وتووێژی “قەندیل پرێس” لەگەڵ “مەکی ئامێدی” لەبارەی سکاڵای سەدە لە ئەمریکا دژی بارزانی

قەندیل پرێس

وتووێژی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەرێز کاک مەکی ئامێدی، کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن و سیاسەتمەداری کورد دەربارەی سکاڵای سەدە لە ئەمریکا لەسەر دەسەڵاتدارانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی.

قەندیل پرێس: لە میدیاکاندا سکاڵاکەی دادگای ئەمریکا بە “سكاڵای سەدە” ناودەبرێت، ئەم سكاڵایە لە لایەن کێ و بۆچی و لە کوێ و دژی کێ ئەنجامدراوە، دەکرێت پێناسەی ئەم سکاڵایە بکەن؟

مەکی ئامێدی: پێش هەموو شتێک ئەم سکاڵایە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان نیە بەڵکو دژی دەسەڵاتدارانە، لە ساڵی 2023 سکاڵاکە لە ئەمریکا دژی 68 سەرکردەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و ئەندامی بنەماڵەی بارزانی لەسەروی هەموویان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتەکە و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.

قەندیل پرێس: سکاڵاکارەکان هەمووی ئەمریکین و بەرێزتان تاکە کوردن کە بوونە بە یەکێک لە سکاڵاکار؟ بۆچی بەرێزتان هەڵبژێردران بۆ ئەم کارە ئایا بە حوکمی ئەوەی نەیاری سیاسی بارزانین یاخۆد دیکیۆمێنتان بەدەستەوە هەیە؟

مەکی ئامێدی: سکاڵەکە لە لایەن چەندین پارێزەر و کەسایەتی ئەمریکی لە دادگای (واشنتن – دی سی) و رێکخراوی سندوقی هاوکاری کورد تۆمارکراوە، ئێمە یەکەم کەس بووین بەشدار بووین، بەڵام دواتر دەیان کەسایەتی دیکەی کورد و خانەوادەی رۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکان بەشداربوونە لە سکاڵاکەدا.

قەندیل پرێس: بۆچی لەم سکاڵایەدا تەنیا پارتی دیمۆکراتی کوردستان یاخۆد رونتر بڵێین بنەماڵەی بارزانی بە ئامانج گیراوە و یەکێتی لەم نێوەندەدا نیە، تەنانەت بەشێکی بنەماڵەی بارزانیش (نێچیرڤان) لەنێو پەڕوای سکاڵاکەدا نیە، ئایا ئەمە سکاڵایەکی سیاسی نیە؟

مەکی ئامێدی: بە هۆی ئەوەی مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی و ئەندامانی خێزانەکەی خاوەن رەگەزنامە و گرین-کارتی ئەمریکین و ئەمریکا دەتوانێت دادگاییان بکات سکاڵاکە تایبەتە بە دەسەڵاتدارانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، ئەگەر هەر لایەنەک بەڵگەی تاوانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆمان بنێرێت، دەتوانین سکاڵا لەسەر ئەو حزبەش بکەینەوە، لەبارەی نەبوونی ناوی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دۆسیەکەدا لە کاتی بریاری دادگادا هۆکارەکە ئاشکەرا دەبێت.

قەندیل پرێس: ئەو تۆمەتانەی لە نێو سکاڵاکەدا هەن چین و پرۆسەکە گەیشتووە بە چی؟ ڕاستە وەک میدیاکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکەن ئەم دۆسیەیە داخراوە؟

مەکی ئامێدی: تۆمەتی زۆر گەورە هەن، لەوانە کڕینی سیستەمی هەواڵگری، گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە، تاوانی تیرۆر و کوشتنی رۆژنامەنووسان و تەنانەت تیرۆرکردنی هاوڵاتی ئەمریکی.
دەربارەی داخستنی دۆسیەکە هیچ راستیەک بۆ ئەو بانگەشەی میدیای پارتی دیمۆکراتی کوردستان نیە، سکاڵاکە بەردەوامە و لەسەر ڕێرەوی یاسایی خۆی بەردەوامە و پرۆسەی دادگا لە ئەمریکا درێژخایەنە و پێمان وایە بەڵگەی پێویستمان بەردەستە.

قەندیل پرێس: کاریگەری ئەم سكاڵایە چی دەبێت و رۆڵی چیە لەسەر ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی پەنا بۆ دادگا نێودەولەتیەکان ببەن لەپێناو یەکلایی کردنەوەی دۆسیەکان دژی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، بۆچی تا ئیستا ئەم هەنگاوە لە لایەن ئۆپۆزسینەوە نەبینراوە ؟

مەکی ئامێدی: بەداخەوە ئۆپۆزسیۆنی باشوری کوردستان تا ئیستا ناتوانن باسی ئەم سکاڵایە بکەن و ئەو بوێریەیان نیە بەهۆی کاریگەری دەسەڵات لەسەریان، چونکە سکاڵاکە لەسەر کەسایەتیەکانی ژمارە یەکی بنەماڵەی بارزانین، بەڵام دەمەوێت ئەوە رابگەیێنم؛ دوای ئەم سکاڵایە هەر لە ئەمریکا دوو سکاڵای دیکە لە لایەن مەهاتا مۆر هاوسەری جونس مۆر پارێزەری بنەماڵەی بارزانی لە ئەمریکا، و کامەران یەعقوب لەسەر مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان تۆمارکراون، هەروەها بۆ هەموو سکاڵاکان بەڵگەی پێویست بەردەستە و خۆمان ئامادە کردووە بۆ دادگا تا ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی سکاڵا لێکراوەکان کراوە بسلەمێنین.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. خالد خەیاتی: فایلە دەنگییەکەی هاوسەرۆکی پژاک لە ڕاستیدا بیانوویەک یان پڕشکەیەک بوو کە جیاوازە بنچینەیەکانی زیاتر لە جاران خستە ڕوو

قەندیل پرێس: لە ڕۆژانی ڕابردوودا فایلێکی دەنگی بەڕێز ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *