به‌په‌له

دکتۆر کرمانج گوندی: حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێران خۆیان بوونە هۆکاری دۆخی ئەمڕۆیان، چونکە بێ‌ستراتیژ قەندیلیان بەجێهێشت

قەندیل پرێس- وتووێژ

لە قۆناغێکی پڕ لە گۆڕانکاری و گرژیی ناوچەییدا، لە قۆناغێکی هەستیاری مێژووی سیاسیدا کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی قەیرانی ستراتیژی و گۆشەگیریی سیاسییەوە لەبەردەم هەڕەشەی مان و نەماندان، دۆخی سیاسیی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر پرسی کورد و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو لە ئاڵۆزییە. لە کاتێکدا هەموو چاوەکان لەسەر سیناریۆکانی جەنگ و ئاگربەستن، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات چۆن دەتوانن لەم دۆخە ناسکەدا پێگەی خۆیان بپارێزن و چیتر نەبنە قوربانیی ڕێککەوتنی هەرێمی؟ دکتۆر کرمانج گوندی، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ویلایەتی تێنسی ئەمریکا، لەم وتووێژە تایبەتەدا بە وردی تیشک دەخاتە سەر ئەو پرسانە و بەتایبەتی ئەو هەڵە ستراتیژییانەی کە وایان کردووە حیزبەکان نەک تەنها لە داهاتوویان، بەڵکو لە ئێستای خۆشیان دڵنیا نەبن.

قەندیل پرێس: بەڕێز دکتۆر کرمانج، لە کاتێکدا هەندێک پێیان وایە ئاگربەستی دوای شەڕی چل ڕۆژە تەنها نەفەسێکی بۆ ڕژێم گەڕاندووەتەوە، هەندێکیش پێیان وایە ئەمە ڕێککەوتنێکی لەرزۆکە و ڕژێم لە دۆخی لاوازیدایە. لە دیدگای ئێوەوە، ئایا واشنتۆن بەم ئاگربەستە تەمەنی مانەوەی ڕژێمی درێژ کردووەتەوە، یان ڕژێم توانای ئەوەی نەماوە وەک جاران ژێرخانە سەربازی و ئابوورییەکانی خۆی نوێژەن بکاتەوە؟

دکتۆر کرمانج گوندی: هۆکارەکانی ئاگربەست بە مانای گەوهەرییەکەی هەرگیز لە بووندا نەبووە. ئەمریکا بە بێ پلان و بۆ خواستی ئیسرائیل ئەو جەنگەی لەگەڵ ئێراندا دەست پێکرد، جەنگێک کە توانایی سەرۆکەکانی ئەمریکای پێش تڕەمپ، هەر لە بۆشی باوک بگرە هەتا دەگاتە ئۆباما و خواستی ئیسرائیلیان ڕەت کردبوو کە هێرش بکەنە سەر ئێران. هەڵبەت لە جەنگێکی سەربازیی ئاوها کە تێیدا هێزەکانی هەوایی، دەریایی و مووشەکی بالیستیکی تێدا بەکار بهێنرێت، ئەو جۆرە جەنگانە کار دەکەن لەسەر توانایی ئابووری، هاوکاریش دەکەن لەسەر لایەنە مرۆییەکان و لاوازیی شێوازی ئابووری-کۆمەڵایەتی دروست دەکەن لە ناو هەر یەک لە وڵاتاندا، کە کار دەکاتە سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. ئەو جەنگە لە ئەمریکا پشتگیری نییە، ئەوە نیشان دەدات لە سەدا ٧٨ زیاتر لە خەڵکی ئەمریکا دژی ئەو جەنگەیە. بە گشتی باوەڕیان وایە کە ئەو جەنگە بە خواستی ترەمپ هەڵگیرسا. جەنگێکی ناپێویست بوو، جەنگێک کە بە هیچ جۆرێک شەرعییەتی نەبوو، نییە، ناشبێت. بە هەڵسەنگاندنی ئەو هەموو گرفتەی بۆ ئەمریکا و خەڵکی ئەمریکا لە ناوەوە و لە دەرەوە دروستی کردووە، باوەڕیان وایە ئێران ئەو مەترسییە کاریگەرییەی نەبوو لەسەر ئەمریکا کە پێویست بە جەنگێکی ئاوها بکات. لە چەند مانگی ڕابردووش ئەمریکا زیاتر لە ٣٠ جار سەرکەوتنی خۆی بەسەر ئێران ڕاگەیاندووە، بەڵام دەبینین لە ئەنجامی درێژبوونەوەی جەنگەکان و ناسەقامگیری، ئەوەی کە پێی دەڵێن ئاگربەست شتێکی ئاوهای نەبووە، چونکە لە مەودای درێژبوونەوەی ئەو جەنگەدا، وەڵامەکانی ئێران لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل جۆرێکی دیکە قسەی لە داستانەکە کردووە. ئێران هەتا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی لە خۆی نیشان نەداوە کە لەبەر هەبوونی توانای خۆ ڕاگرتن لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل، کەمیان هێنابێت. پێم وایە ستراتیژی ئێران بۆ پاراستنی توانای ڕووبەڕووبوونەوەی خۆیان لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل بە جۆرێک بێ پلان نییە. پلانیان بۆی هەیە و بە پێوەرێکی وشیارانە کارەکەی خۆیان دەکەن، بە هەمان ئەندازەش لە پڕۆپاگەندەی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە؛ بەتایبەتی لە بۆنەی خاکسپاریی ئایەتوڵڵا خامەنەیی کە ئەمریکا و بەتایبەتی تڕەمپی سەرسام کرد بەوەی کە دەیان ملیۆن خەڵک لە ئێران بەشدارییان کرد لە ماتەمینی ڕێبەرەکەیان. بە هەمان ئەندازەش لەو بۆنەیەدا خەڵکەکە بەشێکی زۆریان دروشمیان لە دژی ئەمریکا بەرز کردبووەوە، کە لافیتەیان لێی دابوو “ئێمە تۆ دەکوژین”، کە ئەو بوو تڕەمپ لێی بە دەنگ هات و تەنانەت وای کرد فڕۆکەکەی خۆشی بگۆڕێت، ئەو فڕۆکەیەی کە قەتەر پێیدا بوو، بگەڕێتەوە “ئێر فۆرس وەن” کە تایبەتە بە سەرۆکایەتی و بەکاری بێنێتەوە جارێکی دیکە. بە جۆرێکی دیکەش لەو مەراسیمی خاکسپارییەدا، بە بەشداریی نوێنەری ئەو هەموو وڵاتانەی کە بەشدارییان کرد، ئەوەش بۆ خۆیان ئاماژەیە کە ئێران لەسەر ئاستی جیهانی دابڕاو نییە، خەڵک پشتگیری لێ دەکات، ئێران لەسەر ئاستی جیهانی تا ئێستا لە پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی بەرقەرارە و پشتگیریی خۆی هەیە.

قەندیل پرێس: ئەزموونی ئەم شەڕەی دوایی سەلماندی کە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی زیاتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونیان هەیە و ڕزگارکەرێک بەناوی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نییە. ئایا پێویست ناکات حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەبری چاوەڕوانی لە ناوەندگەرایانی سووتاو و هێزی دەرەکی، ستراتیژی خۆیان بگۆڕن بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیی نەتەوە بندەستەکان وەک نەتەوەکانی کورد، بەلوچ و عەرەب وەک بەدیلێکی واقیعی؟

دکتۆر کرمانج گوندی: ئۆپۆزیسیۆنی ئێران ئەو ئۆپۆزیسیۆنە گەورەیە کە پێگەی لەناو بەشێکی فراوانی میللەتی ئێراندا هەبێت، هەرگیز بوونی نەبووە. لەبارەی ڕێککەوتن و لەرزۆکی ڕێککەوتنەکە، ڕێککەوتن بە مانای فەرمی و چەمکە مەرسومییەکەی هەرگیز بوونی نەبووە. ئەوەی لەنێوان ئەمریکا و ئێران دروست بوو، دارشتن یان یاداشتنا‌مەی لێک تێگەیشتن بوو، کە لە ئەنجامی چەند خواستێک بوو، هەر یەک لە ئێران و ئەمریکا وەک خاڵگەلێک کۆمەڵێک خواستی خۆیان لە یاداشتنا‌مەی لێک تێگەیشتنەکەدا جێکردەوە، کە لەسەری ڕێککەون و لە ئایندە دانوستاندنی لەسەر بکەن. ئەوە ئەوەمان پێ دەڵێت کە هێشتا ئەمریکا و ئێران نەگەیشتوونەتە قۆناغی دانوستاندن، چ بگاتە ئەوەی قسە لەسەر ڕێککەوتن بکەن. لێرەدا ناتێگەیشتنێکی زۆر لەبارەی ئەو یاداشتنا‌مە و حەقیقەت و چوارچێوەی دانوستاندن هەیە. لە سروشتی یاداشتنا‌مەی لێک تێگەیشتنیشدا، هەر یەک لەو وڵاتانە دەتوانن یەک لایەنە شتەکان هەڵوەشێننەوە، شتێک نییە کە گەرەنتی ئەوەی هەبێت هیچ یەک لە لایەنەکان لە یاداشتنا‌مەکە دوور نەکەونەوە. لەبەر ئەوە ناکرێ زۆر لەسەر ئەو یاداشتنا‌مەیە پێداگری بکرێت وەک ڕێککەوتن قسەی لەسەر بکرێت. پاشان ئەگەر لەبیرمان بێت دوای کوشتنی ڕەوانشاد ژینا ئەمینی لەلایەن ڕێژیمی خوێناوی مەلاکانی تاران، ناڕەزایەتییەکی توند لە کوردستانی بندەستی ئێران دەستی پێکرد و زۆری نەخایەند لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران ڕەنگی دایەوە. بەڵام ناڕەزایەتییەکە لەبەر ئەوەی ڕێبەرایەتی نەبوو کە زەمینەی بزووتنەوە بۆ ئەو سەرهەڵدانە دروست بکات لە چوارچێوەی بەشە جیاوازەکانی ئێران و گەلانی ئێران بەکاری بێنێت، ئەو ناڕەزایەتییە دەکرێ پێی بڵێین سەرهەڵدان. سەرهەڵدانیش دیسان بە مانای بزووتنەوە نییە، چونکە شتێکە سەرهەڵدەدات بەڵام لە ڕەهەندی هەبوونی پلانی ستراتیژییەوە، مخابن لەبەر نەبوونی ڕێبەرایەتی ئەو کارە نەکرا. ئەگەرچی سەرهەڵدانەکە سەرتاسەری ئێرانی گرتبووەوە، بەڵام وەک ئاماژەم پێ کرد لەبەر نەبوونی بەرنامە و ئارمانجی ستراتیژی نەیتوانی بچێتە قۆناغی بزووتنەوە. بەتایبەتی کە کوڕی شا کەوتە ناو ئەو ڕووداوە و لەبەر هەڵسوکەوتی نالایقی ئەوەی هەیبوو، بووە هۆی ئەوەی کە ئەو هاوبەستە توندەی لەنێوان گەلانی ئێران کە هەبوو نەمێنێت، لایەنگرانی ئەوان کەوتنە پڕۆپاگەندەیەکی ناشیاو، هەوڵیاندا بۆ سەلی ژینا ئەمینیش چاویان هەڵنەدەهات کوردە بەناوی ژینا ناوی ببن، هەموو دەمیان بردە بەر “مەحسا” و دەیانویست قەزییەکە لە کوردستان بگوازنەوە بۆ تاران. ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە ئەو سەرهەڵدانە ئەو چاوەڕوانییەی لێی دەکرا بە خۆیەوە نەبینێت. لە لایەکی دیکە، یاریی ئەمریکا و ئەوروپا بە سەرهەڵدانی خەڵکی ئێران و پشتگیرینەکردنیان لەلایەن ئەو وڵاتە زلانەوە، بووە هۆی ئەوەی کە ئێران بتوانێت کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکاتەوە و بە سوودی خۆی ئەو سەرهەڵدانە تێک بشکێنێت. دیسان هەر لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێران قسە بکەین؛ ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی بەشی بندەستی ئێران هەمیشە لاواز بووە. هۆکارەکەشی ئەوانیش وەک حیزبەکانی کوردستانی بندەستی عێراق، هەرگیز خەتی یەکدییان نەخوێندیتەوە. ئەوەش وای کردووە کە وەک پێویست لەناو خەڵکی کوردستانی بندەستی ئێران ئەو کاریگەرییەیان نەبێت کە پێویستە، نە لەسەر ئاستی جیهانیش توانیویانە وەک هێزێکی یەکگرتووی کوردستانی خۆیان نیشان بدەن. پاشان حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێران گەرەکە بزانن کە ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا نییە. ئێران وڵاتێکی فرەفراگێلە، لەبەر ئەوە کورد بەتەنێ بێ ستراتیژییەکی گشتگیر لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران بەتایبەت بەلووچەکان، ڕەنگە نەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر ڕێژیمی ئێران بە جۆرێک کە وایان لێ بکات گوێ لە خواستەکانی خەڵکی کوردستان بگرن. پاشان سیاسەت و سەردەم و تواناکانی وڵاتانی داگیرکەر وەک ئێران گۆڕاوە. ئەوان وڵاتگەلێکن لەسەر ئاستی جیهانی توانیویانە لەگەڵ وڵاتانی باڵادەست لە بواری پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی بەتایبەتی ئابووری لە جێگەیەکی زۆر بەهێزتر لەسەر ئاستی جیهانی خۆیان قەرار بدەن، لەو ڕەهەندە ئابوورییانەی خۆیان بخەنە پێش و لە ڕووی سەربازییەوە بە چەکی مۆدێرن ساز و بەرگ بن. لەو وەختەدا کوردەکان تا ئێستا بە چەکی سووک، بە کلاشنیکۆف و قەناسە و ئەو جۆرە شتانە خۆیان دەبزوێنن.
لەبەر ئەوە، ئەمن پێم وایە بۆ حیزبەکانی بەشی کوردستانی بندەستی ئێران باشترە زیاتر سەرنج بدەنە ڕەهەندی هوشیارکردنەوەی میللەت بەو جۆرەی کە لەبەرامبەر ئێران بە سیاسەتی، بەتایبەت ئەو سیاسەتە دژوارەی ئێران هەیەتی لە مەر دابڕاندنی بەشەکانی دیکەی کوردستان.

ئێمە دەبینین کە پاش ئەوەی بەلووچستانیان، پاش ئەوەی لوڕستانییان لە کوردستاندا بڕی، توانییان وا لە بەشێکی بەرچاوی لوڕەکان بکەن کە خۆیان لە ڕیشەی کوردبوونی خۆیان جودا بکەنەوە، ئەگەرچی تا ئێستاش خەڵکانێک لە لوڕستان ڕیشەی خۆیان پاراستووە، بەڵام ئەو هەستە لەناو زۆرینەی لوڕەکان لاواز بووە. پاشان ئێستا دەبینین ئێران هەمان سیاسەت لەسەر لەکەکان و کەلهوڕەکانی کرماشان و دەوروبەری بەکار دێنن و ئێستا زەوینەسازی دەکەن بۆ دروستکردنی “ئوستانی لەکستان”، لەکستان وەک لوڕستان وەک کوردستان. ئەوەش هەرەشەیەکی زۆر گەورەیە لەسەر پاراستنی یەکێتیی دیمۆگرافیای ئەو بەشەی کوردستان. حیزبەکانی کوردستان بە جێگەی ئەو تەق و توقەی کە هەیە (ببوورە من مەبەستم ئەوە نییە بە بێڕێزی بڵێم تەق و توق، بەڵام توانای خۆیان لەگەڵ توانای ئێران هەڵسەنگێنن)، بە کردەوەش دیتتییان کە ئێران لە ڕێگەی ئەو مووشەکانەی بالیستیکەوە توانیویەتی زەرەرێکی زۆر بە حیزبەکانی بەشی بندەستی ئێران بدات. لەبەر ئەوە ئەمن پێم وایە ئەوانە دەتوانن لە دوو جەم سەری کار بکەن؛ یەکێکیان جەم سەری هوشیارکردنەوەی خەڵک، بچنە ناو پەرلەمانی ئێران، گرینگ نییە بە چ ناوێک دەچن، بە ڕای من ناو گرینگ نییە، ناوەرۆکەکە گرینگە. بە ناوەرۆکێکی ئاوا پەروەردەیان بکەن کە دەچنە پەرلەمانی ئێران بە سوودی خەڵکی کوردستان کار بکەن و دژی ئەو سیاسەتانەی ئێران بەکار دێنێت بۆ دابڕاندنی لەکستان و لەکەکان. چونکە کرماشان لە دەست بچێت، دەوروبەری کرماشان لە دەست بچێت لە ژێر ناوی “ئوستانی لەکستان”، شتێک بە کوردستانەوە نامێنێتەوە. ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە قەوارەی کوردی لەو بەشەی کوردستان بە ئەندازەیەکی زۆر بچووکتر بێتەوە. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە دۆزی کورد لەو بەشەی کوردستان گورزێکی گەورەتری پێ بکەوێت و لاوازتر بێت. لەبەر ئەوە ئەوانە با بە خەڵک پێویستیش ناکات باس بکەن، بەڵام ئەگەر سیاسەتێکی ستراتیژی و ڕوونیان هەبێت لەبەرامبەر ئەو گێڕەشوێنییە و ئەو دابڕاندنەی ئێران خەریکییەتی، کە لە ڕێگەی تیرەکانی کوردەوە کە بە ڕیشەی کوردی قوم دروست دەکات و لەبەرامبەر میللەتی خۆیان بەکاریان دێنێتەوە، ئەوە شتێکە دەبێ حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێران سەرمایەگوزاری لەسەر بکەن. ئەوان لە پێناو دۆزێکی پیرۆز کە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانە لەو بەشە، دەبێ ئەو بەڵێنەیان بە میللەت داوە، دەبێ لەسەر یارمەتیی کەسی و ڕای کەسی لەبەرامبەر یەکدی، زۆر لەسەر ئەو جۆرە شتانە بن. ئەگەر وانەکەن، لوڕستان کە هیچ، ئەوەتا وەک ئاماژەم پێ کرد زەمینەسازی بۆ دابڕانی کرماشان و ناوچەکانی دیکەش دەکرێ. لەبەر ئەوە گرینگە، نەک هەر سیاسەتی تاریکی ڕێژیمی ئێران لە مەر دابڕاندن و دروستکردنی لەکستان، بەڵکو دەبێ کار لەسەر لوڕستان و خەڵکی لوڕیش بکەن، کە لە زەمینەی ڕیشەیی خۆیان، ڕیشەی میللی خۆیان ئاگادارییان بکەنەوە. دابڕانی لوڕەکان لە میلەتی خۆیان، میلەتی کورد، پلانێکی ژەهراوی ڕێژیمی ئێرانە کە لە زمانی ڕەزا شا، بابی محەمەد شا دەستی پێ کرد. ئەوە لە وەختێک دەڵێ “لوڕ، قەومێکی جودا لە کوردە”، باشە چ ئیمتیازێک، چ سوودێکی لێرەدا داوەتە لوڕەکان کە خۆیان لە ڕیشەی میللی خۆیان دوور بکەنەوە؟ لە لایەکی دیکە حیزبەکانی کوردستان دەبێ هەڵوێستە لەسەر خۆشیان بکەن، دیراسەی مێژوویی، مێژووی کۆن و مێژووی مۆدێرنی کوردستان بکەن، کە داگیرکەران لەو ڕەهەندە چییان بەسەر میلەتی ئێمە هێناوە. ئەوە باشترین نموونەیە کە دەمێکە قسەی لەسەر دەکەین. دابڕاندنی بەشەکانی کوردستان، گۆڕینی ڕیشەی مێژوویی میلەتی کوردستانە. ئەوانە هەمووی دەسەلمێنن کە یەک ڕیشەیان هەیە. بابەتی فێربوونی مێژوو زۆر زۆر گرینگە، چونکە هۆکاری سەرەکی ئەوەی زۆر بەشێک لەو خەڵکانەی لەو تاکانەی کوردستان کە خۆیان بە ئێرانی، یان تورک، یان عەرەب، یان سووری، یان عێراقی دەناسن، ئەوەیە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی فەرهەنگی سەپێندراوی ئەو وڵاتانە بەسەر فەرهەنگ و مێژوویی میلەتی ئێمەدا. هۆکاری ئەوەی خەڵکانی خۆیان بە خەڵکی ئەو وڵاتانە دەزانن و خۆیان دوور لە ڕیشەی نەتەوەیی خۆیان دەگرن، نەبوونی زانیاریی مێژوویی خۆیانە. ئەگەر بزانن مێژوویان چەندە شکۆدارە، بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی میدییەکان کە جێپەنجەیان لەسەر فەرهەنگی جیهانی وادیارە، باوەڕ ناکەم ئەو تاکانە خۆیان بە خەڵکی ئەو وڵاتانە ناوزەد بکەن. لەبەر ئەوە ئەرکی ئەخلاقی و مێژوویی ئەو حیزبانەیە بە گشتی لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە، بەتایبەتی ئەو بەشەی کوردستانی بندەستی ئێرانە.
چونکە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی هەبوونی یەکچوونی ڕیشەیی کورد و فارس، تا ئەندازەیەکی تێکەڵاوی وشەکانی زمانی کوردی و فارسی، توانیویانە کوردەکان زیاتر بەلای ئێرانییدا ڕابکێشن. باشترین نموونەش مەبەستمە بە بیر خەڵکی کوردستانی بەشی بندەستی ئێران بهێنرێتەوە: یەکەم پاشای ئێران، کوورش نەبوو، دیاکۆ بوو. فارسەکان هاتوونەتە سەر سوفڕەی حازر، پاش ئەوەی ئێمەی مید ئێرانمان دروست کرد. ئێستا تەماشای نەخشی میدیا بکە و تەماشای ئەو ئێرانەی ئێستا بکە، دەگەیتە نیوەندی ئیمپراتۆریەتی میدی. ئەوە ئەو حەقیقەتە دەگەیەنێت کە دیسان ئەو ئێرانییەی کە ئێستا هەیە، بەو سنوورە سیاسییەی کە هەیە، کورد خاوەنییەتی و بەشێکە لە ئیمپراتۆریەتی میدی. لەبەر ئەوە بۆ کوردانی ئەو بەشە، هەرگیز خۆیان لەبەرامبەر فارس کەمتر نەبینن، هەمیشە بە سەربەرزی خۆیان لە باڵاترین مرۆڤی پان-ئێرانیی ئێران، باڵاتر ببینن.

قەندیل پرێس: دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئێران دەیەوێت هەمان ئەو پلانەی بەرامبەر موجاهیدینی خەڵق لە کەمپی ئەشرەف جێبەجێی کرد، لە باشووری کوردستان بەرامبەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەنجامی بدات. وەک شارەزایەک، بە ڕای ئێوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات چۆن دەتوانن لەم قۆناغە دژوارەدا، بەبێ ئەوەی ببنە قوربانیی ڕێککەوتنی هەرێمی، مان و پێگەی خۆیان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتدا بپارێزن؟

دکتۆر کرمانج گوندی: سەرەتا با بگەڕینەوە بزانین چۆن حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێران کەوتنە دۆخێکی ئاوها کە مامەڵەیان پێ بکرێت و سازشیان لەسەر بکرێت؟ کێ وای کرد کە ئەوانە ئاوا لە دۆخێکی ناسک و بێهێز خۆیان ببیننەوە؟ هۆکاری ئەوەی کە حیزبەکانی بەشی بندەستی ئێران کەوتوونەتە دۆخێکی ئاوها، ئەوە بوو کە گەورەترین هەڵەی ستراتیژییان کرد ئەوە بوو کە لە سەرەتای نەوەدەکان، دوای ڕاپەڕین، قەندیلیان بەجێهێشت. بەوەی کە “ئێمە لەبۆ پاراستنی ئەو قەوارەیەی کە دروست بووە لە بەشی بندەستی عێراق، ئامادەیین واز لە خەباتی چەکداری بێنین”. وازیان لە خەباتی چەکداری هێنا، بەڵام ئایا خۆیان نەیاندەتوانی پێگەی خۆیان لە قەندیل بپارێزن؟ شەڕی چەکداریش ڕابگرن تا ئەو کاتەی پێویست دەبێت. بۆچی خۆیان خزاندە ژێر دەسەڵاتی “زۆنی زەرد” و “زۆنی سەوز”؟ لە وەتەی ئەو کادیرانەی ئەو حیزبانە بڕیاریاندا لە قەندیل بێنە خوارێ، بە سەدان کادیریان لەو شارانەی کوردستان، بەتایبەتی لە زۆنی سەوز، تیرۆر کراوە. مەبەستم دەسەڵاتی کوردی بە هەردووکی سەوز و زەردە، کە تەواو سەربەخۆیی خۆیان لە بەرامبەر تورکیا و ئێران لە دەست داوە. تورکیا بە هەمان شێوە خەباتگێرانی کوردی لە هەولێر و سلێمانی تیرۆر کردووە. ئێران بە هەمان شێوە یەک-دوو هەفتە لەوە پێش، کادیرێکی حیزبی دێموکراتی لە هەولێر لە هۆتێل تیرۆر کرد، پێشتریش ئەو کارانەیان کردووە. ئەوانە کارەساتی گەورەن، حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێران خۆیان بوونە هۆکار، چونکە بێ ستراتیژ لە ڕووی سۆزەوە قەندیلیان بەجێهێشت و هاتنە خوار و بوونە مووچەخۆریی سلێمانی و هەولێر. ئەوە هۆکاری سەرەکی بووە کە بە داخەوە مرۆڤ جەرگی دەسووتێت کە دەبینێت لە دۆخێکی ئاوها قەراریان گرتووە. بەڵام ئەوە حەقیقەتێکە کە خۆیان دەستیان هەبووە لە داهێنانی ئەو دۆخە. بە هەر حاڵ، ئێران هەمیشە هەوڵی داوە هەمان ڕەفتار لەگەڵ حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێران بکات کە لەگەڵ موجاهیدینی خەڵق کردوویەتی، دیتمان لە ڕابردوویەکی نەچەندان دوور زۆر هەوڵی داوە لەگەڵ ڕژێمی عێراقی بە ئاسایشی و پاراستنی سنوورەکانیان، گوشاریان هێناوە بۆ سەر دەسەڵاتی کوردی کە ئەوانە بخەنە کامپ بە هەمان شێوەی لەگەڵ موجاهیدین کرا. کە تا ئەندازەیەک توانیان ئەو دۆخە بۆ حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێران دروست بکەن. هەتا ئێستا نەیتوانیوە وەکو موجاهیدین ڕەفتاریان لەگەڵ بکەن، لەبەر ئەوەی کوردەکان دەتوانن بە هەر جۆرێک بێت لە ناو چیاکانی کوردستان خۆیان بپارێزن و لە ڕووی پەیوەندیشەوە لەگەڵ بەشی ناوەوەی کوردستانی بندەستی ئێران، بتوانن جۆرە هەماهەنگییەک دروست بکەن. بەڵام تا ئەندازەیەک کەوتوونەتە ژێر کارەگەرێتی و دەسەڵاتی ئێران. دۆخەکە ئەوان دەبینن. ئەمن پێم وایە ڕێگەچارەش هەیە بۆ ئەو بابەتە. ڕێگەچارەکەش بە پرسیارێک دەست پێ بکەین: ئەگەر ئەوان بۆ خۆ ڕزگارکردنیان لەو دۆخەی تێی کەوتوون، سازش لەگەڵ قەندیل بکەن باشترە، یان ئاوا بێ پەناگە و بێ پشتیوان لە ژێر فەرمانی سلێمانی و هەولێردا بن؟ مەبەستم لە ژێر فەرمان، چونکە ئەو دوو دەسەڵاتە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان هەر شتێکیان ویستبێت کردوویانە، ئەوەتا بزانن چییان بەسەر ئەو میللەتە هێناوە لەو بەشەی بندەستی عێراق. ئەوانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و پاراستنی پەیوەندییان لەگەڵ ئێران و تورکیا، ئەوەتا سەلماندوویانە بە کردەوە کە ئاسایشی ئەو خەڵکە کە لە بەشێکی وڵاتەکەیان هاتوونەتە بەشێکی دیکە نەیانپاراستووە. نەخێر، هەوڵیان نەداوە و نەیانکردووە.
یەک جاریش بۆ ئەگەر بۆ ڕووی مەجلیسیش بووبێت، ئەوانە نە لە بەرامبەر ئێران دەنگیان بەرز کردووەتەوە، نە لە بەرامبەر تورکیا. جا بۆ ئەو مەبەستە، ئەوانە لەگەڵ قەندیل ڕێک بکەون باشترە و بە سوودیانە، یان بە جۆرێکی ئاوا وەک ئاماژەم پێ کرد بێ پەنا و بێ پشتیوان لە بەشی بندەستی عێراق بمێننەوە؟ کە ئێستاکە نەک هەر لە ئایندەی خۆیان، بەڵکو لە ئێستای خۆشیان دڵنیا نین.

