هاوسەرۆکی دەم پارتی: پێویستە پرسی کورد لە بازنەی تیرۆر دەربهێندرێ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، پێویستە پرسی کورد لە بازنەی “تیرۆر” دەربهێندرێ. لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کوردیش کە دەسەڵات بە “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات دەڵێت: “لە روانگەی ئێمەوە ئەوەی پێویستە هەبێت ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسییە؛ بەلای ئێمەوە ناوی ئەم پرۆسەیە ئەمەیە”.

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری لە گوتەیەکدا لە چاناکالەی تورکیا گوتی: “پێویستە هەموو لایەک واز لەوە بهێنێ کە پرسی کورد بخاتە نێو بازنەی تیرۆرەوە”.

هاتیمئۆغوڵڵاری رایگەیاند، هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی چوونە نێو پرۆسەیەکی لەم شێوەیەی تورکیا، پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانن و گوتی: “لە نێو پرۆسەیەکی وەهادا، زۆر گرنگە تورکیا ئاشتیی نێوخۆیی خۆی بچەسپێنێت. هەمووان ئاگاداری ئەمەین. ئێستا ستراتیژیەتێکی نوێ تاقی دەکرێتەوە. ئەم ستراتیژییەتە چییە؟ ئەوان بەناوی خۆیانەوە چی دەڵێن با بیڵێن، لە روانگەی ئێمەوە ئەوەی پێویستە هەبێت ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسییە. بەلای ئێمەوە ناوی ئەم پرۆسەیە ئەمەیە و دەبێت بەم شێوەیەش بێت”.

هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی: “پێویستە هەموو لایەک واز لەوە بهێنێ کە پرسی کورد بخاتە نێو بازنەی تیرۆر. پرسی کورد پرسێکی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە، پرسی گەلانە و پێویستە لەم چوارچێوەیەدا مامەڵە لەگەڵ پرسی گەلان بکرێ. بێگومان لەکاتێکدا ئەم پرۆسەیە بەردەوامە، ئێمە وەک دەم پارتی لە چوارچێوەی تورکیادا بۆ بەکۆمەڵایەتیکردنی ئاشتی کارمان کردووە و بەردەوامیش دەبین لە کارکردن”.

هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، سەردانی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا بۆ ئیمراڵی بە هەنگاوێکی مێژوویی، بەنرخ و گرنگ دەزانن.

هاتیمئۆغوڵڵاری رایگەیاند، ئەم پرۆسەیە لەگەڵ دەوڵەت بەڕێوەدەچێت: “لەبەرئەوەی ئاکپارتی و مەهەپە دەسەڵاتی جێبەجێکارن، گفتوگۆ لەگەڵ ئەوان هەیە. ئەوانەی هەوڵدەدەن لەمەوە هاوپەیمانیی هەڵبژاردن دروست بکەن و بەو جۆرە هیچ ئەنجامێک بەدەست ناهێنن. پرسی ئێمە زۆر لەسەرووی هەڵبژاردنەوەیە. ئەمە پرسی هەڵبژاردن نییە. ئەوانەی هەوڵدەدەن پرسی کورد وەکو پرسی هەڵبژاردن و دەنگدەری کوردیش وەکو دەنگدەری خۆیان ببینن، هەڵە دەکەن. ئەمە بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیش دەڵێم. ئەم پرۆسەیە زۆر لەسەرووی هەڵبژاردن و بەرژەوەندیی پارتی سیاسییەوەیە. ئێمە ئەم پرۆسەیە بۆ بنیاتنانی ئاشتی و چەسپاندنی ئاشتییەکی شکۆمەندانە لەم خاکەدا بەڕێوەدەبەین، کە سەد ساڵە حەسرەتی دەکێشین”.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

سەرۆکی لوبنان: وڵاتەکەمان جەنگی لەگەڵ ئیسرائیل ناوێت

سەرۆکی لوبنان بە شاندێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی خوازیاری جەنگ نییە لەگەڵ ئیسرائیل، …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *