وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەستپێکردنی گشتگیرترین هەڵمەتی دارایی و سزای ئابووریی لە مێژوودا بە ناوی “ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری” (Operation Economic Outcast) دژ
بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وردەکاریی ستراتیژیی نوێی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی بۆ گەمارۆدانی تەواوەتیی ئێران و بڕینی سەرجەم سەرچاوە دارایییەکانی سوپای پاسداران خستە ڕوو.
سکۆت بێسێنت ڕایگەیاند، ئێستا کاتی ئەوەیە سەرکردەکانی جیهان بڕیار لە نێوان پێشکەوتن یان گۆشەگیری، ئاشتی یان شەڕانگێزی، لە نێوان ئەمریکا یان ئێراندا بدەن.
ترەمپ دەستی بە پەیوەندیی تەلەفۆنیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان کردووە و داوایان لێدەکات کە تەواوی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی ئێران ڕابگرن. ئەم هەڵمەتەی ئەمڕۆ دەستمان پێکردووە، ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر و فراوانتر دەبێت.”
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی دا، دەمانەوێت بە ڕوونی ڕایبگەیەنین کە هیچ لایەن و بانکێک لە سەرووی دەستی سزاکانی ئەمریکاوە نییە. هەر دامەزراوەیەکی دارایی یان بانکێک لەوانەش بانکەکانی چین ئاسانکاری بۆ مامەڵە دارایییەکان بکات و بەشێک بێت لەو سیستەمەی نەوتی ئێران دەگۆڕێت بۆ پارە، بە توندی دەکرێتە ئامانج.
گوتیشی: دەبێت سەرجەم لقەکانی بانکی میللی لە سەرتاسەری جیهاندا دابخرێن، هەر قەوارەیەک هاوکاریی سپیکردنەوەی پارە بۆ ئێران بکات، بە یەکجاری لە سیستەمی دۆلاری ئەمریکی دەردەکرێت.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەی ترەمپ چیتر تەنیا مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران ناکات، بەڵکوو بە تەواوەتی لە ڕێگەی، بڕینی تەواوی سەرچاوەکانی داهات، جێبەجێکردنی سیاسەتی “سفر دزەکردن”، تاوەکوو هیچ دەرفەتێکی هەناسەدان بۆ تاران نەمێنێتەوە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی سوپای پاسداران کۆتایی پێدەهێنێت.
بێسێنت ڕایگەیاند ئێران لەبەردەم دوو ڕێگادایە؛ یان گۆشەگیریی تەواوەتیی جیهانی و ئابوورییەکی داڕماو، یاخود گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی لە ڕێگەی دەستبەرداربوون لە هەڕەشەکان و پەیوەستبوونەوە بە ئابووریی جیهان.
قەندیل پرێس