دروزەکانی پارێزگای سوەیدا ئیدارەیەکی خۆسەریان بەناوی (هەرێمی جەبەل ئەلعرەب) دامەزراند و دەڵێن، ئەمە هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ گەڕاندنەوەی بڕیار لەژێر دەستی ئەو کەسانەی خاک و کەرامەتی مرۆڤیان فرۆشت.
دروزەکانی پارێزگای سوەیدا لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد،” بەردەوام دەستی ئاشتیمان درێژکردوە و ویستومانە نێشتیمانێک دروست بکەین کە شوێنی هەموانی تێدا ببێتەوە، بەڵام دەسەڵاتی تەکفیری هیچ شتێک جگە لە ستەم نازانێت، بۆیە ستەمی لێکردین و دەستدرێژی کردە سەر خاک و خەڵکەکەمان، ئەوەش لەپێناو چۆکدانان بەم شاخە کە هیچکات خۆی نەچەماندوە “.
لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە،” لێرەدا دامەزراندنی ئیدارەیەکی خۆسەر ڕادەگەیەنین، کە نوێنەرایەتی ڕۆلەکانی سوەیدا دەکات و گوزارشت لە ئیرادەی گەل دەکات و باوەڕی بە حوکمی مەدەنی و فرەیی و مافی مرۆڤ هەیە “.
دروزەکان پەیامێک ئاڕاستەی لایەنەکانی سوریا دەکەن و دەڵێن،” پڕۆژەکەمان جیابونەوە نییە، بەڵکو گەڕانەوەی بڕیار و زامنکردنی کەرامەتی مرۆڤەکان و بونیادنانی دەسەڵاتێکی نمونەیی دادپەروەرە لە سەردەمێکی خراپدا، هەروەها دەست بۆ هەموو ئەو لایەنانە درێژ دەکەین کە باوەڕیان بە سوریایی فرەیی ئازاد هەیە و دوپاتیدەکەینەوە چەکەکەمان بەڕوی هەموو دەستدرێژیکارێک بەرز دەکەینەوە “.
قەندیل پرێس