ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا، ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕووداوێکی هێرشکردنە سەر هێڵی کەشتیوانی لە دەریای عومان و نزیک گەرووی هورمز بڵاو كردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا، هێرشەکە لە دووریی ٩ میلی دەریایی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی ئەشیشە لە کەناراوەکانی عومان لە نزیک گەرووی هورمز ڕوویداوە.
ئاماژەشی بەوە كردووە، کاپتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە ڕایگەیاندووە، کەشتییەکە بە کەرەستەیەکی نەناسراو پێکراوە، کە زیانی ڕاستەوخۆی بە ژووری بزوێنەرەکان گەیاندووە و جووڵەی كەشتییەكەی پەكخستووە.
دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا باسی لەوەش کردووە، سەرجەم دەستەی کەشتیوانان و کارمەندانی سەر کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە. هاوکات دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە چۆنییەتیی ڕووداوەکە و تا ئێستا ئاستی زیانە ژینگەییەکانی پەیوەست بە ڕژانی نەوت نەزانراوە.
قەندیل پرێس