قەندیل پرێس- ڕاپۆرتی بەدواداچوون و شیکاری
هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە گۆڕانکاریدا دەگوزەرێت، لە کاتێکدا عێراق لە وادەی دەستووریی خۆیدا کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی ڕاگەیاند، پرۆسەی سیاسی و کارگێڕی لە هەرێمی کوردستاندا ڕووبەڕووی جۆرێک لە سستی و پەککەوتن بووەتەوە. ئەم دۆخە هۆشداریدانی جدی لێکەوتووەتەوە لەسەر ئەوەی کە بۆچی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم ناتوانن ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و پارێزگاری لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن؟
لەم چوارچێوەیەدا، کاوە محەمەد، نووسەر و ئەندامی خولی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ قەندیل پرێس، پەنجە دەخاتە سەر برینە سەرەکییەکە و دەڵێت: لە ڕاستیدا لەبەرئەوەی هیچ عەقڵیەتێکی دەوڵەتداریی دامەزراوەیی نیشتمانی بوونی نییە لە هەرێمی کوردستان، دامەزراوە شەرعییەکان بێ ئەرزش کراون. لە ئەسڵدا وای لێهاتووە کە دامەزراوەکان تەنها وەکو دیکۆر بەکاردەهێندرێن، ئەگینا دەسەڵاتی پارە، چەک، پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئابووری، هەمووی لەدەست حیزب و بنەماڵەکان دایە.
ئەم لێدوانەی کاوە بۆ قەندیل پرێس، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە سیستمی حوکمڕانی لە هەرێمدا لە مۆدێلی دەزگایی و یاساییەوە گۆڕدراوە بۆ مۆدێلی حیزبسالاری، کە تێیدا بڕیاری سیاسی و ئابووری لە دەرەوەی پەرلەمان و حکومەت و لەناو مەکتەب سیاسییەکاندا یەکلا دەکرێتەوە. بەو هۆیەشەوە پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات پەکخرامە و تەنانەت دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر هەڵبژاردنەکاندا، دامەزراوەکان ناتوانن شەرعییەتی خۆیان بەکاربهێنن.
شیکارییە سیاسییەکان دەریانخستووە کە نەبوونی دەستوورێکی تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان و زاڵبوونی بەرژەوەندی خێزانی و حیزبی بەسەر جومگەکاندا، وایکردووە کە هەرێم نەتوانێت وەک کیانێکی یەکگرتوو لە بەرامبەر بەغدادا دەربکەوێت. پەککەوتنی دامەزراوە ناوخۆییەکان ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی بەسەر پێگەی کوردەوە لە بەغدا دروستکردووە؛ کاتێک پارتی و یەکێتی لەسەر پۆست و ئیمتیازات کێبڕکێی توند دەکەن، ناتوانن وەک بلۆکێکی نیشتمانی داکۆکی لە شایستە داراییەکان و ماددەی ١٤٠ بکەن.
لەلایەکی تریشەوە، شکست هێنان لە بونیادنانی عەقڵییەتێکی دەوڵەتداری وایکردووە کە دۆسیەی گرنگی وەک نەوت و داهاتی ناوخۆ لە جیاتی ئەوەی ببێتە سەرچاوەی خۆشگوزەرانی، ببێتە هۆکارێک بۆ دەستێوەردانی دادگای فیدراڵی و گواستنەوەی دەسەڵاتی دارایی بۆ بەغدا. ناچارکردنی هەرێم بە پرۆسەی تەوتین و دابەزینی قورسی دۆسیەی وزە، دەرەنجامی ئەو سیاسەتە ناڕوونەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە ناوی ئابووری سەربەخۆ پەیڕەو کرا، کە لە بنەڕەتدا زیاتر ئابوورییەکی حیزبی بوو نەک نیشتمانی.
کاوە محەمەد لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا بۆ قەندیل پرێس، هۆشداریدەدات لەوەی کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان هێندەی بەغدا وەک غەنیمەیەک بۆ دەستکەوتنی پارە و پۆست دەبینن، هێندە وەک قووڵاییەکی ستراتیژی بۆ چەسپاندنی مافەکان سەیری ناکەن. ئەمەش وایکردووە پرسی مووچە و بژێوی هاوڵاتیان هەمیشە لە مەترسیدا بێت.
هەر لەم ڕوانگەیەوە، مەلەفی کەرکوک و شەنگال و ماددەی ١٤٠ تەنها بۆ موزایەدەی سیاسی کاتی لە کاتی پێکهێنانی حکومەتەکاندا هێڵدراوەتەوە و هیچ ئیرادەیەکی جدی و بەرنامەیەکی ڕاستەقینە لە ناو پەرلەمانی عێراقدا بۆ جێبەجێکردنی نەبینراوە.ئەمەش دەری دەخات کە کێشەی سەرەکی هەرێمی کوردستان، کێشەیەکی دەرەکی نییە کە لە بەغدا یان وڵاتانی دەوروبەرەوە سەپێندرابێت، بەڵکو کێشەیەکی قووڵی ناوخۆییە کە لە غیابی عەقڵییەتی دەوڵەتدارییەوە سەرچاوەی گرتووە.
بە وتەی كاوه محەمەد، کاتی ئەوە هاتووە هێزە سیاسییەکان ئیحتیڕامی دامەزراوە شەرعییەکان بگرن و تۆزێک ڕوانگە و بەرپرسیارێتی نیشتمانی زاڵ بکەن بەسەر بەرژەوەندییە حیزبی و بنەماڵەییەکانی خۆیاندا. تەنها لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ دامەزراوەییبوون و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردی، هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێگەی یاسایی خۆی بپارێزێت و ڕێگری بکات لەوەی قووتی خەڵک چیتر نەکرێتە کەرەستەی فشاری سیاسی.
قەندیل پرێس