به‌په‌له

دکتۆر شۆڕش حاجی: پێویست بوو بەرپرسانی سیاسی کورد چاڵنجی دۆناڵد ترەمپ بکەن

قەندیل پرێس – وتووێژ

لە کاتێکدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیکی و دیزاینکردنەوەی هاوکێشە ئەمنییەکاندایە، لێدوانەکانی پێشووی دۆناڵد ترەمپ لەسەر دۆسیەی کورد و چەکەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، هێشتا وەک مژارێکی گەرم و جێی مشتومڕ لە ناوەندە سیاسییەکاندا ماوەتەوە. هاوکات، بێدەنگیی لایەنە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، نیشانەی ئاڵۆزیی ئەو پێگەیەیە کە کورد لە نێوان بەرداشی ململانێی واشنتۆن و تاراندا تێیکەوتووە.

دکتۆر شۆڕش حاجی، سیاسەتمەدار و لێکۆڵەری دیاری کورد، لەم وتووێژە تایبەتەدا بۆ قەندیل پرێس، بە وردی شیکاری بۆ ئەم دۆخە دەکات. ئەو هۆشداری دەدات لە کزبوونی گوتاری دیپلۆماسیی کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و پێی وایە پاراستنی ناوبانگی نەتەوەیی پێویستی بە هەڵوێستی ڕوون و چاونەترسانە هەیە بەرامبەر بە تۆمەتەکان.

قەندیل پرێس: کاک شۆڕش، تۆ لە نامەکەتدا بە توندی دژی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ وەستاویتەوە. بەپێی زانیاری و خوێندنەوەی ئێوە وەک سیاسەتمەدارێک، ئەم قسانەی ترەمپ لەبارەی “گلەدانەوە و دزینی چەکەکان کە بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێران نێردرابوون”، تا چەند پشتی بە زانیاریی هەواڵگریی ڕاستەقینە بەستووە؟ ئایا ئەمە تەنیا تۆمەتێکی سیاسییە بۆ گوشار خستنە سەر کورد، یان ڕەنگە لایەنێکی دیاریکراوی کوردی بەبێ گوێدانە بەرژەوەندیی گشتی گەلەکەمان، تێوەگلابێت و بیانووی دابێتە دەست واشنتۆن؟

دکتۆر شۆڕش حاجی: بەداخەوە من هیچ سەرچاوەیەکی زانیاریم نییە و ناتوانم وەڵامی ئەوە بدەمەوە لەجیاتی دۆناڵد ترەمپ. ئەو دۆناڵد ترەمپ خۆی سەرۆکی ئەمریکا بووە و ئەو قسانەی کردووە، نازانم ئەو پشتی بە چ زانیارییەک بەستووە و ئایا ئەمە فیعلەن وای ڕوویداوە و بیانوویان داوەتە دەستی ترەمپ بۆ ئەوەی ئەو تۆمەتانە بۆ کورد دروست بکات، یان ئەو بەمەبەستی تر ئەو قسانەی کردووە، من ناتوانم لەوە جواب بدەمەوە. وەڵامی پرسیاری یەکەمەتان لای جەنابی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، دۆناڵد ترەمپ.

قەندیل پرێس: کاتێک سەرۆکی زلهێزترین وڵاتی جیهان تۆمەتی “شەڕکردن تەنیا لەپێناو پارەدا” و “دزیی چەک” دەداتە پاڵ کورد، بۆچی لایەنە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان (سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت) هیچ هەڵوێستێکی فەرمی و ڕوونیان نەبوو؟ ئایا ئەم بێدەنگییە نیشانەی ترسی سیاسییە یان جۆرێکە لە شاردنەوەی ڕاستییەکان کە نەیانوێراوە ڕووبەڕووی ببنەوە؟

دکتۆر شۆڕش حاجی: بە تێڕوانینی من و بە تێگەیشتنی خۆم ئەگەر ئەو بەرپرسە فەرمییانەی هەرێمی کوردستان یا بەرپرسە سیاسییەکانی تری کورد خۆیان بە بەرپرس بەرامبەر کورد و دۆزی کورد بزانن، دەبوو وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دۆناڵد ترەمپ بدەنەوە. و هەر کەسێکیش بەشدار نییە لەو پرۆسەیە لەوەی کە چەکی وەرگرتبێت و چەکەکەی شاردبێتەوە یا دزیبێتی یا ئەو کارەی کردبێت، حەقە بە لانی کەم ئەوانە خۆیان وەڵام بدەنەوە و چاڵنجی دۆناڵد ترەمپ بکەن و وەک من لە نامەکەم بۆ دۆناڵد ترەمپ نووسیومە، ئەوانیش دەبێ بڵێن کە ئەو قسانەی تۆ کە بە هەموو گەلی کوردت وتووە شتێکی ناڕەوایە و ئەگەر لایەنێک، کەسێک یا هەرکەسێک ئەوەی کردبێت، ئەوانە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ناکەن، هی هەموو خەڵکی کوردستان، تەنیا نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن.
و دەبێ ئەوانە ئەگەر بەتەنگ سمعەی گەلەکەمانەوەن، بەتەنگ ناو و ناوبانگی گەلەکەمانەوەن و دەیانەوێ ئەو تۆمەتە نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە ئەمە قسەی سەرۆکی گەورەترین وڵاتی دنیایە و زۆر کۆنگرێسمان و سیناتۆر و پەرلەمانتار و مێژوونووس و میدیاکاری جیهان سۆزیان لەگەڵ دۆسیەی کورد و دۆزی گەلی کوردە، بۆ ئەوەی ئەم قسەیە ڕەت بکرێتەوە، هەر کەسێک خۆی بە بەرپرس بزانێت بەرامبەر دۆزی گەلەکەمان، پێویستە وەڵامی هەبێت بۆ دۆناڵد ترەمپ. و هەرکەسێک لە بەرپرسە فەرمییەکانی کوردستان کە ئەوە ناکەن، مانای ئەوەیە ئەوانە بەرژەوەندی خۆیان و حزبەکانیان لەسەروو بەرژەوەندی گەلەکەمان داناوە.

قەندیل پرێس: هەندێک پێیان وایە کورد بڕیارە دروستەکەی داوە کە خۆی لە ململانێی توندی نێوان واشنتۆن و تاران بێلایەن کردووە و نەبووەتە بەشێک لە ئەجێندای ئەمریکا دژی ئێران. ڕای ئێوە چییە؟ ئایا ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم جۆرە فشارانەوە کورد لە ئێران بپارێزێت، یان بەپێچەوانەوە، دەیەوێت بە زۆر کورد بخزێنێتە ناو تەنووری ململانێیەکەوە کە تێیدا تەنیا دەبێتە سووتەمەنی؟

دکتۆر شۆڕش حاجی: ئەوەش دیسان وەڵامەکەی لای ئەمریکا و ئەو کەسانەیە کە ئەو قسانە دەکەن. بەڵام وەکو کوردێک من پێم وایە ئەم شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران شەڕی گەلی کورد نییە و شەڕی ئێمە نییە وەکو کورد، و لەسەر کورد ئەم شەڕەیان هەڵنەگیرساندووە.
کورد داواکارییەکانی ڕوون و ئاشکرایە کە داوای سەلماندنی مافە نەتەوەییەکانی و پاراستنی مافی هاوڵاتیبوونی لەو وڵاتانە داواکردووە کە کوردستان بە سەردا دابەشکراوە و داگیرکراوە.
بۆیە هەر شتێک بچێتە چوارچێوە و خانەی بەرگریکردن لە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، پێویستە گەلی کورد پشتیوانی لێ بکەن. بەڵام شەڕێک کە هیچ پەیوەندییەکی بە گەلی کوردەوە نەبێت و بۆ کورد ئەم شەڕە هەڵنەگیرسابێت، باشتر وایە گەلی کورد چاوەڕێ بکات، بزانێت چارە، دواڕۆژی ئەم شەڕە و چارەنووسی ئەو شەڕە بەرەو کوێ دەڕوات، بۆ ئەوەی ئاگری زیاتر لە ناوماڵی کورد بەرنەدرێت.

قەندیل پرێس: ئێستا کە هاوکێشەکان گۆڕاون و تاران لەگەڵ واشنتۆن و تەنانەت ئیسرائیلیش لە جۆرێک لە دۆخی ئاگربەست یان لێکتێگەیشتنی ناڕاستەوخۆدایە، بۆچی هێرش و گوشارە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان هێشتا بەردەوامن؟ ڕۆڵی فەرمی و ناوخۆیی هەرێمی کوردستان چییە لە ڕێگریکردن لەم هێرشانە، کاتێک دەبینین هەمیشە باجی ململانێ نێودەوڵەتییەکان دەدەین؟

دکتۆر شۆڕش حاجی: ئەوە بۆمان دەردەخات، یانی وەک چاودێرێک، وەک شیکەرەوەیەک، وەک لێکۆڵەرێک کە تەماشای بارودۆخەکە دەکەیت، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە بەشێک نین، یانی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان بەشێک نین لە هاوکێشەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لەگەڵ ئێران لەشەڕ هاتوون. چونکە ئەگەر هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان و ئۆپۆزسیۆن و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێک بوونایە لە هێزی ئەمریکا و ئیسرائیل، وەک چۆن ئێستا ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە، ئەو کاتە ئێرانیش لەگەڵ ئەواندا دەبوایە ئاگربەستی هەبوایە و پەلەماری نەدابان.
بەڵام پەلاماردانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێش شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلیش هەبووە و لە کاتی شەڕەکەش هەبوو، دوای شەڕەکەش دەمێنێت. ئەوە پەیوەندی بە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی هەیە بەرامبەر بە ئەو هێزە سیاسییە کوردستانیانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە داوای مافی ئازاد و مافی نەتەوەیی گەلی کورد دەکەن.

قەندیل پرێس: تا کەی دەبێت ناوی کورد و قوربانییەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانان لە دژی مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستی (داعش)، لە ناوەندە جیهانییەکاندا بەم شێوازە لەکەدار بکرێت و وەک “بەکرێگیراو” وێنا بکرێت؟ بۆچی گوتاری سیاسی و دیپلۆماسیی کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەوەندە لاوازە کە ناتوانێت بەرگری لە کەرامەتی نەتەوەیی و مێژووی شۆڕشەکانی خۆی بکات؟

دکتۆر شۆڕش حاجی: بۆچی کورد بەرگری لە ناوی خۆی نەکردووە یاخود بڵێین زیاتر ڕاستتر بڵێین بەرپرسەکانی کورد و دەسەڵاتدارەکانی کورد هەوڵی دیپلۆماسی خۆیان نەداوە، ڕەنگە بڵێن هەوڵیان دابێت و ڕەنگە بڵێن لە شوێنی خۆی قسەیان کردبێت، بەڵام وەک چۆن تۆ لە پرسیارەکەت باسی دەکەیت، دەبوایە سەرکردایەتی سیاسی کورد و بەتایبەتی هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بەو هەموو ئیمکانیاتە ماددی و لۆجستییەی کە لەبەردەستیانە و بەو هەموو پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییانەی کە هەیانە، دەبوایە زۆر لەوەی کە کردوویانە زیاتریان بکردبایە بۆ پاراستنی ناوی کورد و بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو ئەو قسە و قسەڵۆک و ناوزڕاندنانەی کە بەرامبەر گەلی کورد لەلایەن هەرکەسێکەوە دەکرێت، بکرێت.
بەڵام دیسانەوەش دەکەوێتەوە سەر ئەوەی کە ئایا ئەو بەرپرسانەی کورد، ئەو دەسەڵاتدارانی کورد، بەرژەوەندی گەلەکەمان لەسەروو بەرژەوەندی خۆیان و حزبەکانیانەوە دەبینن یان بەپێچەوانەوەیە، بەرژەوەندی خۆیان و حزبەکانیان لەوەدایە کە بەرگری لە ناو و ناوبانگی گەلی کورد نەکەن و بەرگری لە دواڕۆژی گەلەکەمان نەکەن، بەڵکو چی باش بێت بۆ خۆیان و حزبەکانیان، ئەوە دەکەن.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

حەسەن ڕەحمانپەنا: سەربەخۆیی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان لە هەر هەلومەرجێکدا پێویست و زەروورییە بپارێزرێت

حەسەن ڕەحمانپەنا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە- ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە وتووێژێکی تایبەت‌دا لەگەڵ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *