قەندیلپرێس – هۆڵەند
ئەم پانێلە لە لایەن، بەسێ شاماری، شیوا عاملی ڕاد، ناوخاس نەزەری، ئازاد حاجیئاقایی و سومەیە ڕۆستەم پوور، بەڕێوەبرا و بە گشتی لە سەر تەوەری شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هەروەها نەورۆزی ئەمساڵ بوو و بەسێ شاماری جەختی لەوە کردەوە کە تەکاندنی هەر چۆپییەک تەکاندنی پایە و بناغەی ڕژێمە و دەبێ ڕۆشنبیران و پارتە پێشڕەوەکان پیشان بدەن کە دەنگی خەڵکیان بیستووە.
شیوا عاملیڕاد کە لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانس بەشدای پانێلەکە بوو دەوری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕۆشنبیران و پارتە سیاسییەکان و کاریگەری ئەوان لە سەر کۆمەڵگا و شۆڕش و چالاکییەکان باس کرد و ئاماژەی دا بە گرینگی پێوەندی و هاوئاهەنگی نێوان ئەم سێ بەشە و هەروەها پوختەیەکی لە بارەی کار و چالاکی و ئەزموونەکانی ئەنجوومەنی مامۆستایانی کوردستان پێشکەش کرد و وتی کە بە هۆی تایبەتمەندی کۆمەڵگای کوردستان کە خۆی کۆمەڵگایەکی سیاسی و ڕێکخراوە ئەو ئەنجوومەنەش لە چاو دیکەی ناوچەکانی ئێران جیاوازی زۆری هەیە و سەرەڕای ئەوەش بەشێوەی دوورەپەرێزی سەیری بابەتەکان ناکات و هەوڵ ئەدات لەگەڵ هاوچارەنووسەکانی خۆی وەکوو نەتەوەی بەلووچ و عەرەب و ئەوانیتر پێوەندی و هاوئاهەنگی دروست بکا.
جەختیشی کرد کە ئەگەر مامۆستایانی دیکەی ناچەکانی ئێران وەکوو مامۆستایانی کوردستان بوایین، چارەنووسی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی زۆر جیاواز لەوەی ئێستای دەبوو.
وتیشی کە گەلی کورد بە گشتی تووشی کێشەی نەتەوایەتیە و داوای مافی چارەی خۆنووسین دەکات، بەڵام لایەنی ئێرانی بەپارتی چەپ و ڕاست و ڕۆشنبیر و ڕیفۆرم خواز هەموو دژ بە خواستی گەلی کوردن و لە سەر پاراستنی یەکپارچەیی خاک، وەک مانیفێستی هاوبەشی هەموویان پێداگری دەکەن.
د. ئازاد حاجیئاقایی لە بارەی لایەنەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هەڵوێستی حزبەکان ئاماژەی بەوەدا کە لە سەرەتای شۆڕش گوشاری خەڵک بوو بە هۆی نێزیک بوونەوەی حزبەکان بەڵام دواتر ئەوە کاڵ بوویەوە و ئەو دەرفەتەی خەڵک لە سەر شەقام دروستی کردبوو بە هۆی هەنگاونانی هەڵەی هەندێ لە حزبەکان لە باربرا.
ئاماژەی بەوەشدا سەرەڕای هەوڵەکانی ئێنتێلجێنسیای کوردی، ناتەبایی حزبەکان بەردەوامە و قەیرانێکی چەندین ساڵەیە، تووشی دابەش بوونی گوتاری سیاسیە و ئێمەی کورد داهاتوومان ڕابردوومانە و هەڵەکان دووپات دەکەینەوە و یەکگرتنی حزبە سیاسیەکان لە بەر ئەوەی هەریەک ئەجێندای سیاسی خۆیان هەیە، ناکرێت بەڵام دەبوایە لە سەر داوای خەڵک لێک نێزیک ببنەوە بەڵام شتێک بە ناو پابلیک بوونی سیاسی لە لایەن حزبەکانەوە پێناسە نەکراوە.
هەروەها تیشکی خستەسەر پرێپێرزێنتەیشێنی کۆمەڵگای کوردی لە میدیا و سەتەلایتەکان و وتی ئەگەر سەیری پرۆگرامی حزبەکان بکرێت دەبینین کە خاڵی لێکچوونیان زۆرە و جیاوازییەکان کەمن، بەڵام کێشە لەوەدایە ئێستاش ئامادە نین لەزمانی ڕاگەیاندنیش هەنگاوێک هەڵگرن بۆ پڕ کردنەوەی نەبوونی هاوئاهەنگی و هاوچارەنووسی لە ئەگەری دروست بوونی بۆشایێکی سیاسی.
