بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
ماڵپەڕەکە دەڵێت، رەنگە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش لە کۆبوونەوەکەی هەولێر ئامادەبێت و نەخشەڕێگای سیاسی رۆژئاوای کوردستان و سووریا تاوتوێبکرێت.
بە گوێرەی ماڵپەڕەکە، چاوەڕوانیشدەکرێت رێڕەوی ململانێکانی سووریا و سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لە تەوەرە گرنگەکانی گفتوگۆکان بن.
ماڵپەڕەکە، ئاماژە بە ئەگەری بەشداربوونی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریا دیموکرات لە کۆبوونەوەکەدا دەکات، ئەوەش بۆ تاوتوێکردنی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی ئەمریکا و هەسەدە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، ئەوەش خراوەتەڕوو واشنتن بە گرنگییەوە لە بەشداریی هێزە هاوپەیمانەکانیان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەڕوانێت.
ئەگەر سەردانەکە بکرێت، دەبێتە یەکەم سەردانی فەرمیی تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا بۆ هەرێمی کوردستان.
قەندیل پرێس