قەسەدە لەبارەی هێرشی سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود ڕایگەیاند: “ئەو گرووپانە هەوڵی لەشکرکێشی بە تانک و زرێپۆش دەدەن و گەڕەکەکان بە هاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەنە ئامانج، دیمەشق بەرپرسیاری یەکەمی هێرشەکانە”.
هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) ڕاگەیاندراوێکی لەسەر پەلاماردانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، لەلایەن چەکدارانی حکومەتی کاتیی سووریاوە بڵاو کردەوە و دەڵێت: “هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بانگەشەی بێ بنەما بڵاودەکەنەوە، کە گوایە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک هێرشیان کردووەتە سەر بازگەکانی چەکدارانی حکومەتی دیمەشق، ئێمە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە جەخت دەکەینەوە، کە ئەم بانگەشانە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نین، هێزەکانی ئێمە لە دوای کشانەوەیان بەپێی ڕێککەوتنی ١ـی نیسان، هیچ بوونێکیان لە ناوچەکەدا نییە”.
دەشڵێت: “ئەوەی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود ڕوودەدات، دەرەنجامی زنجیرەیەک هێرشی بەردەوامی گرووپەکانی حکومەتی دیمەشقە دژی دانیشتووانی گەڕەکە کوردییەکان، کە گەمارۆیەکی ئەمنی و مرۆیی خنکێنەریان سەپاندووە، هاوکاری و پێداویستییە پزیشکییەکانیان بڕیوە، و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانیان ڕفاندووە، و بەردەوام بوون لە هەراسانکردنی ڕۆژانەی دانیشتووان لەسەر بازگەکان و لە دەوروبەری هەردوو گەڕەکەکەدا، و لەم دواییانەشدا ساترە خۆڵییەکانیان لە دەوروبەری هەردوو گەڕەکەکە داناوە و گەمارۆیان سەپاندووە”.
قەسەدە دەشڵێت: “لە پەرەسەندنێکی مەترسیداردا، ئەو گرووپانە هەوڵی پێشڕەویکردن بە تانک و زرێپۆش دەدەن و گەڕەکەکان بە هاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەنە ئامانج، کە قوربانی لێکەوتۆتەوە و زیانێکی گەورە بە موڵک و ماڵەکان. کەوتووە”.
لە کۆتاییدا دەڵێت: “حکومەتی دیمەشق بە بەرپرسیاری تەواو و ڕاستەوخۆ دەزانین لە بەردەوامیی گەمارۆ خنکێنەرەکە و پێشێلکارییە سیستماتیکەکان بەرامبەر بە هاووڵاتیانی مەدەنی و لە پەرەسەندنە مەترسیدارەکەی ئەم دواییە کە ئازارەکانی دانیشتووان قووڵتر دەکاتەوە و هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات”.
قەندیل پرێس