رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆڕناڵ”ـی ئەمریکی رایگەیاند، ئیسرائیل هەوڵ دەدات زلهێزەکانی جیهان رازیبکات سووریا بکرێتە فیدراڵی، بۆ ئەمەش بڕی یەک ملیار دۆلاری بۆ هاوکاریی دروزەکانی ئەو وڵاتە تەرخانکردووە.
شرۆڤەکاران بە رۆژنامە ئەمریکییەکەیان راگەیاندووە، ئامانجی ئیسرائیل لە پارەدارکردنی دروزەکان رێگریکردنە لە بەشداریی دروزەکان لە حکومەتی نوێ و سوپای نوێی سووریا.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئیسرائیل هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازیی نوێی کرد، بۆ پاراستنی پێکهاتەی دروزەکان لە سووریا، دوای ئەوەی گرژی لەنێوان بەشێک لەو پێکهاتە و هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی نوێی سووریادا دروستبوو، لە شاری جەرامانا لە گوندەواری دیمەشق.
لەم چوارچێوەیەشدا، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، گوتی، رێگە بە دەسەڵاتێکی ئیسلامیی توندڕەوی نوێ لە سووریا نادەن زیان بە دروزەکان بگەیەنێت و ئازاری کورد بدات.
گوتیشی، ئەوان دەستی هاوکاری بۆ کورد و دروزەکانی سووریا درێژدەکەن، جەختیشی لە پێویستیی چەک داماڵینی هێزەکانی باشووری سووریا کردەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئیسرائیل هەوڵی پاراستنی سنوورەکانی و دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزبەند لە ناو خاکی سووریا دەدات، پێیانوایە، تەنیا رێگا بۆ ئەمە فیدراڵیەت و دامەزراندنی هەرێمێکی خۆسەرییە بۆ دروزەکان.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی “وۆڵ ستریت جۆڕناڵ” بەرنامەکەی ئیسرائیل پێکهاتووە لە دامەزراندنی چەند هەرێمێکی فیدراڵیی نیمچە سەربەخۆ، بە دەسەڵاتی زۆرەوە، لەگەڵ حکومەتێکی ناوەندیی لاواز، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی نزیک بە سنووری ئیسرائیل.
قەندیل پرێس