بەگوێرەی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەردانەکەی ڕۆژی هەینی ڕابردودا بۆ عێراق، پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ڕاستەوخۆی گەیاندوهتە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بەهێزەکانی حەشدی شەعبی.
بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی تۆڕی هەواڵی عێراقی (INN)، بلینکن خواستی ئیدارەی ئەمریکای دوپاتکردوهتەوە بۆ کۆتاییهێنان بەکاریگەریی لایەنە چەکدارەکانی سەر بەئێران، کە هێرشیانکردوهتەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسوریاو ئامانجەکانی ناو ئیسرائیلیشیان کردوهتە ئامانج.
ئەوەش هاتوە، بلینکن حکومەتی عێراقی لەبەرپرسیارێتی خۆی لەبەرامبەر هەر جوڵەیەکی سەربازیی کە لەلایەن گروپە چەکدارییەکانەوە بە پاڵنانی تاران ئەنجامبدرێت ئاگادارکردوهتەوە، جەختیشیکردوهتەوە لەسەر پێویستی کۆنترۆڵکردنو چەکداماڵینی ئەو گروپە چەکدارییانە بەهۆی ئەو مەترسییە ئەمنیەی کە دروستی دەکەنو تەنها لەعێراقدا قەتیس نابێت، بەڵکو ناوچەکەش دەگرێتەوە.
هەروەک ئاماژەی بەوەدا، واشنتۆن لەوانەیە پەنا بۆ سەپاندنی سزا یان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سنوردار بەرێت ئەگەربێتو هەنگاوی جددی لەدژی ئەو هێزانە نەگیرێتەبەر.
لەچوارچێوەیەکی دیکەدا، بلینکن داوای لەحکومەتی عێراق کردوە کە پشتیوانی لەپرۆسەی گواستنەوەی دیموکراسیی لەسوریا بکات لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.
قەندیل پرێس