هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا کوشتنی چالاکوانی فەرهەنگی و وێنەگری بەناوبانگ مەهدی تەوەکولی و دایک و خوشکێکی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە شەرمەزار کرد.
هاوپەیمانێتییەکە دەڵێت کوشتنی تەوەکولی لە کاتێکدایە کە ” ڕێژیم لە پاش شۆڕشی «ژینا – ژن، ژیان، ئازادی» و ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤ و هەروەها دوو شەڕی ١٢ و ٣٩ ڕۆژە، لەوپەڕی قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکیی خۆیدایە و بەم کردارە دڕندانەیە دەیهەوێ کە قەیرانەکان لە خۆی دوور بکاتەوە و بە ترس و تۆقاندن کۆمەڵگە بێدەنگ بکات.”
ڕاشیگەیاند کۆماری ئیسلامیی ئێران “کەوتووەتە دۆخی لەناوچوونی یەکجاری، ترسی لە کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ٤٨ ساڵی ڕابردوودا؛ هەر درێژە بە تاوانەکانی وەک لەسێدارەدان، دەستڕێژکردن و هەروەها بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا دەدات.”
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوای هەڵوێستی گشتگیر و هەمەلایەنە لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئیڕان دەکات و دەڵێت ئەو ڕێژیمە “شەڕی لە دژی نەتەوەکەمان و گەلانی دیکەی ناو ئێران ڕاگەیاندووە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە، پێویستیمان بە تێکۆشان و هەڵوێستێکی گشتی و هەمەلایەنە لە بەرانبەر ئەو ڕێژیمەدا هەیە.”
ڕۆژی یەکشەممە وێنەگر و چالاكوانی فەرهەنگیی کورد مەهدی تەوەکولی لەگەڵ دایکی به ناوی مەریەم ئەسڵانی و خوشکێکی به ناوی سومەیە بەهۆی دەستڕێژی گوللەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگای نێوان مەریوان بانە کوژران.
ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنیان ڕۆژی دووشەممە بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەکانیان، خزمانیان و ژمارەیەک لە چالاکوانان و کەسایەتییە هونەرییەکانی کوردستان لە بەهەشت محەممەدی سنە بەڕێوە چوو.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادە بوون، بەڵام سەرباری ئەوەش لەسەر کێلی گۆڕی هەرسێکیان ڕستەی «شەهیدی کوردستان» نووسراوە.
قەندیل پرێس