ئایا پێویست ناکات ئەو دۆخە وایان لێ بکات کە بە جۆرێکی جدی‌تر بیر بکەنەوە؟ با پێکەوە لەگەڵ قەندیل ڕێک بکەون. من لە ڕابردووش لەو ڕەهەندە قسەم لەگەڵ هەردوو لایان کردووە، بۆ مێژووش دەڵێم ڕێبەرانی پژاک گوتیان “بابێن، ئێستا ئێمە بنکەیان بۆ دەکەینەوە، لە هەر جێگەیەکی دەیانەوێ لە قەندیل”. کە لەگەڵ ئەوان باسم کرد گوتیان “ئەرێ، بەڵام دەبێ پێمان دەڵێن دەبێ ڕەسمێکی عەبدوڵا ئۆجەلان بە دەرگە هەڵواسن”. من لەگەڵ ئەوە نیمە شتێک فەرز بکرێتە سەر، بەتایبەتی ئەو شتە لاوەکییانە، بەڵام گریمان ئەوانە پێداگرن لەسەر ئەوەی ڕەسمی عەبدوڵا ئۆجەلان بە دەرگەکانیان هەڵواسرێت؛ ئایا بۆ ماوەیەک تەحەموڵ کردنی ئەو دۆخە باشتر نییە کە بتوانن ببنەوە خاوەنی بڕیاری خۆیان، کەرامەتی خەباتی خۆیان بپارێزن، یان ئەوەتا بڵێین “ئێمە ڕەتی دەکەینەوە وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان لە دەرگە بدەین” و ئەو وەزعەی تێی داین، ئەو ناهەموارییە، ئەو ناسەقامگیرییە، ئەو دڵنیانەبوونی لە ئێستا و ئایندەی خۆمان قەبووڵ بکەین؟ ئەوەش بڕیارێکە دەبێ ئەوانە بۆ خۆیان بیدەن. چونکە ئەوانن لەو ڕەهەندە دەتوانن بڕیار بدەن چی بکەن و چی نەکەن. داستانێکی دیکە باس بکەم: پێش ئەوەی ئێران بە مووشەک لە کۆیە، لە پادگان و پێگەی حیزبی دێموکرات بدات، لە کاتی کۆنفڕانسیان نۆزدە هاوڵاتیی جوان لە خان و خانەم شەهید بکات، پێشی هەینێ، ئەندامێکی سەرکردایەتییان لە ئەمریکا بوو. پێی گوترا، کە ئەو کاتە دیسان بە هەمان شێوە گرژی لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەبوو، پێی گوترا “ئاگاداری خۆتان بن ئێران لێتان دەدات”. ئێران تەنیا لایەنێکە چاوی لەسەرە کە توانای دەستدرێژییان هەیە، کوردەکانن. وشیاری چالاکی خۆتان بن، هاتووچۆ و کردەوەکانتان. دوای ئەوە چوون کۆنفڕانسیان بەست، لەو پەنایەی دەشتی کۆیە، لەو پادگانەی کە تێیدا بوون. کۆنفڕانسیان کرد، بەو جۆرەی کە ئێرانیش لێیدان و دەرچوو. قسە لەسەر ئەوە نییە کە ئێران “مۆرک”ی خۆی هەبووە یان نا، قسە لەسەر ئەوەیە لە وەختێک شتێکی ئاواتان پێ دەگوترێت، بۆ لەو پەنایەی کۆنفڕانس دەکەن؟ بۆ ناچن لە سلێمانی لە ناو هۆتێلێک لە ناو شار بیکەن کە ئێران نەتوانێت هێرشتان بکاتە سەر؟ بۆ ژیانی کوڕان و کچانی ئەو میللەتە دەبێ لە لایەن کاربەدەستان و سیاسییانی ئەو حیزبانە ئاوا بێبایەخ بێت؟ بۆ زۆرینەی سەرانی حیزبی دێموکرات و سەرانی دیکەی حزبەکانی دیکەی بەشەکانی کوردستان خاوەنی جنس و ناسنامە و پاسپۆرتی وڵاتانی ئەوروپایین و پاسپۆرتی ئەو وڵاتانەیان لە باخەڵە؟ ئەوە بەو مەعنایە نییە کە ئەوانە پاسپۆرتی وڵاتانی بیانییان لە دەست بێت و لە وڵاتانی بیانی بژین؛ ئەوانە ئەگەر دارایی ستراتیژییەکی حەکیمانە بن، ئەو شتە لای من گرنگ نییە. ئەوانە دەبێ پێداچوونەوەیەکی گشتگیر و جدی بە بەرنامەکانی خۆیاندا بکەنەوە. ناکرێت لە سەدەی بیست و یەک و لە بەرامبەر ئێرانێکی ئاوا کە حیساب بۆ ئەمریکا ناکات، ئەوانە بە هەمان بەرنامەی ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان درێژە بە کاری خۆیان بدەن. ئەوانە هەم لە ڕووی سیاسی، دیپلۆماسی، هەم لە ڕووی چالاکی حیزبی، چی چەکداری بێت چی چالاکی نێوخۆیی بێت، دەبێ لە ئاستێکی وشیارانەتر و حەکیمانەتر ڕەفتار بکەن. میللەت بەتایبەتی ئەو نەوە تازەیەی لە بەشەکانی کوردستان سەلماندیان کە زۆر لە پێش بەرنامەی ئەو حیزبانەن.

قەندیل پرێس: بەگوێرەی شرۆڤەکان، هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هێشتا نەبووەتە خاوەنی وتەبێژێکی فەرمی، ئاڵایەکی هاوبەش یان هێزی بەرگریی یەکگرتوو و لە بازنەی بەیاننامەدا قەتیس بووە. بۆچی ئەم هاوپەیمانییە نەیتوانیوە ببێتە سازێکی متمانەپێکراو بۆ جەماوەر؟ ئایا کێشەکە لە تاکتیکی حیزبەکانە یان لە نەبوونی متمانەی مێژوویی لە نێوانیاندا؟

دکتۆر کرمانج گوندی: وەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی تێگەیشتنی چەمکە سیاسییەکان و هەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ئەرکە ئەخلاقی و نیشتمانییەکان، لە بەرامبەر ئەوەشدا زاڵبوونی هەستی تاکەکەسی و تاک حیزبییە؛ ئەمە ئەو نەخۆشییەیە کە بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا بەرۆکی حیزبەکانی گرتووە. کاتێک ناتوانن وەک پێویست هاوسەنگەری یەکتر بن و لە خەباتی ڕزگاریی نیشتمانیدا تەواوکەری یەکتر بن، هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی متمانە لە نێوانیاندا نەمێنێت.
هۆکاری ئەوەش بۆ من لەوەدایە کە پەروەردەکە هەڵەیە؛ پەروەردەی خەباتی نیشتمانی جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ پەروەردەی خەباتی سیاسی بۆ وەرگرتنی دەسەڵات. ئێمە لەو قۆناغەی خەباتی ڕزگاریی نیشتمانیدا دەژین کە دەبێت پەروەردەمان پێش ئەوەی حیزبی یان سیاسی بێت، نیشتمانی بێت. بۆ خەباتی نیشتمانیش پێویست بە هیچ ئایدیۆلۆژیایەک ناکات، چونکە هیچ ئایدیۆلۆژیایەک لە پاراستنی کەرامەتی نەتەوە و نیشتمان گەورەتر نییە. پاراستنی نەتەوە و نیشتمانیش دەبێت لەو باوەڕەوە سەرچاوە بگرێت کە هەموو شتێک لەپێناوی نیشتمان و ئاییندەی ئەو میللەتە بێت. کاتێک ئەم چەمکەیان قبووڵ کرد، دەتوانن وەک کوڕ و کچی دڵسۆزی ئەو نیشتمانە چوارچێوەیەک دابڕێژن و وەک ستراتیژ کاری پێ بکەن، بۆ ئەوەی کەرامەتی نیشتمانی و عیززەتی نەفسی میللی وەک شکۆ بپارێزن.
ئەمە ئەرکی ئەخلاقیی سەرشانی ئەوانە. دەنا هەتا دەبینین لە ئەنجامی ئەم ناتەبایی و متمانەپێنەکردنە، دۆزی کورد لە بەشەکانی کوردستان بە گشتی و لە بەشی بندەستی ئێران بەتایبەتی، کراوەتە قوربانیی بەرژەوەندییە سیاسی و حیزبییەکان. ئەمەش وای کردووە هەم پێگەیان لەناو خەڵکدا وەک پێویست نەبێت و هەمیش لەسەر ئاستی جیهانیش حیسابێکی ئەوتۆیان بۆ نەکرێت، جودا لەوەی وەک هێزێکی سەربازی سوودیان لێ وەربگیرێت.
من پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە ئەم حیزبانە خۆیان وەک یەک قەوارە ساز بکەن. یەک قەوارەش مانای ئەوە نییە تێکەڵ بن، بەڵکو دەکرێ چەترێکی وەک “ئەنجومەنی نیشتمانی” دروست بکرێت؛ هەر حیزبێک لە چوارچێوەی ئەوەدا چالاکیی خۆی بکات، بەڵام لە هێڵی ستراتیژیدا لەژێر ناوی ئەو ئەنجومەنەدا کار بکات. نیشان بدەن کە ئەوان نوێنەری میللەتێکی دابەشکراون، نەک کەمینەیەک لە ئێران و عێراق و سووریا و تورکیادا. ئەگەر لەناو یەک ئەنجومەنی نیشتمانیدا بن، بوونی گوته‌بێژێکیش بۆ ئەو هاوپەیمانییە زۆر بە ئاسانی دروست دەبێت. بۆ خەباتی ڕاستەقینە پێویست ناکات مرۆڤ زۆر بە ئاڵۆزی تێڕوانینی بۆ بکات؛ تەنیا پێویستە واز لە ئیگۆ و کبری سیاسی بهێنن. دەبێت حەکیمانە بیر بکەنەوە و سەیری تاکەکەس یان تەمەنی حیزب نەکەن، هەر کەسێک توانای هەبێت و بتوانێت خزمەتی ئەو ستراتیژییە بکات، دەبێت سوودی لێ وەربگیرێت.
ئەوانە دەبێت ماندوو بن، چونکە میللەتەکەیان لە هەموو پارچەکانی کوردستان زۆر ماندوو کردووە. دەبێت لە بەرامبەر ویژدانی خۆیاندا هەڵوێستەیەک بکەن، واز لەم ناتەبایی و شەڕی نێوان خۆیان و قوربانیکردنی کوڕ و کچی خەڵک بهێنن. لەو کاتەدا کە کوڕ و کچانی خۆیان لە باشترین شێوەی ژیان لە دەرەوەی وڵات دەژین، ئەمە گونجاو نییە لە سەدەی بیست و یەکدا ئەو زەینیەتە هەبێت! کە دەزانن ناتوانن بنکەکانیان لە بەرامبەر موشەکی بالیستیکی ئێران بپارێزن، بۆ وا دەکەن؟ ئەگەر ناچارن وا بکەن، بۆچی کوڕ و کچانی خۆیان تێدا ناهێڵنەوە تا وەک ژیانی ئەو پێشمەرگە و کادرانە بن کە ڕۆژانە شەهید دەبن؟ بۆ هەتا کەی ئەم فەرهەنگە نابەرپرس و نادادپەروەرە درێژەی هەبێت؟ ئەوانەی بەم شێوەیە ڕەفتار دەکەن، شایانی ئەوە نین ڕێبەرایەتیی ئەم میللەتە بکەن.

قەندیل پرێس: ڕژێم لە ئێستادا سیاسەتی قڕکردنی سیاسی و لەسێدارەدانی چڕ کردووەتەوە. وەک پێشنیار بۆ درێژەی خەبات، ئایا پێتان وانییە کاتی ئەوە هاتووە حیزبەکان لە شێوازی کلاسیکی خەبات تێپەڕن و بەرەو یەکینەکانی تۆڵە و چالاکیی مەیدانی لەناوخۆی شارەکاندا هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی ورە بۆ کۆمەڵگا بگەڕێتەوە؟

دکتۆر کرمانج گوندی: ڕژێم لە ئێستادا سیاسەتی قڕکردن لە بەرامبەر کوردان و لەسێدارەدانیان ئەنجام دەدات. ڕژێمی ئێران لەوەتای هاتووەتە سەر کار، گەڕاوەتەوە بۆ زمانی خومەینی کە غەزای لە بەرامبەر کوردەکان ڕاگەیاند و کوردەکانی بە کافر ناو برد. لەبیرمانە جەنگی “قار و قەڵاتان” کە پاسدارەکان هێرشیان کردە سەر دوو گوندی کوردستان، ژنی دووگیانیان بە چەقۆی سەر تفەنگەکانیان هەڵدەدڕی و منداڵیان لە ناو بێشکەدا دەکوشت. ئەو کارەساتە یەک لە کارەساتەکانی ئەوەیە کە ڕژێمی خومەینی ئەو کاتە لەگەڵ میللەتی ئێمە دەستی پێکرد. میللەتی ئێمە لەوەتای ئەو ڕژێمە هاتووەتە سەر کار، تەنیا خوێنی لێ دەڕێژێت. لەسەر ئەو هەندە دەمێکە ڕژێمی ئێران سیاسەتی قڕکردن و لەسێدارەدانی میللەتی ئێمەی لەو بەشەی کوردستان ئەنجام داوە و ئەنجام دەدات. کەم مانگ هەیە بە چەندان لە ڕۆڵەکانی میللەتی ئێمە لەو بەشەی کوردستان لەسێدارە نەدات، زیندانیان نەکات و سووکایەتییان پێ نەکات. تەنانەت لە کاری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیش لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەکات. ئەو ڕژێمە بەربەستی بۆ تەواوی ژیان لە هەموو بوارەکاندا داناوە و هیچ شتێکی نەهێشتووەتەوە و هەمووی کردووەتە بەربەست. ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە بۆ حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێران، ئێستا لە هەر کاتێکی دیکە پێویستە کە وەک ئاماژەم پێ کرد، سیاسەتی خۆیان هەڵسەنگێنن و بزانن ئەو بەربەستانە چین لە پێشیان بۆ ئەوەی بتوانن حەکیمانە چارەیان بۆ بدۆزن.
بەڵام بە شێوەیەکی گشتی کە ئاماژەتان پێ کردووە لەوەی کاتی ئەوە هاتووە حیزبەکان لە شێوازی کلاسیکی خەبات بێنە دەرەوە؛ من وەڵامی ئەو پرسیارەم زۆر بە درێژی داوەتەوە و ئاماژەم بەوە کرد کە حیزبەکان بچنە ناو خەڵک، کوڕ و کچانی میللەت پەروەردە بکەن بە ناوەڕۆکێکی نیشتمانی بۆ ئەوەی بچنە ناو پەرلەمان و وشیارانە لە بەرامبەر سیاسەتە خراپەکانی ڕژێمی ئێران بتوانن هەڵوێست بگرن، بتوانن خەڵکی خۆیان بە هەمان شێوە هوشیار بکەنەوە. بەتایبەتی لە بەرامبەر سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان و ئەو پلانە دژوار و ڕەشەی کە ئێران ئێستا خەریکی زەوینەسازییە بۆ دروستکردنی “ئوستانی لەکستان”.

من ئەوانەم بە درێژی باسم کردووە. ئیدی ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر حیزبەکان و دیدی خۆیان، ئایا خۆیان چۆن دەیانەوێت لە ئایندە بەرنامەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن. بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئەگەر وا نەکەن ئێران دەستی باڵاتر دەبێت و کاریگەریی زیاتر دەبێت، چونکە بەهێزترە. پاشانیش ئەگەر ئەوانە لە بەرامبەر ئێران دەیانەوێت درێژە بە خەباتی چەکداری بدەن، دەبێت چوارچێوەیەکی ئاوەها دروست بکەن.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

غەریب حەسۆ: تا ماف و زمان و ناسنامەی کورد لە دەستووردا مسۆگەر نەکرێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە سووریادا بەدی نایەت

ستراتیژیی یەکڕیزیی سیاسی و ئینتەگراسیۆنی سەربازی؛ ئایا ڕۆژئاوا دەتوانێت لە نێوان مەرجەکانی دیمەشق و هاوپەیمانە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *