به‌په‌له

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: پێویستە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى هەڵوێستی ڕوونیان هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە جەنگی نوێ لە سووریا

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان دەربڕی و داوای لە حکومەتی کاربەڕێکەری سووریا کرد پەنا بۆ زمانی گفتوگۆ ببات، هاوکات داوای هەڵوێستێکی ڕوونی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ ڕێگری لە هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ.

سەرکۆنەکردنی گرژییە بێ پاساوەکان
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ڕاگەیێندراوێکدا، سەرکۆنەی ئەو گرژییانەی کرد کە لەلایەن گرووپەکانی سەربە حکومەتی ڕاگوزەری دیمەشقەوە ئەنجام دەدرێن. بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڵگیرساندنی شەڕی نوێ و پەنابردن بۆ بژاردەی سەربازی کارێکی بێ پاساوە و تەنیا دەبێتە هۆی بەرتەسککردنەوەی هەر پڕۆسەیەکی سیاسیی جیدی، لە هەمان کاتدا ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە و دابەشبوونەکان قووڵتر دەکات.

بانگەواز بۆ گفتوگۆی بەرپرسیارانە
لە ڕاگەیێندراوەکەدا جەخت لەسەر پەیڕەوکردنی گفتوگۆی بەرپرسیارانە کراوەتەوە وەک تاقە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری هۆشداری دا کە “زمانی هەڕەشە و چەک تەنیا ڕشتنی خوێنی زیاتری لێ دەبێتەوە”، ئاماژەی بەوەش کرد کە شەڕی ناوخۆیی هیچ براوە و دۆڕاوێکی نییە، بەڵکو تەنیا نیشتمان و گەلی سووریا باجە قورسەکەی دەدەن.

داوای دانایی لە حکومەتی کاربەڕێکەر
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، داوای لە ئیدارەی حکومەتی کاربەڕێکەری سووریا کرد لە بڕیارەکانیدا هەست بە بەرپرسیارێتی و دانایی بکات. داواشی لێکردن کە پابەندی سەرخستنی زمانی دانوستان بن لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی گەلی سووریا و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە، هاوکات دووپاتی کردەوە، ئەوان ئامادەن بۆ تاوتوێکردنی سەرجەم دۆسییەکان بە مەبەستی شکستهێنان بەو هەوڵانەی دەیانەوێت فیتنە لە نێوان پێکهاتەکاندا دروست بکەن.

پێویستیی هەڵوێستی نێودەوڵەتی
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە کە هەڵوێستێکی ڕوون و هەنگاوی جیدی بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە هەر جەنگێکی نوێ لە سووریا. بەڕێوەبەرایەتییەکە داوای پشتیوانی لەو ڕێڕەوە سیاسییانە کرد کە گەرەنتی کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی گەلی سووریا دەکەن و ڕێگە لە ماڵوێرانیی زیاتر دەگرن.

 15 ساڵ ناڵاندن بەدەست جەنگەوە
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئاماژەی بەوەشکردووە، گەلی سووریا ماوەی 15 ساڵە بەدەست جەنگ و کوشتارەوە دەناڵێنێت و باجێکی گەورەی لەبەرامبەر سیاسەتەکانی دەسەڵاتی پێشوو داوە. لە ئێستادا سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی شەڕ و دروستکردنی داهاتوویەکی سەقامگیر دەکەن، نەک گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر و دەسپێکردنەوەی پێکدادانی سەربازی.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

کۆچبەرانی سەرێکانی لە کاتی سەرداندا بە دەستگرتن و تاڵانی ماڵەکانیان دەگەن

کۆچبەرانی سەرێکانی، کە پاش هێوربوونەوەی دۆخی ناوچەکە، بە سەردانێکی کورت دەڕۆنەوە ناوچە و گوندەکانیان، تا …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *