به‌په‌له

قادر وریا: حیزبی دیموکراتی کوردستان و پێشەواکەی، بە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، نەتەوەبوونی کورد و شیاوبوونی ئەو نەتەوەیان بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی لەدەست بگرێت، جاڕ دا

قادر وریا دەڵێت: “بزووتنەوەی کوردی دەبێت بتوانێت و بوێرێت بچێتە نێو یارییە سیاسییەکان و هاوپەیمانەتی لە گەڵ هێز و ڕێکخراوە کانی ئەو وڵاتانە، بەڵام بە دوو مەرج: مەرجی یەکەم، هیچ هێز و ڕێکخراوێکی سیاسی بە تەنیا نەچێت. مەرجی دووهەم، بێ داننانی ئەو هاوپەیمانەتییە بە نەتەوەبوونی کورد و بەڕەسمی ناسینی مافە نەتەوەییەکانی، لەگەڵی نەکەوین.”

وتووێژی قەندیل پرێس لەگەڵ قادر وریا مامۆستای زانکۆ و تێکۆشەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بارەی ئەزموونەکانی کۆماری کوردستان و دۆخی ئەمڕۆی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان.

قەندیل‌پرێس: وەکوو پرسیاری یەکەم، زیاتر لە ۷٨ ساڵ لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە ڕێبەرایەتیی پێشەوا قازی محەمەد تێپەڕ دەبێت، بە ڕای بەڕێزتان گەورەترین میراتی کۆماری کوردستان بۆ نەتەوەی کورد چییە؟

قادر وریا: کۆماری کوردستان لەگەڵ ئەوەی بەداخەوە تەمەنێکی کورتی هەبوو، بەڵام کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بیری نەتەوەیی و سیاسیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانا. دەکرێ لە دوو بەشدا ئاماژە بە کاریگەرییەکانی ئەم کۆمارە یان وەک بەڕێزت باست کردووە ئاماژە بە میراتی کۆماری کوردستان بکەم:
یەکەم کاریگەریی کۆماری کوردستان، دیاریکردنی شاڕیگەیەک لەبەردەم خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان بوو. حیزبی دیموکراتی کوردستان و پێشەواکەی، بە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، نەتەوەبوونی کورد لەو بەشە و شیاوبوونی ئەو نەتەوەیان بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی لەدەست بگرێت، جاڕ دا. ئەو بیرەیان بردە نێو مێشکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە مافی خۆیانە لەسەر نیشتمانی خۆیان حکوومەتی نەتەوەیی خۆیان هەبێ و بندەستی نەتەوەیەکی دیکە نەبن؛ سەرۆک کۆمار و کابینەی وەزیران و سوپای میللی و ئاڵا و سروودی نەتەوەیی تایبەت بە خۆیان هەبێت؛ زمانەکەیان لە دام و دەزگای بەڕێوەبەری و قوتابخانە و هەموو بوارێکدا ڕەسمیەتی هەبێ؛ بۆ خۆیان کاروباری خۆیان بەڕێوە بەرن و لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێرانەوە کاربەدەستیان بەسەردا نەسەپێنن؛ کتێب و ڕۆژنامە بە زمانی خۆیان بڵاو بکەنەوە؛ ئاسایش و هێمنیی کوردستان و دانیشتووانی لەلایەن ڕۆڵەکانی خۆیانەوە بپارێزرێت و حورمەت و کەسایەتیی تاکی کورد پارێزراو بێت و سووکایەتی بە جلوبەرگ و زمان و ئایین و کولتووری کورد نەکرێت. ئەم ڕێگایە بە تێکچوونی کۆماری کوردستان و شەهید بوونی سەرکۆمار و یارانی، کۆتایی پێنەهات و وەک دەبینین هەتا ئێستاش بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ئەم ڕێچکەیە دەڕوات.
دووهەم کاریگەری، مانەوەی فەلسەفە و کولتوور و ناوەرۆکی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری کوردستان وەک میراتێک بۆ نەوەکانی دواتر، بە تایبەتی بۆ نەوەی ئەمڕۆی تاکی کورد بوو. کۆماری کوردستان و بە تایبەتی پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرۆکی ئەو کۆمارە، گرنگییەکی زۆریان بە پێکەوەژیان و وێکهەڵکردن دەدا. هەموو هەوڵیان ئەوە بوو یەکێتی و تەبایی چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردستان بپارێزن. ڕۆشنبیران، کەسایەتییە ئایینیەکان، ئاغاوات، عەشیرەتەکان، لادێیی و شاری، هۆز و ناوچەی جیاواز لەگەڵ یەکتر تەبا و گونجاو بن وکەلێن لە نێوانیاندا دروست نەبێت بۆ ئەوەی بتوانن کۆماری کوردستان وەک دەسکەوتێکی نەتەوەیی بپارێزن. کۆماری کوردستان نێوەرۆکێکی دیموکراتی و پلۆرالیستی هەبوو. ڕێزی لە کەمایەتییە نەتەوەیی، ئایینی و زمانییەکان دەگرت؛ مافی هەبوونی قوتابخانە بە زمانی خۆیان بۆ وێنە بۆ جوولەکەکان دابین کردبوو؛ ڕێگەی بێڕێزی بە پەیڕەوانی هیچ ئایینێک نەدەدرا. یەکەم جار بوو لە کوردستان بایەخ بە پەروەردەی ژنان، لاوان، منداڵان دەدرا و ببوونە خاوەنی ڕێکخراو و گۆڤاری تایبەت بە خۆیان. ئەم تێگەیشتنە لە دەسەڵاتی کوردی و ئەم ئەزموونە هەتا ئێستاش لە نێو ڕۆشنبیران و زۆرێک لە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستاندا بە ڕێزەوە لێی دەڕوانرێت وخوازیارن درێژەی پێ بدرێت.

