نێچیرڤان بارزانی لە ئەنقەرە لەگەڵ ئەردۆغان و فیدان کۆبووەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە لەگەڵ سەرۆککۆماریی تورکیا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و باسیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقدا کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی ئەنقەرەی کرد و لە کۆشکی کۆماریی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.

نێچیرڤان بارزانی: باسمان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان کرد
نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان دەرفەتێک بووە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوونەکانیان، دەربارەی پرسە ناوچەییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا، کە نێچیرڤان بارزانی بە “نزیک و ستراتیجی” ناویبردووە.

گفتوگۆ کراوە دەربارەی قوڵکردنەوەی هاوکارییەکان و بەدیهێنانی ئاشتی
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆیان دەربارەی رێگاکانی قوڵکردنەوەی هاوکارییەکان و بەدیهێنانی ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی ناوچەکە کردووە.

سەرۆکی میت ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە
لە کۆبوونەوەکەدا، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا “میت”، بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و عاکیف چاغاتای، گەورەڕاوێژکاری ئەردۆغان بۆ ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە ئامادەبوون.
شاندی یاوەری سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش پێکهاتبوون لە فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و فەلاح موستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە.
نێچیرڤان بارزانی چەند کاتژمێرێک پێشتر لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و هاکان فیدان، جه‌ختیان له‌ خواستى هەردوولا بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كردووەتەوە و باس لە چۆنيه‌تيى فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش کراوە.

فوئاد حسێن سەردانی ئەنقەرە دەکات و لەگەڵ فیدان کۆدەبێتەوە
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، پرسی ئاو لە کێشە گەورەکانی نێوان تورکیا و عێراق بووە و بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌و پرسە کراوە و نێچيرڤان بارزانى داكۆكیى له‌ پێويستيى هه‌ماهه‌نگيى نێوان عێراق و توركيا كردووه‌، بەو جۆرەی به‌ڕێوه‌بردنى ئاو بەشێوەیەک بێت، پێداويستييه‌كانى هه‌ردوولا دابين بكات.
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی هەینی، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیران، سەردانی ئەنقەرە بکات و لەگەڵ هاکان فیدان، هاوتا تورکییەکەیدا کۆببێتەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی دیکە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی ئەبولحەسەن مۆنتەزێر و وەحید بەنی‌عامەریان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *