ڕزگار ڕەوشەنی، ئەندامی مەجلیسی پژاک لە ئەورووپا دەڵێت، “پژاک بیست ساڵ بەر لە ئێستا زەمینە فیکری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» کە ئەمڕۆ بوەتە ناسناوی خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و بە سەرانسەر ئێران دا بڵاو بوەتەوە، هەنگاو بە هەنگاو ئامادە کرد. پژاک ئەم دڕۆشمەی لە ڕوویی تیئۆری و فەلسەفییەوە بردە ناو گوتاری کوردی بگرە وێژمانی ئێرانیش.”
قەندیل پرێس: سڵاو و ڕێز کاک ڕزگار، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، بۆ بیست ساڵ دەڕوات کە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دامەزراوە، بۆمان بفرمن پژاک بۆ چی دامەزرا؟ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ پێویستیەکی بە دامەزراندنی حێزبێکی نوێ بوو؟
ڕزگار ڕەوشەنی: بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت هۆکارە هەرێمییەکان (دەرەکی) و ناوخۆیییەکانی ئەو سەردەمە شرۆڤە بکڕێت. سەرەتای دەیەی دوو هەزار گۆڕانکاری چارەنووسساز لە ڕۆژهەڵاتی ناویین ڕوو دەدات. دەستتێوەردانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان دەبێتە هۆیی هەڵگرسانی شەڕی جیهانی سێیەم و پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بۆ سەر ڕێبەر ئاپۆ ئەم شەڕە قووڵتر دەکاتەوە. ئەمریکا لە ڕێگایی شەڕی عێراق و ئەفغانستان هێژمۆنی خۆی لە دوو قۆڵەوە دەگەیەنێتە سنوورەکانی ئێران. کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی سوپای پاسداران وەک دەوڵەتی هاوتەریب دەستبەسەر جومگە سەرەکییەکانی سیاسەت، ئابووری و کۆمەڵگا بگرێت و بەو جۆرەی دەیەوێت ئەو جومگانە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان و سەرکوتی گشتگیری کۆمەڵگای ئێران بەتایبەتی کوردستان بەکاربهێنیت. بە بەرزبوونەوە و قووڵبوونەوەی دەسەڵاتەکانی سوپای پاسدارن لە ناو ڕژیمدا، سەردەمی ڕێفۆرمخوازی لە ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت و قۆناخی بناژۆخوازەکان دەست پێ دەکات. ئەم گۆڕانکارییانە سیاسەتی ملیتاریزەکردنی کۆمەڵگای ئێران بە تایبەتی سەرکوت کاری بۆ سەر کۆمەڵگایی کوردستان چڕتر دەکاتەوە. بەردەوام بوونی ئەم بارودۆخە لە بەرژەوەندی دەسەڵات دژ بە کۆمەڵگا هاوکاتە لەگەڵ بێ ئاکاممانی مۆدێلی کلاسیکی تێکۆشان و سنووردارکردنی ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی لە باشوور، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی بێ هیوایی و لاوازبوونی ئیرادەی کۆمەڵایەتی گەل لە ڕۆژهەڵات. پژاک لەم بارودۆخەدا بەم هۆیانە بە ئامانجی زیندووکردنەوەی هیوا، ئیرادە و ناسنامە نەتەوەیی بۆ تاک و کۆمەڵگا و پڕکردنەوەی بۆشایی هێزێکی شۆڕشگێری لە ڕۆژهەڵات بە ئامانجی تێکۆشان بۆ چارەسەری پرسی کورد و خاوەنداریەتی لە تاک و کۆمەڵگا بە تێڕوانین و جیهانبینییەکی جیاوازتر لەسەر بنەمایی پرۆژەی کۆنفدرالیسمی دیموکراتیک دامەزڕا.
قەندیل پرێس: بە ڕای بەڕێزتان دەستکەوتەکانی پژاک لەم بیست ساڵە چین؟
ڕزگار ڕەوشەنی: دامەزراندنی پژاک واتە دەستپێکردنی شۆرشێکی نوێ زهنییەتی و کۆمەڵایەتی، و هەستانەوەی نەتەوەیی و پەرەسەندی پانتایی هێلی وڵاتپارێزی، هەروەها یەکانگیرکردنی ناسنامەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەمە دەسکەوتی گشتی پژاک بە دڕێژایی بیست ساڵ تیکۆشانیەتی. بە دیاریکراوی گەڕانەوەی هیوا و ئیرادە لەو سەردەمە بۆ کۆمەڵگا دەرەئجامی خەباتی رادیکاڵی پژاک بوو. ئەگەر ئەمڕۆ کرماشان و ئیلام لە ڕوویی کۆمەڵایەتی و سیاسەیەوە پەیوەست بوون بە تێکۆشانی نەتەوەیی لە هەرێمەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات، ئەوە دەرهاوێشتەی ڕۆڵی سەرەکی ساڵها تێکۆشانی کەلتووری، میدیایی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و بگرە نیزامی پژاکە لەو ناوچانە. نەورۆز ئەمساڵ لە کرماشان و ئیلام زۆر تایبەت بوو، بە گشتی ناسنامەی کوردی و وڵاتپارێزی لە نەورۆزی ئەمساڵی بە ڕوونی دەرکەوت. پژاک لەم بوارە بۆ بەرزکردنەوەی هەستی وڵاتپارێزی و زیندووکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی تیکۆشانی بێوچانی کردووە و دەورێکی سەرەکی هەبووە. هەر لە وڵامی ئەم پرسیارە؛ پژاک بیست ساڵ بەر لە ئێستا زەمینە فیکری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» کە ئەمڕۆ بوەتە ناسناوی خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و بە سەرانسەر ئێران دا بڵاو بوەتەوە، هەنگاو بە هەنگاو ئامادە کرد. پژاک ئەم دڕۆشمەی لە ڕوویی تیئۆری و فەلسەفییەوە بردە ناو گوتاری کوردی بگرە وێژمانی ئێرانیش. هەروەها هەزاران تاک لەسەر بنەمای فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی بە شێوازی جۆراوجۆر پەروەردە کراون هەر بۆیە بە دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان دوای کۆشتنی ژینا ئەمینی ئەم درۆشمە تەقییەوە و زۆرتر بڵاوبۆیەوە. پژاک لە پێناو بەدەستهاتنی ئەم دەسکەوتانە و دەسکەوتەکانی دیکەی سەدان کادر و خەباتکاری شەهید بوون و بریندار بوون، زیندانی و لەسێدارە دران و ئەمەش نرخ و بەهای ئەم دەسکەوتانەیە.
قەندیل پرێس: بە باوڕی بەڕێزتان ئێستا پژاک چ پێگەیەکی لە ناو گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە نێوان حێزبەکانی ڕۆژهەڵات هەیە؟
ڕزگار ڕەوشەنی: بۆ لێکدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بڵێم؛ ئەگەر کۆماری داگیرکەری ئێران تەنها بە کورد نارۆخێت، ئەوە ڕزگاری نەتەوەی و گۆرانکاری مایەندە لە ڕۆژهەڵات بە بێ پژاک مەحاڵە! ئەم لێکدانەوە ئاستی پژاک لە ناو ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی دیار دەکات. ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی ئەمڕۆ ڕیاڵتر لە پێشتر بیردەکەنەوە، چیتر هیچ لایەنێک نییە کە رەوڵی گرینگ و دیارکەری پژاک لەو ناو هاوکێشە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لایی ڕوون نەبێت و قبووڵی نەکردبێت.
لەوانەیە هەندێک گرووپ و کەس هەن لە بەر ئامانجی تایبەت هەوڵی دژایەتی پژاک دەدەن کە ئەوانەش زۆر گرینگ نین. لە ڕوویی کۆمەڵایەتییەوە بێ گۆمان پژاک خاوەن جەماوەر و کاریگەرییە لەسەر تاک و کۆمەڵگا. ئەمڕۆ پژاک بەشێک لە ناسنامەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتە و بە پێچەوانەکەشی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بەشێکە لە پژاک. سەڕەرای چاوەڕوانی زۆر و ئەو ڕخنە خۆڵقێنەرانەی لەسەر پژاک هەیە، پژاک ئەمڕۆ هێزی پێشەنگی کۆمەڵگایە و خاوەن ئامادەترین هێزی سیاسی، نیزامی و بەڕێوەبەرە بۆ ئەگەرەکانی پێشەروو، بەڵام ئەوە بەو واتا نییە کە پژاک کەمووکۆری نییە. پژاک هێزێکی زیندووە و خاوەن هێزی گۆڕانکاری و ڕخنەگرتنە لە خۆی، لە بیست ساڵی ڕابردوودا قۆناخ بە قۆناخ گۆڕانکاری ڕێکخستنی لە ناو پژاکدا بە ئامانجی خۆ نوێ کردنەوە لەگەڵ کۆمەڵگا و پێویستییەکانی ڕوویی داوە و بێ گۆمان لەئەگەری پێویستیدا دیسان گۆڕانکاری ڕوو دەدات.
قەندیل پرێس