” رێككەوتنەكە لە (14) خاڵ پێكهاتووە”
ئەنجومەنی گەڕەکەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەڵەب، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق رێککەوتنێكی 14 خاڵیان واژوكرد، بۆ پتەكردنی پێکەوەژیانی هاوبەش و پاراستنی دانیشتوان و، رێگریکردن لە دیاردەی چەکداری و رێکخستنی ئاسایشی ناوخۆ.
رێککەوتنە لە چوارچێوەی هاوکاری نێوان ئەنجومەنی مەدەنی گەڕەکەكان و ئەو لیژنەیەدا دێت كە لەلایەن سەرۆکی سوریاوە راسپێردراوە، بە ئامانجی جێبەجێکردنی رێککەوتنەكەیان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات.
دەقی ڕێککەوتنی نێوان ئەنجومەنی مەدەنی گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود و ئەو لیژنەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە راسپێردراوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات:
لەسەر بنەمای خواستی بەرەوپێشبردنی پێکەوەژیان و پاراستنی ئاشتی مەدەنی و گەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕشی سوریا بە ئازادی و شكۆو، لەسەر بنەمای باوەڕەبون بەوەی کۆدەنگی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی سوریا، باشترین رێگایە بۆ روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا، بەم شێوەیە رێککەوتن کرا:
1- گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کە زۆرینەی دانیشتوانی کوردن، گەڕەکی شاری حەلەبن و لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە شاری حەلەبن، پاراستن و رێزگرتن لە تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و کلتوری دانیشتوانی ئەم دوو گەڕەکە بۆ پێشخستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە زۆر گرنگە.
2- بڕگەکانی ئەم رێککەوتنە کاتییە جێبەجێ دەکرێن، تا ئەوکاتەی لیژنە ناوەندییە هاوبەشەکان لەسەر چارەسەری هەمیشەیی رێکدەکەون.
3- وەزارەتی ناوخۆ بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرپرسیارە لە پاراستنی دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە و، رێگریکردن لە هەر جۆرە دوژمنكاری و هەراسانکردنێک بەرامبەریان.
4- بۆ پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و سەلامەتی خەڵکی سڤیل، دیاردەی چەکداری لەو دوو گەڕەکە قەدەغەیە، چەک تەنها بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەبێت لە هەردوو گەڕەکەکەدا.
5- بەربەستە خۆڵییەكان لەسەر رێگا گشتیەکان لادەبرێن، تەنها بەربەستە سەرەکییەکان دەمێننەوە، لەژێر چاودێری ئاسایشی ناوخۆی وەزارەتی ناوخۆ، تا ئاسایش و سەقامگیری بەتەواوی لە هەردوو گەڕەکەکەدا فەراهەم دەبێت.
6- هێزە سەربازییەکان بە چەکەکانیانەوە لە دوو گەڕەکەکەوە دەکشێنەوە بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات.
7- لە هەر یەک لە گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دوو ناوەندی ئاسایشی ناوخۆ رێکدەخرێن.
8- ئازادی هاتوچۆ بۆ دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە مسۆگەر دەكرێت، هیچ كەسێك دەستگیرناكرێت ئەگەر پێش رێككەوتنەكەش داواكراو بوبێت، دەستی لە ڕشتنی خوێنی سوریەکاندا نەبێت.
9- لیژنەیەکی هەماهەنگی پێکدەهێنرێت بۆ ئاسانکاری هاتوچۆ لە نێوان شاری حەلەب و ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.
10- لیژنە لە هەردوو گەڕەکەکە پێکدەهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
11- دامەزراوە مەدەنییەکانی ئەو دوو گەڕەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە مەدەنییەکانی دیکە کاردەکەن، خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەن بەبێ جیاكارى لە گەڕەکەکانی تری حەلەب لە رێگەی دوو لقی شارەوانییەکانەوە، کە دەکەونە ئەو دوو گەڕەکە.
12- پاککردنەوەی زیندانەکان لەلایەن هەردوو لاوە لە پارێزگای حەلەب و، ئاڵوگۆڕکردنی هەموو ئەو زیندانیانەی دوای ئازادكردنی سوریا بە دیل گیراون.
13- گەڕەکەکان مافی نوێنەرایەتی تەواو و دادپەروەرانەیان پێدەدرێت لە ئەنجومەنی پارێزگای حەلەب، هەروەها لە ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی و سەرجەم بوارەکانی تر، بەپێی یاساکانی حوکمڕانی.
14- پاراستنی دامەزراوە خزمەتگوزاری و کارگێڕی و پەروەردەیی و شارەوانییەکان و ئەنجومەنە ناوخۆییەکانی ئێستا لە هەردوو گەڕەکەکەدا، تا ئەو کاتەی لیژنە ناوەندییە هاوبەشەکان لەسەر چارەسەرێکی بەردەوام رێکدەکەون.
قەندیل پرێس