قەندیل پرێس – دوسیەی ئێراق
کۆبونەوەی نێوان مارک ساڤایای نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە عێراق و وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە واشنتۆن، کەمتر لە چوار کاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی دروستكردنەوەی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە لایەن هێزە شیعەكانی عێراق ئەنجامدراوە.
کۆبوونەوەکە لە پنتاگۆن بەڕێوەچووە، نەک لە وەزارەتی دەرەوە، كە ئەگەری گۆڕانکاری لە سیاسەتی واشنتۆن بۆ پرسی عێراق هەیە، بە تایبەتی دوای ئەوەی هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن گروپە چەكدارییە شیعەكان لە عێراق زاڵ دەبن و كاریگەرییان لەسەر حکومەتی داهاتووی عێراق دەبێت، كە زیاتر لە شەست کورسی بە تاک و نزیکەی سەد و هەشتا کورسییان بەکۆمەڵ لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەیە.
بە گوێرەی سەرچاوە هەوڵییەكان، کۆبوونەوەکە تەنیا كڵێشەیی نەبووە، بەڵکو بەشێکە لە هەڵسەنگاندنەوە بۆ ئەولەویەتەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەغداد، كە نیشاندانی پشتیوانییەکی ڕوونە بۆ سەروەری عێراق و دامەزراوەکانی، لەگەڵ خواستێکی ئەمریکی بۆ پاڵنانی حکومەتی داهاتوو بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی دەست گروپە چەكدارییەكان و کەمکردنەوەی کاریگەریی سەربازیی گرووپەكان لە چوارچێوەی پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا.
هەر بە گوێرەی سەرچاوەكان ، کۆبوونەوەکە ڕەنگدانەوەی خواستی ئەمریکییە بۆ دابینکردنی ڕووپۆشی سیاسی بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق لە بەرامبەر فشارە ناوخۆییەکان، بە مەرجێک بەغدا هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بنێت.
هەروەها كۆبوونەوەكە پەیامێكیشە تایبەتە بە داڕشتنەوەی نفوزی ئەمەریکا لە چوارچێوەی عێراق لە ڕێگەی کەرەستەی ئابووری و مەدەنییەوە، جگە لە ئامرازە ئەمنییەکان.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژرادنی ئەنجومەنی نوێنەرانیی عێراق، ئێستا ئەو وڵاتە لە وەرچەرخانێکی مێژووییدایە هەڵبژاردنێک کە بەپێ ئەنجامەکانی دەکرێت سیناریوکانی ڕابردوو دووبارەببنەوە، ڕەنگە ڕۆڵی عێراق لە ناوچەکەدا پێناسە بکاتەوە. هەڵبژاردنی خولی شەشەمی عێراق تەنیا ڕووداوێکی ناوخۆیی نییە، ئەم کێبڕکێ سیاسییە دەتوانێت ئاسۆیەکی نوێ لە پەیوەندییە ناوچەییەکان و بە تایبەت لە سیاسەت و هەژموونی ئێراندا و ئەمریکادا بکاتەوە.
دوابەدوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەزیری دەرەوەی ئێران پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیران و لایەنە سیاسییەکان کرد، بەڵام بەرپرسانی ئێران دەزانن کە ئەم هەڵبژاردنە رەنگە ئاراستەی سیاسەت لە عێراق دابڕێژێتەوە و بەشیک لە شرۆڤەکارانیش دەڵێن داهاتووی سیاسی عێراق لە پێشبڕکێی تاران و واشنتن دیاری دەکرێت.
لەلایەن خۆشییەوە، مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد، بەڵام لەهەمانکاتیشدا جەختیکردەوە “وڵاتەکەی بە توندی پابەندە بەوەی دەبێت سنورێک بۆ گروپە چەکدارەکان دابنرێت”.
هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق بۆ ئێران هەم دەرفەتە و هەم هەڕەشەیە بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی یان لاوازبوونی هەژمۆنی؛ ئەگەرنا وردە وردە لە سیاسەتی عێراق پەراوێز دەخرێت و ئەمەش بەشێکی گرنگی هاوکێشەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە ناوچەکەدا دەبێت کە لەبەرامبەردا هەژمۆنی ئەمریکا لە ئێراق بەهێزتر دەبێت و راستەوخۆ گۆشاری زیاتر دەکەوێتە سەر تاران.
قەندیل پرێس