سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، تێڕوانینی ئەحمەد شەرع بۆ کورد و داهاتووی سووریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازی لێدەکەین.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لێدوانێکی ئەحمەد شەرع، فەرماندەی پرۆسە سەربازییەکانی سووریای بینیوە کە لەبارەی گەلی کورد قسەدەکات و وەکو بەشێک لە نیشتمان و هاوبەشی سووریای داهاتوو وەسفیان دەکات.
لەو بارەیەوە مەسعود بارزانی دەڵێت، “ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سووریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێدەکەین، هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ ڕاستکردنەوەی رێڕەوی مێژوو و راستکردنەوەی ئەو مامەڵە هەڵە و نادروستەی بەرامبەر گەلی کورد لە سووریا ئەنجامدەدرا.”
ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئەو جۆرە تیڕوانینە رێخۆشکەرە بۆ بنیادنانی سووریایەکی بەهێز و پێویستە کورد، عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی سووریا سوود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ ئەوەی پێکەوە لە دامەزراندنی سووریایەکی سەقامگیر و ئازاد و دیموکرات بەشداربن.”
قەندیل پرێس