قەندیل‌پرێس: کۆماری کوردستان یەکەمین دەوڵەتی کوردی لە سەردەمی مودێرن بوو یان حکوومەتێکی خودمۆختار لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا؟

قادر وریا: کۆماری کوردستان ئاوێتەیەک لە هەر دووی ئەمانە بوو. ئەگەر سەرنج بدەینە نوتق و لێدوانەکانی پێشەوا و مانشێتەکانی ڕۆژنامەی “کوردستان” لەو سەردەم بە تایبەتی لە ساڵی یەکەمی پێکهاتنی کۆماردا، ئەم کۆمارەمان وەک دەوڵەتێکی کوردی کە باس لە سەربەخۆیی دەکات، دێتەبەرچاو، بەڵام ژمارەیەک لێدوان و چاوپێکەوتنی شەخسی پێشەوا لەگەڵ ڕۆژنامەکانی تاراندا هەن کە تەعبیری خودموختاربوونی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا بۆ ئەو کۆمار بەکار دەهێنێت.

من بۆ خۆم ئەو بەرزی و نزمی و هەڵکشان و داکشان لەخۆپێناسەکردنی کۆماری کوردستاندا بۆ چەند هۆیەک دەگێڕمەوە:
یەکەم، باسکردن لە استقلال (سەربەخۆیی) زۆرتر ڕووی لە حکوومەتی میللیی ئازەربایجان دابووە، چونکە بەرلە ڕاگەیاندنی کۆمار، فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان و حکوومەتە میللییەکەیان دەیانەویست کوردستانیش بەشێک بێت لەوان و لەچوارچێوەی ئازەربایجاندا، کوردستان خودموختاری هەبێت. بەڵام پێشەوا و ڕێبەرانی ئەو کاتی حیزبی دیموکرات بە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، ئەو نیازەی ئەوانیان پووچەڵ کردەوە و بەم جۆرە سەربەخۆبوونی کوردستانیان لە حکوومەتی میللیی ئازەربایجان ڕاگەیاند. دووهەم هۆ، نوێبوونی ئەو چەمکانە بۆ سیاسی و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمی کورد و وردنەبوون لە بەکارهێنانیاندا بووە. هەر بۆ نموونە ئەگەر بە ڕاستی ئەم کۆمارە سەربەخۆیی خۆی لە تاران ڕاگەیاندبوو، بۆچی نوێنەری لە پارڵمانی ئێراندا هەبوو؟ بۆچی پێشەوا بۆ چاوپێکەوتن و ڕێککەوتن لە گەڵ کاربەدەستان دەچووە تاران؟ بۆچی هەوڵی پێکهێنانی بەرەی سیاسی لە گەڵ هێزە ئێرانییەکانیان دەدا و…هتد؟
زۆر کەس کە حەز دەکەن کۆماری کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد پێناسە بکەن، دەڵێن کۆماری کوردستان ئەگەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ نەبوو، بۆچی ئاڵا و سروودی نەتەوەیی و سوپای میللی و کابینە و سەرکۆمار و تەنانەت سیستەمی کۆماریی لەنێو سیستەمێکی پاشایەتیدا ڕاگەیاندبوو! ڕاستییەکەی ئەوەیە مۆدێلی ئەوسای یەکێتیی سۆڤییەت بۆ ڕۆشنبیران، ڕێبەرانی سیاسی و کەسایەتییەکانی ئەو سەردەمی کوردستان، زۆر جێگەی سەرنج و بایەخپێدان بوو. لە یەکیەتیی سۆڤیەتییش چەندین کۆمار لەسەر بناغەیی نەتەوەیی، لەچوارچێوەی وڵاتی سۆڤیەتیدا هەبوو، بەڵام ئەگەر واشی دابنێین کە سەرانی کۆمار لەسەرەتادا بە نیەتی سەربەخۆبوون لە ئێران، کۆماری کوردستانیان ڕاگەیاندبوو، دواتر بە دەرچوونی سوپای سۆڤیەت لە ئێران و خۆدزینەوەی یەکێتیی سۆڤیەتی لە پشتیوانیی حکوومەتی میللیی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان، واقیعیتر لە گەڵ ڕووداوەکان هەڵسوکەوتیان کردووە و پێناسەکردنی کۆمار وەک حکوومەتێکی خودموختار لە چوارچێوەی ئێرانیاندا بە گونجاوتر زانیوە. دیارە هەمووی ئەو بۆچوون و لێکدانەوانە هیچ لەم راستییە ناگۆڕن کە پێشەوا و ڕێبەرانی دیکەی کۆمار، نەتەوەی کوردیان بە شایانی سەربەخۆیی و وڵات و دەوڵەتی سەربەخۆ زانیوە، بەڵام ئەوەی بە کردەوە لە لێدوان و هەڵویستەکانیاندا خۆی دەرخستووە، ئاوێتەیەک بووە لە پێناسەکردنی کۆمار بە دوو خوێندنەوەی جیاواز.

قەندیل‌پرێس: ئێستا لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دوو حکوومەتی کوردمان هەیە بە دوو فورمی جیاواز لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانی عێراق و سووریا، بە خەسارناسی کۆماری کوردستان چ پێشنیارێکتان بۆ سەرکەوتنی ئەم دوو حکوومەتە لەم دوو پارچەی کوردستان هەیە؟

قادر وریا: لەگەڵ ئەوەی جیاوازییەکی زۆرهەیە لەنێوان ئەو دوو دەسەڵاتە کوردییە، پرسیارەکە زۆر بەجێیە. لەهەر کام لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، کورد نابێت هیچ دەرفەتێک بۆ جێگیرکردنی مافی چارەنووس و خۆبەڕێوەبردن و پێکهێنانی حکوومەتی کوردی لەدەست بدات. هەر لەو کاتەشدا پێویستە لەبیرمان بێت کە پاراستنی دەسەڵاتێکی کوردی لە پێکهێنان و راگەیاندنەکەی گرنگتر و دژوارترە. ئەوە کە لەهەلومەرجی گونجاودا دەوڵەت یان حکوومەتی کوردی پێک بێنین و دەوڵەتانی ناوچە بەسەر ئەمری واقیعدا بخەین، کارێکی باشە. نابێ دەست لەسەر دەست دابنێین و چاوەڕوان بین ئەو دەوڵەتانە پێشنیارمان پێ بکەن حکوومەتی کوردیی خۆمان لە نیشتمانی خۆماندا پێکبێنن. ئەوان نەک ئەو پێشنیازەمان پێ ناکەن، هەر کە پشوویان هاتەوە بەرخۆ و خۆیان ڕێکخستەوە، هەوڵدەدەن هەر دەسکەوتێکی لە هەلومەرجی تایبەتیدا بەدەستمان هێناوە، لێمان بستێننەوە. لە هەمانکاتدا دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە پاراستنی دەسکەوتێکی ئەوتۆ وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان هەیە، هاسان نییە. ئەگەر هێز یان هێزە سیاسیەکانی پێکهێنەری ئەو دەسکەوتە، نەتوانن یەکگرتوویی خەڵکی ئەو بەشە و پشتیوانیی ئەوان لەخۆیان دابین بکەن؛ جۆری دەسەڵاتدارەتییەکەیان لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان بە دوور بێت؛ لێکدانەوە و خوێندنەوەیان بۆ ئاڵوگۆرە سیاسییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دوور لە ڕاستی بێت ؛ دەسەڵاتدارەتییەکەیان تێکەڵاو بە گەندەڵی، نایەکسانی و تیرۆر و تۆقاندن بێت؛ ئەگەر بە وشیاری و ژیرانە لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچە و زلهێزەکان هەڵسوکەوت نەکەن؛ دەسکەوتەکەیان دەکەوێتە مەترسی و ناتوانێت داهاتوویەکی ڕوونی هەبێت.
ئەزموونی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری کوردستان لە ڕووی گرنگیدان بە یەکێتی و تەبایی نێوخۆیی، بەڕەسمی ناسینی جۆراوجۆرییەکان و بایەخدان بە مافەکانیان، پێوەندییەکی برایانە و نەتەوەیی لە گەڵ نەتەوەی کورد لەبەشەکانی دیکەی کوردستان، دەتوانێت بۆ هەر دوو حکوومەتی کوردیی ئێستا لە باشوور و ڕۆژاوا بەسوود بێت.

قەندیل‌پرێس: زیاتر لە ساڵێکە شۆڕشی ژینا یان ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکردووە، ئەگەر چی هەوراز و نشێوی خۆی بووە، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان کە لە پانتایی گەشتی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بووە ڕۆژەڤ، بابەتی چۆنیەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕەزای پەهلەوی و سەلتەنەت تەڵەبەکان بوو، بە لەچاو گرتنی ئەوەیکە ڕووخانی کۆماری کوردستان و ئێعدامی پێشەوا قازی محەمەد بە دەست حکوومەتی پەهلەوی ڕوویاندا، ڕای جەنابتان لەم بارەوە چییە؟

قادر وریا: نەتەوەی کورد لەهەر کام لە بەشەکانی کوردستان، بێ هاوکاری و هاوپەیمانەتی و ڕێککەوتن لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە و هێزە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، زۆر زەحمەتە بتوانێ پشکی خۆی لە ئاڵۆگۆڕە سیاسییەکان بەدەست بێنێت. ئەگەر نەتوانێ یان نەیهەوێ بچێتە نێو هاوپەیمانەتییە سەرانسەرییەکان، لایەنەکانی دیکە ڕەوتی ڕووداوەکان بەو ئاراستەیەدا دەبەن کە خۆیان پێیان باشە و ئەوەی لەم نێودا سەری بێ کڵاو دەمێنێتەوە، کوردەکەیە. ئاشکرایە زۆربەی ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە ئەوەی بەلایانەوە گرنگە مانەوەی یەکپارچەیی ئەو وڵاتانەیە و مافە بنەرەتییەکانی کورد یان نەتەوە بندەستەکانی دیکە، لای ئەوان کەمترین گرنگیی پێدەدرێ. لێرەدایە کە بزووتنەوەی کوردی کە لە زۆربەی بزووتنەوە و هێزە سیاسیەکانی ئەو وڵاتانە، پێشینەیەکی درێژتری هەیە، قوربانییەکی زیاتری داوە و لەنێو خەڵکەکەی خۆیدا پێگەیەکی بەهێزتری هەیە، دەبێت بتوانێت و بوێرێت بچێتە نێو یارییە سیاسییەکان و هاوپەیمانەتی لە گەڵ هێز و ڕێکخراوە کانی ئەو وڵاتانە، بەڵام بە دوو مەرج: مەرجی یەکەم، هیچ هێز و ڕێکخراوێکی سیاسی بە تەنیا نەچێت. مەرجی دووهەم، بێ داننانی ئەو هاوپەیمانەتییە بە نەتەوەبوونی کورد و بەڕەسمی ناسینی مافە نەتەوەییەکانی، لەگەڵی نەکەوین. کوڕی شا و سەڵتەنەتخوازەکان، نەک هەر ئەوەی حەمەڕەزاشا و ڕێژیمی شایەتی بەرامبەر کورد لە ئێران و کۆماری کوردستان کردوویانە، مەحکوومیان نەکردووە، تەنانەت هێشتا سەرەتاییترین ماف کە پەروەردە بە زمانی دایکە، قبووڵ ناکەن و گاڵتەیان بەم جۆرە مافانە دێت. ئاشکرایە ئەم جۆرە هاوپەیمانەتییە ناتوانێت لە سوودی کورد لە ئێران بێت.

قەندیل‌پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، دوای ۷٨ ساڵ لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان، دۆخی ئێستای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و داهاتووی چۆن دەبینن؟

قادر وریا: دۆخی ئێستای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەم زۆر ڕەهەندی وای تێدایە کە جێگەی هیوا و شانازیین، هەم لاوازی و کەم و کووڕیی واشی هەیە کە نابێت لێی بیدەنگ بین و ڕەخنەی لێ نەگرین. هێندێک لە ڕەهەندە بەهێزەکانی ئەم بزووتنەوەیە بریتین لە:
ئەلف-بەردەوامی و بەچۆکدانەهاتنی سەرەڕای هەموو سەرکوت و پیلانێکی ڕێژیمی ئێران. ب-پەرەگرتن و بڵاوبوونەوەی ڕۆژبەڕۆژ زیاتری بەجۆرێک کە ئێستا نەک هەر پارێزگەکانی ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام، بەڵکوو پەلی بۆ هەر شار و ناوچەیەکی ئێران کە کوردیان لێدەژین، هاویشتووە.
پ- بوونی وشیارییەکی بەرزی سیاسی و نەتەوەیی لای زۆرینەی دانیشتووانی کوردستان و ئامادەیی بۆ قوربانیدان لە پێناو ئامانجەکانیان و مافەکانیان. لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، ئەم وشیاری و ئامادەییە بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران بە باشی خۆی دەرخست.
ت- سوود وەرگرتنی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شێوازەکانی خەباتی مەدەنی و جەماوەری بۆ بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی خۆیان.
ج- بوونی حیزب و ڕێکخراوی ناسراو و بە ئەزموون کە دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە ڕێکخستن و ڕیبەریی جووڵەی سیاسیی خەڵکی کوردستاندا.
دیارە وەک وتم ئەم بزووتنەوەیە خاڵی لاوازی گەورەشی هەن. بۆ نموونە:
١)خۆبواردنی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە پێکەوە کار کردن و گرنگینەدان بە پێکهێنانی هاوپەیمانی و ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی هاوبەش.
٢) خاوبوونی ڕەوتی خۆنوێکردنەوەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە ڕووی ڕێبەری، دیسکۆرس و ئەدەبیاتی سیاسی، شێوازەکانی خەبات و تێکۆشان، هەر وەها کەمڕەنگبوونی پرسی ژنان و بەشداریی ژنان لەبەڕێوەبەری و بڕیارداندا و…هتد.
٣) لاوازیی کاری ڕاگەیاندن و دیپلۆماسی.
٤) نەبوونی هیچ هەوڵ و بەرنامەیەک بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی ساماندارانی کورد بۆ وەڕێخستنی پڕۆژەی نەتەوەیی و کولتووری.
٥) دەستپێشخەرنەبوون و تەنانەت کەمتەرخەمبوون لە کۆکردنەوەی هێز و ڕێکخراوەکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران لە دەوری ئامانج و بەرنامەی هاوبەش.
٦) لاوازی لە ڕاکێشانی هاوکاریی فکری و زانستیی توێژی ئەکادیمیی کورد لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات.

٧) نامۆ بوون بەرامبەر کولتووری ڕەخنەلەخۆگرتن و قبووڵکردنی ڕەخنە و خەسارناسی، هەروەها دوورەپەرێزی لە دیالۆگ(چ لەنێوخۆ و لەگەڵ هێز و ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی نێو ئەو بزووتنەوەیەدا و چ لەگەڵ بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و چالاکانی سیاسیی ئێرانی).
بە کورتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندی سیاسی و خەباتگێرانە، خاوەنی ڕێبەرانی بە ئەزموون، هێزی مرۆیی و کادری پێگەیشتوو و تێکۆشەری لێهاتوو، خاوەنی ناوبانگ و ئیعتیبار لە ئاستی کوردستان و ناوچە و جیهاندا، خاوەنی پشتیوانیی بەرینی خەڵکی کوردستانە. ئەگەر حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لەپێناوی بەرژەوەندەی گەورەتردا واز لە بەرژەوەندی تەسکی ڕێکخراوەیی بێنن، هەوڵی گۆڕینی عەقڵیەتی چەقبەستوو بدەن، ئامادەیی پێکهێنانی هاوکاری و هاوپەیمانی و بەرەیەکی یەکگرتوو لەخۆیاندا پێکبێنن، بە جیددی قۆڵ لە چارەسەری ئەم کەم و کووڕیانە هەڵماڵن، ئەم بزووتنەوەیە دەتوانێت کاریگەریی گەورەی لەسەر ئاڵۆگۆرە سیاسییەکانی داهاتووی ئێران هەبێت.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دکتۆر شۆڕش حاجی: پێویست بوو بەرپرسانی سیاسی کورد چاڵنجی دۆناڵد ترەمپ بکەن

قەندیل پرێس – وتووێژ لە کاتێکدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیکی و دیزاینکردنەوەی هاوکێشە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *