له كۆبونه‌وه‌ی لیژنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی توركیادا، پوخته‌ی كۆنوسی كۆبونه‌وه‌ی وه‌فدی لیژنه‌كه له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان خوێندرایه‌وه. هه‌ندێك له ئه‌ندامانی لیژنه‌كه داوای ته‌واوی كۆنوسه‌كه‌یان كرد. به‌پێی پوخته‌كه، ئۆجه‌لان رایگه‌یاندوه، له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كانی خۆیه‌تی له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتی و له‌چوارچێوه‌ی ده‌رفه‌ته‌كاندا هه‌وڵی خۆی بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌كه ده‌دات.
لیژنه‌ی دیموکراسی، برایه‌تی و یەکگرتنی نەتەوەیی په‌رله‌مانی توركیا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، له كۆبونه‌وه‌ی خۆیدا پوخته‌ی كۆنوسی كۆبونه‌وه‌ی وه‌فدی لیژنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان بڵاوكرده‌وه كه له 24ی تشرینی دوه‌مدا سه‌ردانی ئیمراڵیان كردبو.
نو‌عمان کورتولموش، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا، له كۆبونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاند، تەواوی کۆنوسی كۆبونه‌وه‌ی وه‌فدی لیژنه‌كه‌و ئۆجه‌لان بڵاوناكه‌نه‌وه، لەبری ئەوە پوخته‌ی كۆنوسی كۆبونه‌وه‌كه ده‌خوێننه‌وه.
پاشان ئه‌حمه‌د بۆزكورت، جێگری سکرتێری گشتی پەڕلەمان كۆنوسی كۆبونه‌وه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌و رایگه‌یاند، ئەندامانی وه‌فدی لیژنه‌كه به‌بڕیاری لیژنه‌كه خۆی چونە دورگەی ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجه‌لان دیداریان ئەنجام دا. لە دیدارەکەدا عەبدوڵا ئۆجه‌لان لەسەر پەیوەندیی کورد و تورک و ئەو هەنگاوە بوێرانەیەی “لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە نراوە قسەی کردوە و سوپاسی سەرۆک کۆمار ره‌جه‌ب تەیب ئەردۆغانی کردوە.”
بۆزکورت وتی: “عەبدوڵا ئۆجه‌لان ڕایگەیاندوه کە ئەو لەسەر ئەو بەڵێنانەیە کە لە سەرەتای پرۆسەکەدا داونی و کاتێک مەرج و زەمینە بڕەخسێت، دەرفەتی تیۆری و پراکتیکی بۆ جێبەجێکردنیان گونجاوە. عەبدوڵا ئۆجه‌لان لەسەر پەیوەندییەکانی برایەتیی تورک و کورد و بنەما مێژوییەکەی وەستاوە.”
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا”عەبدوڵا ئۆجه‌لان وتویەتی، ئەو دەستی لە ڕێبازی چەک هەڵگرتوە و ڕێبازی سیاسی هەڵدەبژێرێت. هەروەها عەبدوڵا ئۆجه‌لان وتویەتی لە چوارچێوەی بانگەوازی 27ـی شوباتدا دەبێت هەمو بەشەکانی تەڤگەر دەستبەرداری چەک بن و ئەم بڕیارەش لەلایەن گەلەوە بە ئەرێنی پێشوازی لێ کراوە. عەبدوڵا ئۆجه‌لان باسی لەوە کردوە کە کاریگەریی ئەو لە سوریا و عێراقیش هەیە.”
هه‌ر به‌پێی پوخته‌ی كۆنوسی كۆبونه‌وه‌كه “کاتێک حوسێن یایمان ڕایگەیاند کە ئەوان بە هەستیاریی بنەماڵەی شەهیدانەوە هاتونەتە ئێرە، عەبدوڵا ئۆجه‌لان وتی، مەرگی هەر سەربازێک بۆ ئەو تراژیدیایەکە و دەبێت ئەم گەنجانە بەم شێوەیە نەمرن. دەبێت بە دڵنیاییەوە لە تورکیا و ناوچەکە چارەسەرێک بدۆزینەوەو خەمگینیی خۆی بۆ چالاکییەکەی توشاس دەربڕی.”
هه‌ر به‌گوێره‌ی پوخته‌كه “کاتێک به ئۆجه‌لان وتراوه بەکارهێنانی زمانی پێش لۆزان و دەستوری 1924 پرۆسەکە ژەهراوی دەکات. هەروەها پێی وتراوە کە دواجار کاتێک ئەندامانی پەکەکە لە زاپ کشاونەتەوە چەکیان بەدەستەوە بوەو ئەمەش لە ڕایگشتیدا ناڕەزایەتی دروستکردوە و بەگوێرەی بانگەوازەکە نەجوڵاونەتەوە. هەروەها پێی وتراوە کە دەبێت هەسەدە بەگوێرەی ڕێککەوتنی 10ی ئازار بجوڵێتەوە و دەبێت ئەوانیش بۆ سوریا بانگەوازێکی نوێ بکەن. دەستبەرداربونی چەک پەیوەندی بە هەمو بەشەکانی پەکەکەوە هەیە و هەروەها وتراوە چاودێری هەیە کە پەکەکە هێزەکانی خۆی کە لە عێراق دەکشێنێتەوە، ڕەوانەی ڕۆژاوایان دەکات. پێی وتراوە کە ئەمە دژی بانگەوازەکەی ئەوە. لەسەر ئەمە عەبدوڵا ئۆجه‌لان وتویەتی، پەکەکە نەک تەنیا ئەو چەکانەی کە بەدەستیەوەیەتی، بەڵکو دەبێت لە زهنییەتی خۆیشیدا چەک دابنێت.”
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌شدرا كه “عەبدوڵا ئۆجه‌لان سەبارەت بە لێدوانی 27ـی شوبات، ڕایگەیاند کە ئەو ساڵی ڕابردوی وەک سەرکەوتنێک بینیوە و ئاماژەی بەوە کرد کە لەم ماوەیەدا هیچ شەهیدێک نەدراوە و شەڕ ڕوی نەداوە. وتیشی، دەستپێشخەرییەکی سیاسیی گەورە بەدەستهاتوە، لەم چوارچێوەیەدا پشتیوانیی ڕایگشتی زیادی کردوە و باوەڕی وایە لە ماوەی داهاتودا هەندێک پرس کە ماوە چارەسەر دەکرێن.”
هه‌روه‌ها ئۆجه‌لان لەسەر ئەو قسەیەی کە “لە بابەتی هەنگاوی کۆنکرێتیدا دژایەتییەک هەیە، چونکە تەڤگەر ناوەندی خۆی لە قەندیلەوە بۆ گۆڕەپانی سوریا گواستوەتەوە و ئەمە کێشەکە چارەسەر ناکات، دەبێت ئەو خۆی (عەبدوڵا ئۆجه‌لان) وەک سەرۆکی ڕێکخراوەکە، بۆ هەر گۆڕەپانێک فەرمانی دڵنیایی بدات و کاتێک ئەم هەنگاوانە جێبەجێ کران دۆخێکی نوێ دێتە ئاراوە”. ئۆجه‌لان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا وتویه‌تی”ئێوە ئەم پرسیارەتان دوبارە کردەوە، ئەو لەسەر قسەکانی خۆیەتی و بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە لە هەوڵداندایە و لە چوارچێوەی دەرفەتەکاندا هەوڵەکانی خۆی دەدات.”
هه‌روه‌ها ئۆجه‌لان ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه كه ئەو بە ڕێزەوە لە بنەماڵەی شەهیدان دەڕوانێت و دەزانێت ئازارەکەیان چەندە گەورەیەو ئەو لێدوانەی خۆی بە دەقی “من ئامادەم خزمەتی دەوڵەت بکەم” کە لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە لە وتارەکەیدا وەبیرهێنرابوەوە، دوبارە کردەوە و لە بەرامبەر وشەی “فەرمو”دا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو لەسەر قسەکانی خۆیەتی و ئەگەر مەرج و دۆخەکە ڕێگەبدات و دەرفەتەکانی پەیوەندی زیاد ببن، دەرفەتی تیۆری و پراکتیکیی هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەمە.
لەسەر قسەکانی ئەوەی بانگەوازی 27ی شوبات دەوڵەتێکی جیاواز، فیدراسیۆن و خۆبەڕێوەبەریی ئیداری نییە و چارەسەریی کولتورییە، عەبدوڵا ئۆجه‌لان بە قسەی “بەڵێ، وایە” پشتڕاستی کردەوە.
هه‌ر به‌پێی پوخته‌كه، حسێن یایمانیش لە عەبدوڵا ئۆجه‌لانی پرسی؛ هەسەدە لە 10ـی ئازاردا رێككه‌وتنێكی واژۆ کرد. رێككه‌وتنه‌كه لە هەشت خاڵ پێکهاتوە و ئەوان ئەمە بە بنەما دەگرن و لەسەروی هەمویانەوە سوریا و بۆ تەواوی ناوچەکە دەبێت لە دژی هەڵمەتەکانی ئیسرائیل وریا بن و بۆ سوریا ئەوان سیستمێکی ناوەندی و دیموکراسیی هەرێمییان دەوێت. هەروەها پرسیویەتی؛ ئایا هێزی پاراستنی هەرێمی دەبێت یان نا، وەڵامی داوەتەوە و وتویەتی “نەخێر هێزی پاراستن نییە، تەنیا ئاسایش دەبێت”. هەروەها عەبدوڵا ئۆجه‌لان وتویەتی، لەم جوگرافیایەدا بەبێ کورد، تورک نابێت، بەبێ تورک کورد نابێت و باسی لە بنەمای مێژویی کردوە و نمونەی بە سوڵتان سانجار هێناوەتەوە.
عەبدوڵا ئۆجه‌لان ئاماژەی بەوەش کردوو کە ئەو بیری “سۆسیالیزمی ڕاستەقینەی”ـی لە 1995دا بەجێهێشتوە و گۆڕینی زهنییەت زەحمەت بوە و ویستویەتی پەکەکە لە ساڵی 1993دا کۆتایی بەکار و خەبات بێنێت. عەبدوڵا ئۆجه‌لان وتوشیەتی، هەمیشە دەستێک هەوڵەکانی ئەوی شکستپێهێناوە و ئەوەشی وەک میکانیزمی کودەتا پێناسە کردوە.
هەروەها عەبدوڵا ئۆجه‌لان وتویەتی، لە ساڵی 1993دا لەگەڵ تورگوت ئۆزال، نەجمەدین ئەربەکان و سولەیمان دەمیرەل بە شێوەیەک لە گفتوگۆدا بوە و هۆکاری ئەنجام نەگرتنی ئەمەش کاریگەریی میکانیزمی کودەتا بوە.
لە عەبدوڵا ئۆجه‌لان پرسیاری ئەوە کراوە “فەرهاد عەبدی شاهین (مەزلوم کۆبانێ) گوێی لێ دەگرێت یان نا؟” عەبدوڵا ئۆجه‌لانیش وتویەتی، ئەویش یەکێکە لە کەسە نزیکەکانی و پابەندە پێیەوە. عەبدوڵا ئۆجه‌لان وتوشیەتی، دەبێت ئەو هیچ کات دژی تورکیا بانگەشەیەک نەکات کە نەتوانێت جێبەجێی بکات و ئەمە پرۆسەکە تێکدەدات.
گوڵستان کلچ کۆچیگیتیش پرسیاری ئەوەی کردوە ئایا بۆ تەڤگەری ژنان هیچ دەڵێت یان نا؟ لەسەر ئەم پرسیارە عەبدوڵا ئۆجه‌لان وتوویەتی سڵاوی من بگەیەنن.
دوای خوێندنەوەی کورتەی تۆمارەکانی دیدارەکە، فەتی یڵدز هەستایە سەرپێ و وتی “لەسەر ئەمە ئەگەر شتێک نەوترێت باشترە”، دوای فەتی یڵدز، نو‌عمان کورتولموش وتی تۆ ڕاست دەکەیت و کۆتایی بە کۆبونەوەکە هێنا.
قەندیل پرێس