به‌په‌له

کاوە محەمەد: لە عەقڵییەتی حیزبسالاریدا دامەزراوەکان کراونەتە دیکۆر و قووتی خەڵکیش دەکرێتە قوربانی

قەندیل پرێس – وتووێژ

لە کاتێکدا پرۆسەی سیاسی لە عێراق قۆناغێکی نوێی بڕیوە و حکومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی لە وادەی دەستووریی دیاریکراوی خۆیدا پێکهێنرا، ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەدەست سستییەکی قووڵی دامەزراوەیی و پەککەوتنی پرۆسەی دیموکراسییەوە دەناڵێنێت. ململانێی توندی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستەکان لە بەغدا، پێگەی کوردی وەک بلۆکێکی یەکگرتوو خستووەتە ژێر پرسیارەوە، لە کاتێکدا دۆسیە هەستیارەکانی وەک مووچە، بودجە، نەوت و ماددەی ١٤٠ لە نێوان کێبڕکێی حیزبی و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدا ڕووبەڕووی پاشەکشەی گەورە بوونەتەوە.
کاوە محەمەد، نووسەر و ئەندامی خولی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەم وتووێژە تایبەتەدا بۆ قەندیل پرێس، بە ڕاشکاوی شیکردنەوە بۆ دۆخی سیاسی هەرێم و بەغدا دەکات و هۆشداریی لە دەرەنجامەکانی زاڵکردنی عەقڵییەتی حیزبسالاری بەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندا دەدات.

قەندیل پرێس: با لە مەلەفی بەغدا و پەرتەوازەیی ناوماڵی کوردییەوە دەست پێ بکەین؛ کێبڕکێی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە. ئایا ئەم دابەشبوونە توندە نابێتە هۆی ئەوەی کورد “وەک یەک بلۆک” و یەک پاکێجی دەستووری نەمێنێت؟ پەرلەمانتارانی کورد چۆن دەتوانن فشار بکەن کە ململانێی حیزبی نەبێتە هۆی ئەوەی قووتی خەڵک و پرسی بودجە بکرێتە قوربانی؟

کاوە محەمەد: ئەم پەرتەوازەیی و دابەشبوونەی هێزە کوردییەکان بێگومان کاریگەری زۆر خراپی دروستکردووە لەسەر پێگەی کورد، و بووەتە هۆی پاشەکشەکردن بە پرسی کورد لە عێراق، لە ناوچەکە و لە دنیاشدا. ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە کە لە ڕاستیدا هیچ سیاسەتێکی نیشتمانی و دامەزراوەیی بۆ پەیوەندیکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا بوونی نییە؛ بەڵکو ڕوانگەی حیزبی زاڵە و هەمیشە حیزبەکان کار بۆ ئەوە دەکەن کە چەند پۆست و چەند پارەیان لە بەغداوە دەستبکەوێ. ئەوان هێندەی بەغدا وەکو غەنیمەیەک سەیر دەکەن، هێندە وەکو ناوەندێکی ستراتیژی یان با بڵێین قووڵاییەکی ستراتیژی بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی کورد بەکاریان نەهێناوە و کاریان لەسەر نەکراوە.
لەبەر ئەوە بێگومان ئەمە وایکردووە کە کورد وەکو بلۆکێک نەمێنێتەوە، بەڵام وەکو هەرێم و وەکو قەوارەیەکی دەستووری، بێگومان لەبەر ئەوەی دەستوور دانی پێدا ناوە، ئەم قەوارەیە ماوەتەوە. پێم وایە ئەوەی کە بووەتە هۆی مانەوەی قەوارەی هەرێمیش، بۆ هونەری حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ناگەڕێتەوە، بەڵکو کۆمەڵە هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتی، ناوچەیی و عێراقییە کە وایکردووە ئەم دۆخە بمێنێتەوە. قەوارەی هەرێم دەستوورییە و دانی پێدا نراوە، بەڵام هەندێکجار هەندێک لە حیزبەکان کە هەڕەشە و مەترسی دەکەوێتە سەر بەرژەوەندییەکانیان، دەیانەوێ بەوە خەڵک بترسێنن و خەڵک لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە گوایە ئەمە هەڕەشەیە لەسەر قەوارەی هەرێم؛ نەخێر، ئەوە هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندی حیزبەکان، بەڵام ئەوان بەو ناوەی لێ دەدەن. ئەوەی کە هەڕەشەی ڕاستەقینەیە لەسەر قەوارەی هەرێم، نە لە بەغدایە و نە لە دەوروبەردایە، بە پلەی یەکەم لە ناوخۆی خۆمانەوەیە و لە لایەن ئەو سیاسەتە حیزبی، بنەماڵەیی و بەرژەوەندخوازییەی کە لە هەرێم پەیڕەو دەکرێت سەرچاوە دەگرێت.

قەندیل پرێس: لە هەرێمی کوردستان جۆرێک لە سستی و پەککەوتنی دامەزراوەکان دەبینرێت. خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم سستییەی دامەزراوەکانی هەرێم چییە؟ ئایا ئەمە بێ ئەرزشکردنی شەرعییەتی پەرلەمانە، یان تەنها دەرەنجامی ئەو کێشە سیاسییانەیە کە لە بەغداوە ڕەنگی داوەتەوە؟

کاوە محەمەد: لە ڕاستیدا لەبەرئەوەی هیچ عەقڵیەتێکی دەوڵەتداریی دامەزراوەیی نیشتمانی بوونی نییە لە هەرێمی کوردستان، دامەزراوە شەرعییەکان بێ ئەرزش کراون. لە ئەسڵدا وای لێهاتووە کە دامەزراوەکان تەنها وەکو دیکۆر بەکاردەهێندرێن، ئەگینا دەسەڵاتی پارە، چەک، پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئابووری، هەمووی لەدەست حیزب و بنەماڵەکان دایە. نەبوونی ئەو جۆرە عەقڵییەتە نیشتمانی و دامەزراوەییە وایکردووە کە هیچ بایەخێک بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات، هەڵبژاردن و ڕێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەری کوردستان نەگیرێت.

بۆ نموونە، لە دوایین هەڵبژاردن کەوا بۆ ١٩ مانگ دەچێت هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تا ئێستا سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە، چ جای ئەوەی کە حکومەتی تازە پێکبهێندرێتەوە! ئەمە بێگومان زۆر خراپ کەوتووەتەوە و ئاماژەی زۆر نەرێنی دەداتە دەوروبەر و تەواوی دنیا کە کورد عەقڵیەتێکی دیموکراتی نییە و ناتوانێت ئیدارەی خۆی بەشێوەیەکی ڕێک و پێک و سەردەمیانە بەڕێوە ببات. بێگومان ئەم کێشەیە ئەوە نییە بڵێین لە بەغدادەوە هاتووە یان کاریگەری بەغدای بەسەرەوەیە؛ نەخێر، ئەمە کێشەیەکی تەواو ناوخۆییە.
بەغدا و هیچ وڵاتێکی دەوروبەر و دنیا ڕێگەی لەوە نەگرتووە کە ئێمە ڕێز لە دامەزراوەکانمان بگرین، پێشمەرگە یەکبخەینەوە، گەندەڵی کەم بکەینەوە، قەزای سەربەخۆمان هەبێت، و بتوانین ئابوورییەکی بەهێز و ئیدارەدانێکی باشمان هەبێت بۆ خزمەتی خەڵک. هیچ کەس ڕێگەی لەمە نەگرتووە، تەنها شتێک کە ڕێگر بووە عەقڵیەتی حیزبسالاری هێزە دەسەڵاتدارەکانە، کە بەردەوام لە ساڵی ١٩٩١ـەوە تا ئێستا شکست لەدوای شکست دەچننەوە و ئەو حیزب حیزبێنەیە بەسەر دەسەڵاتی نیشتمانیدا زیاتر تۆخ بووەتەوە.

قەندیل پرێس: ساڵانێکی زۆرە کێشەی نەوت و داهات لە نێوان هەولێر و بەغدا بە “ڕێککەوتنی کاتی” تێدەپەڕێت. وەک کەسێک کە هەمیشە جەختت لە شەفافیەت کردووەتەوە، ئایا پێت وایە ئەم کابینە نوێیەی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی کە لە وادەی دەستووری خۆیدا پێکهێنرا، دەتوانێت کۆتایی بەو کێشە هەڵپەسێردراوانە بهێنێت؟ یان دیسان کێشەی مووچە بە چارەسەرنەکراوی دەمێنێتەوە؟

کاوە محەمەد: ئەمە کێشەیەکی کۆن و بەردەوامە و بەداخەوە تا ئێستا هیچ لە ڕەگ و ڕیشەوە چارەسەر نەکراوە، بەڵکو تەنها ڕێککەوتنی کاتی بۆ کراوە. بۆ خۆم پێم وانییە کە ئەم حکومەتە تازەیەی عەلی زەیدی بتوانێت ئەو کێشانە قرار دات، چونکە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئیرادەی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە لە هەردوولاوە. ئەوەی دەیبینین، حکومەتی هەرێمیش لە ڕاستیدا هێندەی بیر لە پینەپەڕۆکردن و قازانجی حیزبی خۆی لە ڕێککەوتنەکان دەکاتەوە، هێندە بیر لەوە ناکاتەوە کێشەی خەڵک بە بنەڕەتی چارەسەر بکات و مووچەی خەڵک لە خەم بڕەوێنێتەوە.
خوێندنەوەی من بۆ ئەم کابینە نوێیە و ئەو وەزیرانەی کە هێنراونەتە ناو کابینەکەی عەلی زەیدی، بەتایبەت لەو شوێنەی پەیوەستە بەم بابەتەوە کە وەزارەتی داراییە و دراوە بە فالح سەریای لە ڕەوتی حیکمە، ئەوەیە کە کێشەکان بە قورسی دەمێننەوە. فالح سەریام کە پێشتر پێکەوە پەرلەمانتار بووین، ڕاستە سەر بە ڕەوتی حیکمەیە کە لایەنێکی میانڕەوە و پەیوەندی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام بۆ خۆی وەکو وەزیری دارایی، بە بڕوای من کەسێکی توندە لەبەرامبەر داواکاری و مافەکانی کورد. بە تەسەوری خۆم ئەگەر پێشتر لەگەڵ تەیف سامی و کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی نەتوانرا کێشەکە بنبڕ بکرێت، لەم کابینەیەشدا بە حوکمی ئەو دۆخە نوێیەی هاتووەتە پێشەوە زۆر زەحمەتە.
ئێستا ئێمە لە سەردەمێکداین کە سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە شکستی هێنا، و دواتریش دادگای پاریس و دادگای فیدراڵی کۆمەڵێک بڕیاریان دەرکرد کە وایکرد تەواوی دۆسیەی نەوت، بودجە و مووچە بچێتەوە بەغدا و بکەوێتە دەست حکومەتی فیدراڵ. یەکێک لەو چارەسەرانەی پێشتر باس دەقۆزرایەوە، دەرکردنی یاسای نەوت و غاز بوو؛ بەڵام بە بڕوای من، لەم دۆخەی ئێستادا کە پێگەی کورد لاوازە، دەرکردنی ئەم یاسایە لەم تەوقیت و کاتەدا لە بەرژەوەندی کورد ناشکێتەوە، چونکە هەر کاتێک یاسایەکی لەو جۆرە لەم کەشەدا دەربچێت، بێگومان لە دەسەڵاتەکانی هەرێم لە بواری وزەدا کەم دەکاتەوە.

قەندیل پرێس: دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان، بە تایبەت کەرکوک و شەنگال، زۆر هەستیارە. ئایا کورد بەرنامەیەکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران فشار بکات بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠؟ یان ئەم مەلەفە تەنها بۆ “موزایەدەی سیاسی” لە کاتی پێکهێنانی حکومەتدا ماوەتەوە؟

کاوە محەمەد: ئەگەر سەیری ڕابردوو بکەین، لە ساڵانی پێشوو کە کورد پێگەیەکی زۆر بەهێزتری هەبوو، ڕۆڵێکی زیاتری دەگێڕا لە پێکهێنانی حکومەت و کابینەکاندا و کاریگەر بوو لە بڕیاردروستکردنی سیاسی لە بەغدا، کەچی لەو کاتەشدا نەتوانرا ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت. بۆیە من بۆ خۆم لە ڕاستیدا گەشبین نیم بەوەی کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم ماددەیە بتوانرێت جێبەجێ بکرێت.
بەتایبەتیش کە حیزبە سیاسییەکان وەک باسمان کرد حیزبیانە مامەڵە و سیاسەت دەکەن و هیچ باکیان بەوە نییە کە ماددەی ١٤٠ ئەسڵەن جێبەجێ بکرێت؛ تەنانەت ڕەنگە هەندێک حیزب جێبەجێکردنی ئەم ماددەیەم لە بەرژەوەندی خۆیدا نەبینێتەوە، بەو پێیەی پێیان وایە ئەگەر ماددەکە جێبەجێ بکرێت، ناوچەی نفوزی حیزبی ڕکابەرەکەیان فراوانتر دەبێت. لەبەر ئەوە، هەتا پێیان بکرێت ڕەنگە عەرقەلە و ڕێگریشی بۆ دروست بکەن، نەک ئەوەی پێداگیری لەسەر جێبەجێکردنی بکەن. بەهۆی ئەم عەقڵییەتەوە، پێم وانییە ئەم بابەتە ببێتە خاڵێکی ڕاستەقینە لە ئەجێندای کارکردنی کورد لە بەغدا؛ خۆشتان دەزانن لە بەرنامەی کارەکەی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی کابینەی تازە، هیچ ئاماژەیەکی ئەوتۆ بەم پرسە نەدراوە و داواکارییەکانی کورد لەم ڕووەوە فەرامۆش کراون.
قەندیل پرێس: وەک پرسیاری کۆتایی؛ لە نێوان ململانێی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆست و دەسەڵات، ژیانی هاوڵاتیان کەوتووەتە پەراوێزەوە. جەنابت چ پەیامێکت بۆ هێزە سیاسییەکان هەیە؟ ئایا هیچ گەرەنتییەک دەبینیت کە حکومەتی داهاتووی عێراق جیاواز لەوانەی پێشوو مامەڵە لەگەڵ شایستە داراییەکانی هەرێم بکات؟

کاوە محەمەد: پرسی مووچە و بژێوی خەڵک دەبوو کارێکی لەپێشینەی حکومەتی هەرێم بووایە، چونکە حکومەتی هەرێم بەپێی دەستوور، یاسا و ڕێککەوتنەکان، بەرپرسیاری یەکەمە لە دابینکردنی بژێوی مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان. بەڵام هەم ئەو کاتەی کە نەوتی دەفرۆشت لەژێر ناوی “ئابووری سەربەخۆ” — کە لە ڕاستیدا ئابووری حیزبی بوو — نەیتوانی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و گەورەتر و قووڵتری کردەوە؛ هەم لە دواتریشدا کە دۆسیەی نەوت چووەتە دەستی بەغدا، حکومەتی هەرێم هەوڵدەدات بە هەر شێوەیەک بێت ڕێگری دروست بکات لەوەی کە بەغدا بە تەواوی ببێتە سەرچاوەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و پرۆسەی تەوتین (بەبانکیکردن)ـی مووچە؛ ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی حیزبی لەوەدا نییە. بۆیە من پێم وانییە لە ئایندەدا و لەم حکومەتەی عەلی زەیدیشدا ئەم کێشەیە بەم شێوازە چارەسەر ببێت، و باوەڕم نییە ئەوان خەڵکێک بن کە پەرۆش بن بۆ ماف و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان یان گوێ لە پەیامەکان بگرن.
بەڵام لەسەر داوای خۆتان، پەیامی من بۆ حیزبە سیاسییەکان ئەوەیە: ئەگەرچی ڕەنگە بێسوود بێت، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە هەوڵدەن ئیحتیڕامی دامەزراوە شەرعییەکان بگرن، سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتی نوێی هەرێم پێکبهێنن، و چیتر لەسەر پۆست لە ناوخۆی هەرێم ململانێ نەکەن. پێویستە تۆزێک ڕوانگە و بەرپرسیارێتی نیشتمانی زاڵ بکەن بەسەر بەرژەوەندییە حیزبی و بنەماڵەییەکانی خۆیاندا.
تەنها کاتێک کە بتوانین ناوخۆی خۆمان ڕێکبخەینەوە، هێزێکی زیاترمان دەبێت و دەتوانین بەیەکەوە، بە بەرنامە و پڕۆژەیەکی هاوبەشی کوردستانیانە و نیشتمانیانە لە بەغدا کاربکەین بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێم. ئێمە دەستکەوت و مافی باشمان لەناو دەستووردا هەیە، بەڵام مەخابن وەک پێویست کاری لەسەر نەکراوە؛ ئەگەر دۆخی ناوخۆیی چاک بکرێت، دەکرێت لە بەغداش کایەی بەهێزتر بکەین و مافە دەستوورییەکانی خۆمان بەدەستبهێنین.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

ئەبوبەکر هەڵەدنی: تا سیستەمی دوو زۆنی و دوو حوکمڕانی له‌ باشوور بەردەوام بێت، یەکگرتنەوەی هێزە چەکدارەکان مەحاڵە

قه‌ندیل پرێس – وتووێژ ئەبوبەکر هەڵەدنی، نووسەر، سیاسەتمەدار و ئەندامی خولی پێشووی لێژنەی پێشمەرگە لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *