قەندیل پرێس – سلێمانی
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی ئێراق بە قەندیل پرێسی راگەیاند: رێگهمان پێنهدرا له زیندان شاسوار عهبدولواحید ببینن و هێزە ئەمنییەکان لە دادگای سلێمانی پەلاماری هاوڵاتیانیان دا و دوو پەرلەمانتاری نەوەی نوێشیان بە سەختی بریندارکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025 دوای زیاتر لەدوو هەفتە لەدەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بڕیاربوو ئەمڕۆ دوهم دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید لەدادگای سلێمانی بەڕێوەبچێت، بهڵام دادگای سلێمانی دادگاییکردنهكهى بۆ 2ـی ئەیلولی 2025 دواخستو بڕیاریدا هەر لەدەستبەسەریدا بمێنێتەوە تاوەکو ڕۆژی دادگاییکردنەکەی.
رێبوار عەبدولرەحمان سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی ئێراق بە قەندیل پرێسی راگەیاند؛ بڕیاربوو دادگایی کردنی شاسوار عەبدولواحید بەڕێوەبچێت بەڵام دادگاییکردنەکەی دواخراو هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لە ئەندام پەرلەمانەکانی نەوەی نوێ کرد کە لە هۆڵی دادگا ئامادەبن و هەڵیان کوتایە سەر مەهدی خاکی و داروش عەلی و برینداریان کردن، هەروەها شەش پەرلەمانتاری نەوەی نوێ کە لەوێ ئامادەبوون، بریندارکراون و دووانیان بە سەختی برینداربوون و دۆخی تەندرووستییان نادیارە.
هاوکات ئارام حسێن سەرپەرشتیاری نەوەی نوێ لە بادینان بەقەندیل پرێسی راگەیاند:”بەهۆی نەبونی بەڵگەی تەواوەتی لەسەر کەیسی شادی نەوزاد لەلایەن خودی سکاڵاکارو پارێزەرەکانیەوە کە سکاڵایان لەشاسوار کردوە، دادوەر بڕیاری دواخستنی دادبینیەکەیدا”.
داواکاری سەرەکی شاسوار عەبدولواحید ئەوەیە کە بە شێوەیەکی ئاشکراو لە بەردەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دادگایی بکرێت، تا خەڵکی کوردستان بینەری دادگاییکردنەکە بن.
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەشەوی 12ـی ئابی 2025 لە زیندان دایە لەسەر سکاڵایەکی پێش چوار ساڵی پەرلەمانتارێکی پێشوی کوردستان بەتۆمەتی “ناوزڕاندنو هەڕەشەکردن” دەستگیرکراوە، بەپێ زانیاریەکانی قەندیل پرێس پێنج سکاڵای دیکەش لەسەر ناوبراو تۆمارکراون و دوای سکاڵاکەی شادی نەوزاد لەسەر سكاڵایانەش دادگایی دەکرێت.
قەندیل پرێس