بارەگای بارزانی دەڵێت، مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە شاندی ئیمراڵی بە سەرۆكایەتیی خاتوو پەروین بولدان و سڕی سورەیا ئوندەر كرد و شاندەکە نێوەڕۆكی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان بە بارزانی گەیاند.
دەقی راگەیێندراوەکە:
رۆژی یەكشەممە 16ی شوباتی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی ئیمراڵی بە سەرۆكایەتیی خاتوو پەروین بولدان و بەڕێز سری سورەیا ئوندەر كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان بیروبۆچوونی خۆیان لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی دیدارەكانیان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ بارزانی خستەڕوو. هەروەها شاندی ئیمرالی لەو دیدارەدا ناوەڕۆكی پەیامی بەڕێز (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ـیشیان بە مەسعود بارزانی گەیاند.
هەر لەو دیدارەدا بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لە بایەخی پڕۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە هەموو لایەك هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پڕۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام. بارزانی ئامادەیی تەواوی خۆشی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی ڕاگەیاند.
قەندیل پرێس