به‌په‌له

کاوە ئاهەنگەری: پاشاییخوازەکان بە گشتی لە ئێعدام کرانی ئەو چوار ڕۆڵەیە نارازی نەبوون

قەندیل‌پرێس: سڵاو و ڕێز کاک کاوە، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل‌پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، هەروا کە ئاگادارن ڕۆژی ۹ی ڕێبەندان چوار ڕۆڵەی نیشتمان و ئەندامی کۆمەڵە بە ناوەکانی وەفا ئازەربار، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و پژمان فاتیحی لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارە دران، بە ڕای بەڕێزتان بۆ لەم کاتەدا کۆماری ئیسلامی ئەم چوار لاوە تێکۆشەرەی کوردستانی لەسێدارەدا؟

کاوە ئاهەنگەری: سڵاو لە خۆتان و کوردستانی سەربەرز.
هەمیشە کاتێک ڕژیم دەکەوێتە ژێر زەختی نێوخۆیی و لە حەلکردنی کێشەکاندا دەستەوەستان دەمێنێ و لە لایەکی دیکەشەوە بزووتنەوە و شۆڕش جێگیرتر دەبێ و سیمای راستەقینەی ڕژیم زیاتر بۆ گەلانی ئێران دەردەکەوێ، ژووری فکری ڕژیم پێویستی بە سناریۆیەک بۆ بە لاڕێدابردنی بیڕوڕا و خافڵاندنی خەڵک دەبێ. بۆیە لێرەشدا دیواری کورتتر لە کورد و بەلووچ و گەلانی بندەست شک نابات و  دەکەوێتە گیانی ڕۆڵەی کورد.
ئەگەر سەرنجتان دابێ ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک باسی نادرووستی «تجزیە طلبی» زەق کراوەتەوە و ئێعدامی چەند لاوی کوردیش لەم فەزا شێوێندراوە، باشترین دەرفەتە بۆ رژیم.

قەندیل‌پرێس: هەڵسەنگاندنی جەنابتان لە کاردانەوەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بەرامبەر بە لەسێدارەدانی ئەم چوار پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات چییه؟

کاوە ئاهەنگەری: کورد بە گشتی (چ خەڵک و چ حیزبەکانی) ئازادیخوازن و کوشتن و ئێعدامی رۆڵەکانی کورد بۆ هەموو تاک و لایەنێکی کوردستانی ناخۆشە، هەربۆیە ئاساییە کە خەڵک و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات یەکجێ و هاوئاهەنگ بە دژ ئەم جینایەتە دەوەستنەوە.
لە لایەکی دیکەوە دەمێکە ئێمەی کورد بە تێگەیشتنێکی هاوبەش لە دەردی هاوبەشمان گەیشتین. بۆیە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات یەک دەنگە. ئینجا بەدەر لەوەش کاتێک مرۆڤێک ئێعدام دەکرێ ئیتر مانای نیە باس لە ئەندامەتی و نێوی حیزبەکەی بکرێ لەبەر ئەوەیکە ئێعدامی هەر مرۆڤێک بە هەر باوەڕ و بۆچوونێکی سیاسییەوە لە راستیدا شکاندنی کەڕامەتی هەموو مڕۆڤاتی و پێشێلکردنی بناغەییترین و سەرەکیترین مافی مرۆڤ واتە مافی حەیات و ژیانە.
بۆیە رووبەڕووبوونەوەی بە کۆ بەرانبەر بە وەها پێشێلکارییەک بۆ کورد کە بۆخۆی بۆ ژیان شەڕ دەکات چاوەڕوان کراوە.

قەندیل‌پرێس: هەڵسەنگاندنی بەڕێزتان لە کاردانەوەی کۆمەڵگای فارس و بە گشتی ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرا، بەرامبەر بە لە سێدارەدانی ئەم چوار لاوە کوردە چییە؟

کاوە ئاهەنگەری: دیارە سەختە باس لە بیروڕای خەڵک بکەین چوون داتا و فەکتێکی بەهێزمان لەدەستدا نیە بەڵام
بە دڵنیاییەوە دەتوانین لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا قسە بکەین. ناوەندگەراکان دوو جۆرن؛ کۆماریخواز و پاشاییخواز. کۆماریخوازە ناوەندگەراکان بە گشتی و بە خشتە دژی ئەم
ئێعدامە بوون بەڵام پاشاییخوازەکان بە گشتی لە ئێعدام کرانی ئەو چوار ڕۆڵەیە نارازی نەبوون بۆ نموونە چۆنێتی تەعامول و پەرچەکرداری سەمبوولی پاشاییخوازەکان واتە رەزا پەهلەوی. تەنانەت ئاماژەی بە نێوی ئەو شەهیدانە کردوە.
هەر وەها دەیان کەسایەتی ناسراوی پاشاییخواز کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەریکن ئاو لە ئاشی کۆماری ئیسلامی دەکەن.
بەڵام لە لایەکی  دیکەوە گەڵانی غەیرە فارس زۆر بە تووندی ئەم کردوە قێزەونەی ڕژیمیان مەحکووم کردوە.

قەندیل‌پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، ساڵانێکە لاوانی کوردستان بە دەست ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە دەدرن، بە ڕای ئێوە چ دەتوانێت بکرێت کە پێش بەمە بگیردرێت؟

کاوە ئاهەنگەری: بە باوەڕی من پێویست ناکات زیاترین تێچووی بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەبێ بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە رێبەریی سیاسی کورد وەدوای ئاواڵ و پاڕتنێری سیاسی باش بکەوێ. یەکەم
کار کە دەبێ بیرێکی جیددی لێ بکرێت هاوپەیمانێتی نێوان نەتەوە ژێردەستەکانە کە پێویستە زۆر جیددیتر و حیرفەییتر وەک پڕۆژەیەکی زەروور چاوی لێ بکرێ.
دووهەم زەروورەت پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لە نێوان نەتەوە ژێر دەستە. و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی نزیک لەو نەتەوانە.
سێهەم پێکهێنانی مکانیزمێکی هاوکاری لە نێوان کۆمەڵگای مەدەنی نێوخۆی ئێران کە ڕۆڵێکی گرینگ و سەرەکیان لە رێبەریی و بەڕێوەبەریی دینامیزمی کۆمەڵگادا هەیە.
ئینجا پشتیوانیکردنی کۆمەڵگای دیاسپۆڕا و لابیگەریکردن لە دەرەوەی وڵات.
لە کۆتایشدا پێویستە لە سەر «مافی بەرگری ڕەوا» وەک وڵام و رێکار چاو لێبکرێت.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. عادڵ ئەلیاسی: پەیوەست بوونی بازاڕیان بە ناڕەزایەتیەکان، تەرازووی هێز بە زەرەری کۆماری ئیسلامی دەشکێنێتەوە

د. عادڵ ئه‌لیاسی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە وتووێژێکی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *