به‌په‌له

 شێروان شێروانى بە زیاتر لە چوار ساڵى دیکە زیندانى سزادرا

ئەمڕۆ لە دادگەی کەتنی بنەسڵاوە، رۆژنامەوان شێروان شێروانى جارێکی دیکە بە زیاتر لە چوار ساڵى دیکە زیندانى سزادرا و لەکاتى دادگەییەکەشدا گرژیی دروستبوو.

پارێزەری رۆژنامەوان شێروان شێروانى رایگەیاند، دانیشتنەکە کاتژمێر نۆ دەستیپێکرد و زیاد لە دوو کاتژمێر بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا شێروان شێروانی بە زیاتر لە چوار ساڵى دیکە زیندانى سزادراوە و بەگوێرەی زانیارییەکان لە دادگەکەدا هێزێکی ئەمنی زۆر بڵاوەی پێکراوە و گرژیی و دەمەقاڵێ دروستبووە.

بڕیاربوو ئەمڕۆ بڕیار لە چارەنووسی شێروان شێروانی بدرێت و 9ـی ئەیلول ئازادبکرێت، بەڵام چوار ساڵ و پێنج مانگى دیکە سزادرایەوە

پێشتر شێروان شێروانی ئازادبوونی مەرجدار نەیگرتووەتەوە و دوو سکاڵای یەکلایی بووەتەوە و تەنیا ئەم دۆسیەیەی ئەمڕۆ کە هەڕەشەکردنە لە ئەفسەرێکی زێرەڤانی و ئەمڕۆ دانیشتنی یەکەمی ئەو دۆسیەبوو و سزاى چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانیی درا.

رۆژی 16ـی ئابی 2025، پارێزەرەکەى شێروانی گوتی “ئەم سکاڵا نوێیە رێگرى لە ئازادبوونى شێروان شێروانى لە مانگى ئەیلولى داهاتوودا دەکات” باسی لەوەشکرد، سکاڵاکە لەلایەن پلەدارێکى سەربازیى بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە خۆى و خێزانەکەى لەسەر شێروان شێروانی تۆمارکراوە و دوو پاسەوانى پلەدارەکەش بوونەتە شایەتحاڵ.

گوتیشى، “سکاڵاى پلەدارەکەى زێرەڤانى، پشتى بە ماددەى 229 لە یاساى سزادانى عێراقى بەستووە کە تایبەتە بەهێرشکردنەسەر کارمەندى دەوڵەت لەکاتى راپەڕاندنى ئەرکەکەى و سزاکەش بریتیە لە زیندانیکردن بۆ ماوەی سێ ساڵ زیاتر نەبێت و پێبژاردنیش دەیگرێتەوە.

محەمەد عەبدوڵا، ئاماژەى بەوەکرد، بەگوێرەى یاسا پێویستە پاراستنى ئاسایشى چاکسازییەکان بە پۆلیس بسپێردرێت، بەڵام لە هەولێر ئەو ئەرکە بە هێزى زێرەڤانى سپێردراوە. پارێزەرەکەى شێروان شێروانى دەشڵێت، زانیارییان بەدەستگەیشتووە لە پاش ئەم سکاڵایەش، سکاڵایەکى دیکە لە دژى شێروان شێروانى دەجوڵێندرێت.

شێروان شێروانى لە حەوتى تشرینى یەکەمى ساڵى 2020 لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەوان و چالاکوانێکى بادینان دەستگیرکرا، پاش چەند مانگێک لە دەستگیرکردنیان، دادگای تاوانی هەولێر رۆژى 16ـى شوباتى 2021 بەتۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی”، هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەمەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بەشەش ساڵ زیندانى بۆ هەریەکەیان سزادا.

له‌ شوباتی 2022 بەفەرمانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمى کوردستان، %60ـی سزاکەیان لابرا، جگە لەشێروان شێروانی کە %50 سزاکەى کەمکرایەوە.

بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمى کوردستان، پێویستبوو لە ئەیلولی 2023 شێروان شێروانی ئازادبکرایە، بەڵام بەر لەو وادەیە لە 20ـی تەمموزی 2023، شێروانی بەمادەی 298 و 295 لەیاسای سزادانی عێراقى، بە چوار ساڵ بەندکردن سزادرایەوە، دواتر بە فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمى کوردستان، چوار ساڵەکە کرایەوە بەدوو ساڵ و کۆتا وادە بۆ ئازادبوونى مانگى ئەیلولى ئەمساڵ بوو.‌

دووبارە هەوڵبدەرەوە

یەرەکە: ئومێد وەشکەلانی لەلایەن هێزەکانمانەوە سزادرا

یەرەکە ڕایگەیاند، هێزەکانمان لە شاری مەریوان کۆنترایەکیان بە ناوی ئومێد وەشکەلانی سزادا، کە بە هەموو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *