به‌په‌له

کۆمەڵکوژی ئێزدیەکان و ستراتیژیەتی جیۆپۆلیتیکی شنگال

قەندیل پرێس – ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری

شنگال ستراتیژیەتی جیۆپۆلیتیکی و ناوەندی ناکۆکی هێزی ناوخۆ و هەرێمایەتی
دوای دە ساڵ لە جینۆسایدی ئێزدی و ڕفاندنی هەزاران ژن و منداڵ لەلایەن داعشەوە چی دەگوزەرێت و بۆچی هێشتا شنگال دەناڵێنێت؟!

شارۆچکەی شنگال کە مێژوویەکی دێرینی هەیە و ئێزدیەکان بە پایتەختی خۆیان دەزانن و لەرووی ئیداریەوە ئەو قەزایەسەربە پارێزگای نەینەوایە و ٨٢ کم لە سەنتەری شاری موسڵ دوورە، هاوسنورە لەگەڵ سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)، ژمارەی دانیشتوانانی ئەم شارە بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی نیو ملیۆن کەسە، دانیشتوانی دەڤەرەکە نزیکەی %٧٥ کوردی ئێزدین، ڕێژەکەی دیکەشی لە کوردی مسوڵمانن و عەرەبی سوننە و مەسیحین پێکدێن.

لەکاتێکدا ١١ هەزار پێشمەرگە بۆ پاراستنی خەڵکی ئێزدی لە شنگال بوون، بەڵام وەک خەڵکەکەی بۆ قەندیل پرێس دەڵێن بێ شەڕ ئەو ناوچەیەیان چۆڵکردوە و ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەکدارانی داعـش هێرشیان کردە سەر شنگال و ڕووبارێک خـوێنیان ڕشت، هەزاران ژنیان ڕفاند، حسێن قایدی بەرپرسی نوسینگەی ڕزگارکراوانی ڕفێندراوی ئێزدی بە قەندیل پرێسی ڕایگەیاند: لەکارەساتی شنگالدا ٦٤١٧ ڕفێندراو هەن و تا ئێستا ٣٥٧٩ ڕزگارکراون، هەروەها ٢٥٩٦ ونبوون و چارەنوسیان نادیارە.

شنگال لەڕووی سیاسیەوە:
لەبەر پێگەی ستراتیجیی جوگرافیی شنگال، فۆکسی هەموو هێزەکازی ئێزدی، لایەنی کوردی بەتایبەت (پارتی) و (پــەکەکە) و هێزەکانی عێراق و هاوڵاتیانی هەرێمی لەسەرە، پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان باڵا دەست بوو بەڵام لەدوای کارەساتی شنگالەوە لە ساڵی ٢٠١٤، پێگەی پارتی کەم بۆتەوە و بۆشایی سیاسی دروستبووە، بە تایبەتی دوای ئەوەی گەریلاکانی هەپەگە و شەڕڤانانی یەپەگە ڕۆشتنە ناو شارەکە.

لایەنە سیاسیەکان لە شنگال:
پارتی دیموکراتی کوردستان: تا ساڵی ٢٠١٤ پارتی ھێزی یەکەم و باڵا دەست بوو، بەڵام دوای داگیرکردنی شنگال لە لایەن داعشەوە پێگەی جەماوەری و ھەژموونی پارتی لە شەنگال کەم بوویەوە.
تەڤگەری پێشکەوتووی ئێزدی (حرکة تقدم الازدیة): ئەم ھێزەی ئێزدی خاوەن پێگەیەکی جەماوەرییە، کورسیەکی لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق ھەیە، پەیوەندییەکی باش و نزیکیان لەگەڵ باڵی ڕەوتی حەکیم ھەیە.
(حرکة الاصلاح الازدیة): ئەم پارتە کۆنترین ھێزی سیاسیی ڕێکخستنی ئێزدییە و ڕادیکاڵە و زیاتر ئاین پەروەرانی ئێزدی تیایدا باڵا دەستن.
پارتی ئازادی دیموکراتی ئێزدی(پادی): ئەم لایەنە سیاسیە لەدوای کارەساتی شنگال لە ساڵی ٢٠١٤ دروستبووە و نزیکە لە ئایدولوژیای پەکەکـە و نوێنەری ئەوانن و خاوەنی پێگەی جەماوەرین و شەقام لە دەستی ئەواندایە.
پارتی دیموکراتی ئێزدی (ئێزدخان): ئەم ھێزە سیاسییە و لەلایەن حەیدەر شەشۆ ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دامەزراوە، پێگەی جەماوەری باشە و ھێزی چەکدارییان هەیە.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان: یەکێتی پێگەی جەماوەریی پێشتر بەھێز نەبوو، بەڵام لەئێستادا زیاتر وجودی خۆی ھەیە لەبەر ڕێککەوتن و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی نەینەوا و وەرگرتنی پۆستی بەڕێوبەرایەتی ناحیەی سنونێ و چەند پۆستێکی دیکە.
لایەنی دیکەی سیاسی ھەرێمی: پێگەی جەماوەری و وجودێکی باشیان نیە و هیچ پرۆژەیەکیان بۆ شنگال و ئێزدیان نییە.

شنگال لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە:
لەدوای داگیرکردنی شنگال لە لایەن چەکدارانی داعشەوە لە ڕێککەوتی ٢٠١٤/٨/٣ و دوای ھاتنی گەریلاکانی پەکەکـە و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆشاییەکی ئەمنی دروستبوو، لەدوای ١٧ ئۆکتوبەری ساڵی ٢٠١٧ و ھاتنی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ شنگال ئەمنییەتی شارەکە کەوتە دەست چەند ھێزێکی جیا جیا.
بەگشتی نزیکەی (٢٠) ھەزار چەکدار لە شنگال ھەیە و بەم شێوەیە دابەش بوون:

یەکەم: ٣٠٠٠ پێشمەرگە کە سەر بە سەر بە ھێزی حەفتای یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن.
دووەم: ١٠٠٠ چەکداری حەشدی شەعبی.
سێیەم: ھێزی پاراستنی ئێزدخان کە ژمارەیان نزیکەی ھەزار چەکدارن و سەر بە حزبی حەیدەر شەشۆن و سێ ساڵ پێش ئێستا خرانە سەر وەزارەتی پێشمەرگە لە ژێر کۆنترۆڵی حەیدەر شەشۆ.
چوارەم: ٢٥٠٠ چەکداری سوپای عێراق و پولیسی محەلی.
پێنچەم: دوای کشانەوەی ھێزەکانی یەپەگە و یەپەژە، یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان(یەپەژە) کە سەر بە پەکەکـەن دامەزان، کە لە خەڵکی ئێزدی شنگال پێکھاتوون و کاریگەرترین ھێزن.

شەشەم: یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەپەشە) ئەم ھێزە ئەرکی ئاسائیشی شنگال دەبینن و سەر بە پەکەکـەن، پێشتر حکوومەتا عێراق و لەئێستاداش حەشدی شەعبی موچەکانیان دابین دەکەن.

حەوتەم: ھێزەکانی پاراستنی جێگە ئاینییەکانی ئێزدییان کە ژمارەیان ١٥٠٠ چەکدارن و سەر بە قاسم شەشۆن کە سەر بە پارتین لە وەزارەتی پێشمەرگە.

ڕێککەوتنی حکوومەتی ھەرێم و عێراق:
خاڵی ڕێککەوتنی حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق لەسەر شنگال:
١- ھەڵبژاردنی قائیمقامێکی نوێ.
٢- حکوومەتی فیدرال ئیدارەی پرسی ئەمنی بکات.
٣- دامەزراندنی ٢٥٠٠ کەس لە خەڵکی شنگال و ئاوارەی شنگال و دروستکردنی ھێزێکی نوێ.
٤- کۆتایی هێنان بە پەکەکـە و ھەموو ئەو گروپانەی کە پەیوەندییان پێوەی هەیە .
٥- ھیچ کەسێکی سەر بە پەکەکـە نابێت لە ئەو ھێزە نویێە ئەمنییەدا دابمەزرێت.
٦- ھەولێر و بەغدا بە هەماھەنگی شنگال ئاوەدانبکەنەوە و بەڕێوەی ببەن.

حکوومەتی عیراقی بە سوپاوە، پارتی و حەیدەر شەشۆ و یەکێتی لەگەڵ ڕێککەوتنەکەدان، بەڵام حزبی (پادێ) کە نێزیکە لە پەکەکە، تەڤگەری پێشکەوتووی ئێزدی (حرکة تقدم الازدیة)، (حرکة الاصلاح الازدیة): کە شەقامی شنگال و جەماوەری دیکەیان لە دەستدایە دژی ئەو ڕێککەوتنەن.

پرسی ئەمنیەتی شنگال لە ڕێککەوتنی ھەولێر- بەغداد دا ئاماژە دەداتە دامەزراندنی ھێزێکی پۆلیس کە ژمارەیان ٢٥٠٠ کەسن و دەستکراوە بە ناو نوسینیان، ناونوسینیش لە کەمپی دھۆکی خەڵکی شەنگال دەستیپێکردووە و دەبێت لایەنگری سیاسی پارتی بن، ئەمەش بۆتە جێگای نیگەرانیی خەڵکی شنگال.

کێشە و پێداویستیەکانی شنگال:
یەکەم: بارودوخی ئەمنی جێگیر نییە بەهۆی زۆریی ھێز و سەربازی حکوومەتی هەرێم و عێراق، ھەروەها لایەنی سیاسی و گروپی دیکەی  تێدابوو .
دووەم: خزمەتگوزاری وەک پێویست بۆ شارەکە نییە، پرۆسەی دووبارە ئاوەدانکردنەوە باش نییە.
سێیەم: پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارە بۆ شەنگال لاوازە، ھەتا ئێستا تەنیا نزیکەی ٣٥٪‏ خەڵکی شەنگال گەڕاونەتەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر ڕێککەوتننامەی حکوومەتی ھەرێم و عێراق و ترسی تێکچوونی بارودوخی ئەمنی ئەم پرۆسەیە ڕاوەستاوە.
چوارەم: نەبوونی ئیدارەیەکی دامەزراوەیی  حکوومی بەھێز و باڵادەست بێت، چونکە ھەر دەڤەرێک لە ژێر کۆنترۆڵی ھێزێکدایە.

نزیکەی ٧٤ جینۆساید یان بە مانا ئایینەکەی ئێزدیەکان کە پێی دەڵێن “فەرمان” بەسەر ئێزدیەکاندا ھاتووە و تا ئێستا نە حکومەتی ھەرێم و نە عیراق کار بۆ پاراستنی ئێزدییەکان و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ شنگالیەکان نەکردووە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

مەزڵوم عەبدی: بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەجێگەی خۆیان دەمێننەوە

مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ باس له‌ ورده‌كارییه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌ی 29ی كانونی دوه‌م ده‌كات و ده‌ڵێت، …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *