هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، تورکیا بەشێوەیەکی نهێنی لەناو خاکی سووریادا، سەرقاڵی دروستکردنی بنکەی سەربازیى نوێ و خۆ بەهێزکردنە.
لە راگەیەندراوێکی هەسەدەدا هاتووە، سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاگربەست لە تەواوی خاکی سووریا، بەڵام تورکیا لەپاڵ زیادبوونی هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، سەرقاڵی ئەوەیە جێپێی خۆی بەهێزتر بکات و بنکەی سەربازیی نوێ لەناو خاکی سووریا بنیاد دەنێت.
هەسەدە دەڵێت، تورکیا بە سوودوەرگرتن لەو بۆشاییەی لە دەسەڵاتى دیمەشق هەیە، پێگەى خۆى لە سووریا بەهێز دەکات.
هەسەدە دەشڵێت، لە ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی منبج و دەوروبەری کۆبانێ، سەربازانی تورکیا بەشەو کەرەستە و پێداویستیی سەربازی دەگوازنەوە بۆ بنیادنانی بنکەی سەربازیی نوێ لە هەریەک لە گردی قەرەقۆزاق و کەناری رۆژئاوای رووباری فورات و گوندی حەسەن ئاغا لە شاری منبج.
تورکیا هەزاران سەرباز و زیاد لە 200 بنکە و خاڵی سەربازیی لەناو خاکی سوریادا هەیە، بەبێ ئەوەى ئاڵایان هەڵکردبێت.
بەگوێرەی ئەو وێنانەی درۆنەکان گرتوویانن، ئەو بنکانەی تورکیا دروستیاندەکات، لە ناوچەیەکی جوگرافیی فراواندان و تاوەری چاودێریی زۆریش بە دەوریاندا دانراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی هەسەدە، ئەو بنکانە بۆ هێرشکردنەسەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریان، جگە لەوەی جوڵەکردنە بۆ ناو قووڵایی زیاتری خاکی سووریا.
قەندیل پرێس