به‌په‌له

کۆماس شابازی: بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان وەک خیانەتێکی مەزن لە شەهیدانی ژن، ژیان ، ئازادی دێتە ئەژمار

کۆماس شابازی، ڕۆژنامەنووس دەڵێت: “لەدوای دامرکاندنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هێرش و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پارتە کەمپ نشینەکان وای کرد حزبە کەمپ نشینەکان بەتەواوی بڕۆنە قۆناغێکی ‌بێدەنگی و بگرە بێ هەڵوێستیش، ئەگەر مۆنیتۆری هەڵوێستەکانیان بکەین دەر دەکەوێت چەندە لاواز و بە شێوازێکی نەرمە لیقانە لە هەمبەر ڕژیمی ئێران هەڵوێستیان نیشاندا.”

قەندیل‌پرێس: سڵاو و ڕێز کاک کۆماس، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل‌پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، هەروا کە ئاگادارن حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵبژاردنی 11ی ڕەشەمەی مەجلیسی کۆماری ئیسلامییان تەحریم کردووە، بە ڕای بەڕێزتان بۆ دەبێ ئەم هەڵبژاردنە تەحریم بکرێت؟

کۆماس شابازی: دیارە هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراتیکە و بە ئامانجی گۆڕانی گوزەرانی گەلان و باشتر بوونی ستانداردی ژیان و کەشی سیاسی کۆمەڵگە بەڕێوە دەچێت.
ئەمە پێناسەی هەڵبژاردنەکانە لە وڵاتانێک کە بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ پەیڕەو دەکەن.
بەڵام لە وڵاتێک وەک ئێران کە لەلایەن مافیایەکی دڕندە و تا سەر ئیسقان گەنەڵی وەک سوپای پاسداران بەڕێوە دەچێت، باس کردن لە هەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراتیک سوکایەتی کردن بە مرۆڤایەتیە.
ئەوەی کە ئیستاکە لە بەڕواری ۱۱ی ڕەشەمە بەڕێوە دەچێت “هەڵبژاردنی هەڵبژێردراوەکانی ڕژیمی کۆماری سێدارەیە”
هەڵبژاردنی خولی دوازدەهەمی مەجلیسی ڕژیم و مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری لە هەلومەرجێکی یەکجار جیاوز بەنیسبەت خولەکانی تری هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت.ساڵێک بەسەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تێپەر دەبێت و تا ئیستاش ڕژیم نەیتوانیوە بەتەواوی لە ژێر گوشاری ئەۆ شۆڕشە بەرینە خۆی دەرباز بکات.
زیندانەکان پڕن لە کوڕان و کچانی ئازادی خواز، هەڕۆژە ڕژیم بۆ چاو ترسێن کردنی گەلانی ناوخۆی ئێران و دڵنەوایی لایەنگرانی خۆی کە بەردەوام فەرماندەی باڵای سەربازی و هێزە نیابەتییەکانی لەلایەن ئیسراێیلەوە دەکرێتە ئامانج و ڕژیم ناتوانێت هیچ وڵامێک بداتەوە، شەپۆلێکی بەرینی لەسێدارە دانی دەست پێکردووە و هەڕۆژە دژبەرەکان و کەسانی ناڕازی وەک سیخوڕی ئیسراێیل ناوزەد دەکات و لە دادگەیەکی فەرمایشی سزای سێدارەیان بەسەردا دەسەپێنێت.
لە بواری ئابووری و بژێوی ژیانی هاوڵاتیانیش ئێران لە ڕەشترین قۆناغی خۆیدایە و وای لێ هاتووە کە سەرپرەشتی بنەماڵەکان ناتوانن تەنانەت سەرەتایی ترین پێداویستیەکانی بنەماڵەکانیان دابین بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە کەسانی سەر بە سوپای پاسداران لە ڕێر نای کۆمپانیاگەلی وەک چای دپش، کورش کۆمپانی و هتد..هەزاران میلیارد تمەن لە سامانی وڵات دەدزن و لە بانکەکانی دەرەوەی وڵات لە هەژمارە تایبەتەکانیاندا دای دەنێن.
بەگشتی ڕژیم ئێران لە تەواوی بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەبوری وتەنانەت ئایینیشەوە رەوایی خۆی لەلایەن گەلانی ناوخۆی ئێران لەدەستداوە.
هەر بۆیە ئەمساڵ شەپۆلێکی بەرینی بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکان تەواوی ئێرانی گرتووەتەوە و ڕژیم هەمو هەوڵیخۆی خستووەتە گەر بۆ ئەوەی ڕێژەی بەشداری خەڵک لە سەر سەندوقەکانی دەنگدان زۆرتر بکات.
بەڵام ئەوەی هەیە بەهێزی بەرەی گەلە بۆ بایکۆت و لە ئیستادا وای لێهاتووە کە بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکان وەک خیانەتێکی مەزن لە شەهیدانی ژن، ژیان ، ئازادی دێتە ئەژمار.
ڕژێمێك كە ئەمڕۆ بەدەستی بکوژان و ئەندامانی سوپای پاسدارانی شەڕانگێز و تیرۆریست بەڕێوە دەچێت، بێگومان هەڵبژاردن تا سەر ئێسقان نا دیموكراتیك و فریوکارانە دەبێت. لەلایەکی دیکەشەوە بە ئامانجی رەوایی بەخشین بەو كردەوانەی دەسەڵاتە تا ڕژێم تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی بۆ داپڵۆساندنی گەل و کۆمەڵگا درێژ بكاتەوە. بۆیە رژێم دەیەوێت ئەم هەڵبژاردنە هەم لەبەرامبەر كۆمەڵگا و هەم لەبەرامبەر هێزەكانی دەرەوە بکاتە هەڵبژاردنی بە نمایشدانی هێز و توانای خۆی. بەو ئامانجەش دەیەوێت دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بێ واتا نیشان بدات.

قەندیل‌پرێس: تەحریمی ئەم هەڵبژاردنە لە لایەن گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، چ دەستکەوتێکی دەبێت؟

کۆماس شابازی: وەک لە پرسیاری یەکمدا ئاماژەم پێکرد ، لە ئیستادا هەڵبژاردنی هەڵبژێردراوەکانی سوپای پاسداران بەڕێوە دەچێت.
لەم بارودۆخەی ئیستای ئێراندا و ڕێژەی بەرچاوی ئیعدام، زیندان و ئەشکەنجە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن خزمەتێکی راستەوخۆیە بە مانەوەی دەسەڵاتی فاشیستی و دیکتاتۆریەتە و بەردەوامی کوشتار و فەقر، گەندەڵی ئەو ڕژیمەیە کە هیچ شانسێکی بۆ گۆڕانکاری نەهێشتووە و هەر چەشنە هەوڵدانێک بۆ دیموکراتیزە کردنی ڕژیمی ئێران ئاسنی سارد کوتانە.

بەشداری نەتەوەکانی کورد، بەلوچ، عەرەب، ئازەری و هتد.. لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا لە ئێراندا، بەشداری راستەوخۆی کوشتاری سەر کۆڵبەران، سوختبەران، گەنجان، ژنانی تێکۆشەر و هەموو نەهامەتیەکانی کۆمەڵگە دەبێت و خەیانەتی راستەوخۆیە بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و گیانبەختکراوانی ئەو شۆڕشە .
هەر بۆیە گەلانی ئێران و ئەحزابی کوردستانیش باش دەزانن کە بشداری کردنی لە هەڵبژاردنێکی ئەندازیاری کراو هیچ گاریگەری لەسەر کومەڵگەدا نابێت .
ڕژیم لە هەرێمە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵات بەنیازە بەنانەوەی دوبەرەکی، شەڕی تایەفی ، شێعە و سونە، یارسان، شێعە، هەورامی سۆرانی و کرمانج وئازەری ڕێژەی بەشداری زیاتر بکات. بەڵام گەلی ڕۆژهەڵات گەشتوونەتە ئەو ئاستە لە شعوری سیاسی کە چی دیکە نەکەونە داوی ڕژیم .
بەشداری نەکردنی گەلانی ئێران لە هەڵبژاردن بەواتای ڕیفڕاندۆمێکە بۆ سەندنەوەی متمانە لەڕژیم و بە جیهانی پیشان بدەن کە ئەم ڕژیمە هیچ ڕەوایەکی لای گەلاندا نەماوە و ئەوەی هەیە ڕوکەشێکی پوشینەیە کە بە جیهانی نیشان دەدات .

قەندیل‌پرێس: لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جاران زیاتر پێکەوە هاوکارییان کرد بەڵام ماوەیەکە نیشانەکان پێچەوانەی ئەوەمان پێ نیشان دەدەن، بۆ نموونە لە سەر سێدارەدانی چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە حیزبەکان پێکەوە هاوکارییان نەکرد یان تا ئەم کاتە پێکەوە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بۆ تەحریمی هەڵبژاردن بڵاو نەکردووەتەوە، هۆی ئەم دووبارە دوورکەوتنەوەی حیزبەکان لەیەک چییە؟

کۆماس شابازی: لەدوای دامرکاندنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هێرش و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پارتە کەمپ نشینەکان وای کرد حزبە کەمپ نشینەکان بەتەواوی بڕۆنە قۆناغێکی ‌بێدەنگی و بگرە بێ هەڵوێستیش، ئەگەر مۆنیتۆری هەڵوێستەکانیان بکەین دەر دەکەوێت چەندە لاواز و بە شێوازێکی نەرمە لیقانە لە هەمبەر ڕژیمی ئێران هەڵوێستیان نیشاندا.
لە ئیستادا کە هەڵبژاردنەکانی ڕژیم بەڕێوەیە چاوەڕوان دەکرا هەڵوێستێکی هاوبەش لە تەوای ئەحزاب ببینرێت. بەڵام داخەوە حزبەکان نەیان توانی گوتارێکی هاوبەش بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن ببیننەوە و هەر کامەو بە شێوازێکی تاکلایەنە بەیانیان دەرکرد.
لە کاتی لەسێدارە دانی چوار پێشمەرگەی کومەڵە دیمان کە لایەنی کومەڵەی شۆڕشگێڕ بە شێوازێکی هەڵەشە لە یەکەمین کاتژێرەکانی بڵاو بونەوە هەواڵەکە مانگرتنی ڕاگەیاند و بەجۆرێک ویستی سواری شەپۆلی هەستی کۆمەڵگە بێت، تەنانەت پرسی بە هاوپەیمانە ستراتژیکەکەی خۆشی نەکرد و ویستی بەم شێوەیە تۆزێک لە بارگرانی مەنشوری جۆرج تاون کەم کاتەوە.
سەرەڕای هەمووئەمانە نەبوونی بەیانێکی هاوبەشی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان هەڵەیەکی زەقە و بە دڵنیاییەوە دەکەون و کەوتوونەتە بەر ڕخنە و لێپێچینەوەی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

قەندیل‌پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، چەند ڕۆژ پێش ئێستا، مەسیح عەلینەژاد لە وتووێژەکانیدا چەند شتێکی لەبارەی مەنشووری جۆرج تاونەوە درکاند و هێرشی کردە سەر ڕەزای پەهلەوی، هەڵسەنگاندنی بەڕێزتان لەم بارەیەوە چییە؟

کۆماس شابازی: دیارە کەسانێک وەک مەسیحی عەلینژاد کە لە ژێر عەباکەی خاتەمی خۆی گەیاندە ژێر ئاڵاکەی شێرو خۆرشیدی پاڵەوی و ڕۆژانە ڕەنگ دەگۆڕن کمەڵێک ئۆپۆرتۆنیستن کە بەردەوام بە دوای کەس یان ڕەوتێکەوەن کە بتوانن خۆیانیپێودا هەڵبواسن و لێی سوودمەندبن.
لەم کاتەدا کە دەزانێت مەنشوری جۆرج تاون و خودی ڕەزا پاڵەوی کە من وەک پرۆژەی کۆماری ئیسلامی ناوزەدی دەکەم لای خەڵکی ئێران هیچ بایەخێکی نیە و نەبووە دەیەوێت بەم شێویە جارێکی تر خۆی بخاتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی ئێران.
ئەمە بەس تایبەت بە مەسیح عەلی نژاد نیە وکەسانێکی تریش کە دەیانویست هەموو وزەی ڕۆژهەڵات بخەنە ڕێر ڕکێفی ڕەزا پاڵەوی و مەنشوریجۆرج تاون ئیستانە هەڵوێستیان گۆڕیوە و لەدژی ڕەزا پاڵەوی دەنوسن.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دکتۆر شۆڕش حاجی: پێویست بوو بەرپرسانی سیاسی کورد چاڵنجی دۆناڵد ترەمپ بکەن

قەندیل پرێس – وتووێژ لە کاتێکدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیکی و دیزاینکردنەوەی هاوکێشە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *