پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانى تورکیا بەردەوامە و پارتی دەم بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دیاریکرد.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان “پارتی دەم”، جەنگیز چانداری وەک بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دیاریکردووە.
ئەمڕۆ پارتی دەم بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ ناوێک بکات رایگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر دوو و 45 خولەک، بەربژێری خۆی بۆ ئەو پۆستە رادەستی سکرتارییەتی گشتیی پەرلەمان دەکات.
بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى تورکیا، پاش پێشکەشکردنی بەربژێری لایەنەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، پێویستە لە ماوەی پێنج رۆژدا پەرلەمانی تورکیا کۆببێتەوە و سەرۆکێک هەڵبژێرێت.
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان نهێنی دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی پشووەکانی جەژنی قوربانەوە، لە 3ـی حوزەیران، کۆتاییبێت.
لە خولى یەکەم و دووەمدا، بەربژێران پێویستە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنن کە دەکاتە 400 دەنگ لە کۆی 600 کورسی پەرلەمان.
ئەگەربێت و هیچ بەربژێرێک نەتوانێت ئەو ژمارە دەنگە بەدەستبهێنێت، لە خولى سێیەمدا، سەرۆکی پەرلەمان بە دەنگی زۆرینەی سادە واتە 300+1 هەڵدەبژێردرێت. ئەگەر هات و لە خولى سێیەمیشدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵنەبژێردرا، لە خولى چوارەمدا، لەو دوو بەربژێرەی دەمێننەوە، کامیان زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان.
لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەماندا، جارێکی دیکە ئەندامانی دیوانی سەرۆکایەتی و بریکارانی سەرۆکی پەرلەمان دیارییدەکرێن و پارتەکان بەربژێری خۆیان بۆ پۆستەکان، دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمان.
لە حەوتی حوزەیراندا ماوەی ئەرکی نوعمان کورتوڵموش، کۆتاییدێت و پێویستە بە 10 رۆژ بەر لەو وادەیە، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ دەستپێبکات، بەگوێرەی یاساش هەر خولێکی پەرلەمانی تورکیا پێنج ساڵە، لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا دوو سەرۆک هەڵدەبژێردرێت. ماوەی کاری سەرۆکی یەکەم دوو ساڵە.
بەگوێرەی زانیارییەکانیش، نوعمان کورتوڵموش، بەربژێری هاوبەشی ئاکپارتی و مەهەپەیە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە ماوەی دوو ساڵە سەرۆکی پەرلەمانە.
جەنگیز چاندار کێیە؟
1948 لە ئەنقەرە لەدایکبووە
1970 کۆلێجی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنقەرەی تەواوکردووە
1991-1993 راوێژکاری تایبەتی تورگوت ئۆزاڵ بووە
مام جەلال لە رێگەی چاندارەوە بووە نێوەندگیریی ئۆجەلان و ئۆزاڵ
چەند کتێبێکی نووسیوە لەوانەش شەمەندەفەری میزۆپۆتامیا
لە 2023 وەک پەرلەمانتاری پارتی دەم هەڵبژێردرا
هاوسەرگیریی کردووە و باوکی کچێکە
قەندیل پرێس