تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) رایگەیاند: ئۆجەلان ئامادەکاریی بۆ بانگەوازێکی مێژوویی دەکات، گوتیشی، رەنگە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بکەوێتە 15ی شوباتەوە.
تونجەر باکرهان لە میانی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: “ئۆجەلان ئامادەکاریی بۆ بانگەوازێکی مێژوویی دەکات لە چەند رۆژی ئایندەدا”.
گوتیشی: “بانگەوازەکە بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی و هەمیشەیی کێشەی کورد و بنیادنانی تورکیایەکی دیموکراتییە”.
باکرهان باسی لەوەکرد، ئەوان “بەدوای چارەسەرێکی عەقڵانییەوەن بۆ کێشەی کورد”، جەختی لەوەشکردەوە پێویستە دەسەڵات زمانی بگۆڕێت و زمانێکی گونجاو بەکاربهێنێت کاتێک ئۆجەلان بانگەوازی گۆڕینی پێکدادانەکان دەکات بۆ زەمینەی سیاسی.
هاوسەرۆکی پارتی دەم وێڕای ئەوەی رەتیکردەوە، داواکارییان بۆ ئاشتی لە بێهێزییانەوە بێت، لەبارەی ئەو پرۆسەیەش ئێستا لە تورکیا لە ئارادایە رایگەیاند: “کۆمەڵگەی تورکیا دەیەوێت پرۆسەکە بەرەو ئاشتی بڕوات”.
پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی دەم و لەکاتی هاتنە دەرەوەیدا، لە وەڵامی پرسیاری وادەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، تونجەر باکرهان رایگەیاند: “رەنگە بانگەوازەکە بکەوێتە 15ـى شوباتەوە”.
قەندیل پرێس