هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هیوادەخوازێت سەرکردایەتیی یەکێتیی هاوشێوەی پارتی خۆی لە پەکەکە دووربخاتەوە و دەشڵێت، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ هەولێر و بەرپرسانی ئەو سنوورە هەیە.
لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی یو تیڤی عێراقی، هاکان فیدان لەبارەی ژمارەیەک پرسەوە دواوە و وەڵامی چەندین پرسیاری داوەتەوە.
لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکەدا لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، فیدان وەسفی پەیوەندیی نێوان خۆیان و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و دەڵێت: “ئێمە لەگەڵ هەولێردا پەیوەندیمان هەیە و بەڕێز مەسعود بارزانی لە هەوڵدایە چەندێک لە توانایدا بێت چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە و بۆ کێشەکانی عێراقیش بدۆزێتەوە، ئێمە چەندینجار ئەمەمان بینیوە لێی، چ لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چ لە پرسەکانی پەیوەست بە وزە، دەبینین هەوڵی جددییان هەیە”.
فیدان وەسفی نێچیرڤان بارزانیش دەکات و دەڵێت، ” پێموایە هەموو ناوچەکە دەزانن نێچیرڤان بارزانی چەند مرۆڤێکی بنیادنەر و رۆڵگێڕە”، لەبارەی مەسرور بارزانیشەوە دەڵێت: “وەکو سەرۆکوەزیران لە خەمی ئەوەدایە چۆن کێشەکانی سەرخان و ژێرخانی هەرێمەکە چارەسەربکات”.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی هەولێرەوە دەڵێت، “هەمووان سەرقاڵی خزمەتکردنی دانیشتووانی ناوچەکەن و ئەوە مایەی دڵخۆشیی ئێمەیە کە هیچ کەسێک دوژمنایەتیی یەکتری ناکەن و لە هەوڵی خزمەتکردندان”.
هاکان فیدان کاتێک دێتە سەر باسی سلێمانی، دەڵێت: “ناتیوانن هەمان ئەو شتەی لەبارەی هەولێر دەیڵێین سەبارەت بە سلێمانی بیڵێین” و دەشڵێت: “هیوادارین دۆستەکانمان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، هاوشێوەی هەولێر خۆیان لە رێکخراوی تیرۆریستی دابماڵن و تەنیا بە چاکەی دانیشتووانی ناوچەکەیانەوە سەرقاڵ بن”.
قەندیل پرێس