بەپێی ئاماری مانگانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ئایاردا هەشت هاوڵاتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون، دەشڵێن، لەم مانگەدا ٢٠ هاوڵاتیی و چالاکوانی کورد بە هۆکاری سیاسیی دەستگیر کراون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری لەسێدارەدان و دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بڵاوکردەوە.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا هەشت هاوڵاتیی کورد لە زیندانەکانی کەرەج، ورمێ، سنە و بەندەر عەباس لەسێدارە دراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەم مانگەدا ٢٠ هاوڵاتیی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی سنە، ورمێ، کرماشان، هەمەدان، تاران و ئەلبوورز بە هۆکاری سیاسیی دەستگیر کراون، کە پێنج کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای زیندانییکردنەكەیان ڕەوانەی زیندانەکانی کەرەج، نەغەدە، بۆکان، مەهاباد و ئیلام کراون.
جێگای ئاماژەیە، بەپێی ئامارەكە لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٣٢٠ هاوڵاتیی و چالاکوانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگهێشتکراون یان دەستگیر کراون، کە لەو ژمارەیە زیاتر لە ٢٠ کەسیان ژنن، هەروەها ٣٤ کەسیش لەسێدارە دراون.
قەندیل پرێس