هەروەها پێشنیاریشی کرد بۆ ئاکادیمیسییەنەکان و کەسانی چالاک، پلاتفۆرمێکی میدیایی بۆ کاری هاوبەش دروست بکەن و بتوانن لە کەسانی نۆخبە و ئەنتێلئەکتیۆل کەڵک وەربگرن و لە بیری تەسکی حزبایەتی درباز ببن.
سومەیە ڕووستەمپوور یەکێکیتر بوو لە پانێلیستەکان کە لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بەشداری کرد، ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لە کەموکۆرتییەکانی شۆڕشی ژینا لە بواری فیمینیستییەو کرد و ئاماژەی بەوەدا لە وتەکانیدا مەبەستی لە ژن هەموو ئینسانێکە کە خۆی بەژن پێناسە دەکات.
وتیشی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازای و هەموو شۆڕشەکانی سەدەی ڕابردوو تا ئێستا لە جیهان هەمیشە ژنان پێشەنگی شۆڕش بوون، بەشداریان کردووە و قوربانیان داوە کە چی دواتر لە دەستکەوتی شۆڕش و مافەکانی خۆیان بێبەش ماونەوتەوە و بە دەستی پیاو سالاری بردراونەتەوە بۆ چوارچێوەی ناوماڵ و بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دیاردەیە، پێویستە شۆڕشێکی فیکری لە ناخی کۆمەڵگای کوردستان دروست ببێت، چونکە فیمینیستەکان بە دروستی پیشانیاندا کە هەموو شتێ کە پێوەندی بە ماڵ، ژن و پێوەندییەکانی نێوان بنەماڵە و کۆمەڵگا ڕوو دەدات، سیاسییە.
بەڕای ئەم پانێلیستە، لە نەورۆزی ئەمساڵیشدا بە نەوعێک هەوڵ درا ڕوواڵەت و وێنەی واقعی ژنان و کێشەکان و ئازارەکانی ژنان لە ژێر ڕەنگ و نمایشێک لە جوانی بشاردرێتەوەو لە جیاتی سووأە بوونی ژن، فیتیشیسم و سیاسەتێکی جەستەیی دروست بوو و چالاکی و دەوری ژنان تەنیا بە هەڵپەڕکێ سنووردار کرا و سیاسەتێکی فیمینیستی نەبوو.
جەختیشی کرد کە کێشەی گرینگی فیمینیسم لە ئاستی نێونەتەوەیی ئەوەیە کە سیستەمی مۆدێڕنیتەی کاپیتالیسم، سوء ئیستفادەی لە چەپ و فیمینیسم کرد، بەڵام لەم قۆناغەدا دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بۆتە ئەو ئامێرەی کە ئەتوانێت جیا بێت لە سیستەم و وەک هەڵقوڵاوەی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک دژ بە سیستەم بوەستێتەوە.
ناوخاس نەزەری، وتارەکەی بە زاراوەی کەڵهۆڕی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر لایەنە جیاواز و نەبیندراوەکانی ناوچەکانی کرماشان و ئیلام و لۆڕستان و خەڵکی کەڵهۆر و لەک و لۆڕ و یارسان و جەختی لە کوردبوونی وان کردەوە و وتی کە بە درێژایی ئەم ساڵانە دژ بە ئاسیمیلاسیۆن وەستاون و شۆناسی نەتەوەیی و ئایینی خۆیان پاراستووەو کەس ناتوانێت لەوان کوردتر بێت و ئەم ناوچانە لە سەد ساڵی ڕابردوو دژی ئاسیمیلاسیۆن داگیرکاری و ناوەندگەرایی پەهلەویی و ئیسلامی ڕاوەستاون و بەرخۆدانیان کردوە.
وتیشی کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی خاڵێکی وەرچەرخانی مەزن بوو و بۆ یەکەم جار لە مێژووی گەلی کورد بووین بە خاوەنی یەک تێئۆریای نوێ بەڵام دوای شەش مانگ تا ڕادەیێک تووشی شکەست بوو، چونکە بەشێکی گەورەی خەڵکی ئێران بە هۆی ئایدۆلۆژیای زاڵ بە سەر شۆڕشەکە، پاڵپشتییان لێوە نەکرد و تێزی ئیسلامیزمی شیعەی ئەسنا ئەعشەری ناوەند کە ئیستبدادی ئایینیە وەکوو هەڕەشەیێک چاوی لەوە کرد.
سەنتێزی ئەم دیسکۆرس و دەرگیری و شۆڕشی کە لە ئێران و ڕۆژهەڵات دروست بوو، زیاتر لە قەبارەی خۆی گەورەو نەکرا.
قەندیل پرێس


