به‌په‌له

سێ داواكاریى به‌په‌له‌ له‌هه‌سه‌ده‌وه‌.. توركیاو سوریا ئاگادارده‌كاته‌وه‌

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌)، سێ داواکارى به‌په‌له‌ دەداتە تورکیاو سوریاو کۆمەڵگه‌ى نێودەوڵەتى، ده‌شڵێت:”ئه‌گه‌ر جڵه‌وى گروپه‌كان نه‌كرێن، توندتر وه‌ڵامده‌ده‌ینه‌وه‌”، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، “هه‌ڕه‌شه‌ ناكه‌ین، به‌ڵام ناتوانین زیاتر بێده‌نگ بین به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانى سه‌رمان”.

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) هۆشداریی وەڵامدانەوەو بەرگریی دەكات، ئەگەر گروپەكانی سەر بەحكومەتی دیمەشق‌و توركیا هێرشەكانیان ڕانەگرن.

هاوکات ئەوەشدەخاتەڕوو، دەست بۆ دیالۆگ‌و هاوکاریی درێژدەكەین بۆ سوریایەکی سەلامەت‌و سەقامگیر.

هه‌سه‌ده‌ ڕایگه‌یاندوه‌، “لەکاتێکدا گەلی سوریاو هەمولایەنە پابەندەکان بەچارەسەری ئاشتیانە چاوەڕێی سەقامگیریی لەسەرتاسەری سوریا دەکەن، هێشتا ئەو گروپانەی سەر بەتورکیا كە لەژێر چەتری حکومەتی دیمەشقدا کاردەکەن، بەردەوامن لەپێشێلکردنی ئاگربەست لەچەند ناوچەیەک، لەوانە دێرەزۆر، دێرحافر، بەنداوی تشرین‌و تەل تەمر”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، “هەروەها ئەم گروپانە لەدەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لەشاری حەلەب جموجۆڵی گوماناوی دەکەن، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو ڕێککەوتنەیە کە لەیه‌كى نیسانی 2024 لەنێوان ئیدارەی دوو گەڕەکەکەو ئیدارەی دیمەشق ئیمزاکراوە”.

هه‌سه‌ده‌ ده‌ڵێت:”ئەو گروپانەی باسمانکرد زیاتر لە 22 جار هێرشیانکردوەتەسەر ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاو چەکی قورسیان بەکارهێناوە، ئەمە جگە لەهێرشی زەمینی‌و هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لەڕوباری فورات بۆ هێرشکردنەسەر بنکەی هێزەکانمان لەدێرەزۆر، ئەو هێرشانەش بونەتە هۆی برینداربونی زیاتر لە 11 هاوڵاتی مەدەنی‌و زیانێکی بەرچاو بەناوچەکانی دانیشتوانی مەدەنی”.

هۆشداریده‌دات‌و ده‌ڵێت:”ئەم هێرشانە پێچەوانەی ڕۆحی ئەو ڕێکكەوتنەن کە لەنێوان ئەحمەد شەرع‌و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانمان ئەنجامدراوە، بەتایبەتی کە جەوهەری ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای ئاگربەستێکی تەواوو پاراستنی خەڵکی مەدەنی‌و بەهێزكردنی چانسی چارەسەری سیاسییە”.

ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌، “بەدرێژایی ماوەی ڕابردوو دانمان بەخۆمانداگرتوەو سەرەڕای هێرشەكان، ویستومانە ئارامی بپارێزین، لەبەرئەوەی باوەڕمان وایە سەقامگیریی سوریا پێویستی بەهاوبەشیی ڕاستەقینەو بەرپرسیارێتی هاوبەش هەیە لەلایەن هەمولایەنەکانەوە”.

باسى له‌وه‌شكردوه‌، “لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامی ئەم هێرشانە متمانەی یەکتر دەخاتە مەترسییەوە، لێکتێگەیشتنەکان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەو عەقڵیەتی جەنگی زیندوو دەکاتەوە، ئەمەش لەسەردەمێکدا کە سوریا زۆر پێویستی بەدیالۆگ هەیەو حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتی تەواوی لەئەستۆ دەگرێت”.

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ هه‌سه‌ده‌ سێ داواکارى دەداتە تورکیاو سوریا و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى به‌مشێوه‌یه‌:

1-  داواکارین حکومەتی دیمەشق‌و گروپەكانی سەر بەحكومەت هەروەها گروپەكانی سەر بەتورکیا دەستبەجێ هەموو پێشێلکارییەک ڕابگرن‌و پابەندی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەبن.

2-  داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، چاودێریی ئەم پێشێلکاریانە بکەن‌و کار بۆ دڵنیابون لەڕێزگرتن لەڕێککەوتنە واژۆکراوەکان بکەن.

3-  دەست بۆ دیالۆگ‌و هاوکاریی درێژدەكەین بۆ سوریایەکی سەلامەت‌و سەقامگیر، بەڵام لەهەمانکاتدا ئامادەین هەر ڕێوشوێنێک پێویست بێت بۆ بەرگریکردن لەماف‌و ئاسایشی گەلەکەمان بیگرینەبەر.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

پەیامێک لەترەمپەوە بۆ بارزانی

دۆناڵد ترەمپ نامەیەک بۆ نێچیرڤان بارزانی دەنێرێت و سوپاسى ده‌كات بۆ پشتگيريى له‌ هه‌وڵه‌كانى له‌پێناو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *