سەرەڕای بوونی دەنگۆ لەسەر کەمکردنەوەی قەبارە و بوونیان لە سووریا، هاوپەیمانان 70 بارهەڵگری کەرەستەی سەربازی و هاوکاریی لۆجستیان ناردە بنکەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، رۆژی 19ـی ئەم مانگە 70 بارهەڵگر کە پێکهاتووە لە پاڵپشتیی سەربازی و لۆجستی لە هەرێمی کوردستانەوە و لە دەروازەی سنووری وەلیدەوە گەیشتووەتە بنکەی خەرابەجیر لە رمێلانی باکووری حەسەکە.
بە گوێرەی روانگەکە، ئەو ئامێرە سەربازییەکانی گەیەندراوەتە بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشێکیان رادار، تۆپهاوێژی دوورمەودا، زرێپۆش و دەیان جۆری چەک بووە و بە پاسەوانی دوو هێلیکۆپتەری سەربازی گەیەندراوەتە ناوچەکە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی 18ـی نیسانی 2025، شۆن پارنێل، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، وەزیری بەرگریی فەرمانی کردووە بە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانیان لە سووریا لەکاتێکدا، ئێستا نزیکەی دوو هەزار سەربازیان لە سووریادا هەیە و لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا ئەو ژمارەیە بۆ کەمتر لە هەزار سەرباز کەمدەکەنەوە. لەسەر ئەم هەنگاوە روانگەی سووری دەڵێت، زانیارییان هەیە، هێزەکانی ئەمریکا لەچوارچێوەی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بنکەکانی شەدادی و قەسرەک کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە دەمێنێتەوە جگەلە مانەوەیان لە بنکەیەکی دیکە لە دەوروبەری حەلەب و رەقە.
قەندیل پرێس