هونەرمەندی باکوری کوردستان، قاسم تاشدۆغان بەتۆمەتی “پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوە نایاساییەکان” بەهۆی پێشکەشکردنی گۆرانیی کوردی لەئاهەنگی نەورۆزی 2023 لەشارەکانی قارسو چاناکاڵە بە 30 مانگ زیندانی سزادرا.
بەهۆی گۆرانی “سێرهەڵدان ژیانە” کە لەئاهەنگی نەورۆزی شاری قارس لەساڵی 2023و گۆرانییەکانی “ڕۆناهی ـ بیرڤان”و “واهاتین” کە لەچاناکاڵە وتویەتی، سکاڵای یاسایی لەسەر هونەرمەند قاسم تاشدۆغان تۆمارکرا.
سەرەتا دادگای باڵای بیستەمی ئیزمیر لەمانگی ئاداری ساڵی 2024 تاشدۆغانی بێتاوانی دەرکرد، بەڵام داواکاری گشتیی تانەی لەبڕیارەکەدا، ژوری تاوانەکانی 2ی دادگای هەرێمی ئیزمیر سزای زیندانیکردنی دەرکرد.
تاشدۆغان لەبەرامبەر ئەو سکاڵایەدا بەرگریی لەخۆی کردو ئاماژەی بەوەدا، گۆرانییەکان لەلایەن گۆرانیبێژانی دیکەوە بەبێ قەدەغەکردن پێشکەشکراون، هەروەها نامەیەکی کۆمپانیای تۆمارکەری پێشکەش بەدادگا کردوە کە ئەمە پشتڕاستدەکاتەوە.
ئەو هونەرمەندە کوردە بڕیارەکەی بە”پێشوەختە” ئامادەکراو وەسفکردو جەختیشی لەوەکردەوە، بەردەوامدەبێت لەگۆرانیی وتنو تانەدان لەبڕیارەکە، دڵنیایشیداوە کە بڕیارەکە بەپاڵنەرێک دەزانێت بۆ ئەوەی باشتر کارەکانی ئەنجامبدات.
قەندیل پرێس