە، لەك قۆناغەدا گەورەترین مەترسی، بەفیڕۆدانی کاتە.”
ئەمڕۆ، سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە لەئامەد سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری هەدەپەو سەلچوک مزراکلی، سەرۆکی پێشوی گەورەشارەوانیی ئامەدی لە گرتوخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنە کرد.
دوای سەردانەکەی، تانریکوڵو پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەندروستیی دەمیرتاش و مزراکلی باشە، “سڵاو و خۆشەویستییان بۆ خۆشەویستان و دۆست و هاونیشتمانییانمان هەیە. لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەن.”
بەوتەی پەرلەمانتارەکەی جەهەپە، دەمیرتاش و مزراکلی بەهۆی سنورداریی پەیوەندییەکانیان لەناو گرتوخانەکەدا، زانیاریی وردیان لەسەر پێشهاتەکان نییە، بەڵام پێیان وایە “گەورەترین مەترسی بەفیڕۆدانی کاتە.”
تانریکوڵو وتیشی، “پێیان ڕاگەیاندین کە پێویستە ئەم کاتە زۆر بەباشی سودی لێ وەربگیرێت و دەبێت هەرچی زوە کاروبارە یاساییەکان و هەنگاوە پێویستەکانی دیکە بنرێن.”
تانریکوڵو پێیوایە، کێشەی پەیوەست بەجێبەجێکردنی یاساش هەیە، “پێویستە ئەمانەش چارەسەر بکرێن، بۆئەوەی متمانەی کۆمەڵگە بەپرۆسەکە بەهێز بێت. کردەوە نادیموکراسییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام زیاد دەکەن. ئەوانیش جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمە یەکێکە لە مەترسییە هەرە گەورەکانی بەردەم پرۆسەکە.”
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی جەهەپە جەختی لە پشتگیریی دەمیرتاش و مزراکلی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری کردەوە و وتی، “ئەوەیان دوپاتکردەوە، لەهەموو دۆخێکدا لەگەڵ ئاشتیدان و پشتگیری لەدەستبەرداربون لەچەک دەکەن.”
قەندیل پرێس