مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکی نوێدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم پۆستە وەک ئیستحقاقێکی نەتەوەیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت نەک وەک دەستکەوتێکی حزبی، بۆ ئەم مەبەستەش داوای گۆڕانکاری لە شێوازی دەستنیشانکردنی کاندیدەکان دەکات.
کۆتاییهێنان بە قۆرخکاریی حزبی بۆ پۆستەکە
مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پۆستی سەرۆککۆمار پشکی گەلی کوردە لە حکومەتی فیدراڵ و چیتر ڕێگەپێدراو نییە لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو ئەم پێگەیە بە موڵکی تایبەتی خۆی بزانێت، بەڵکو دەبێت ئەم تێڕوانینە کۆتایی پێ بهێنرێت و پۆستەکە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەدا بێت.
پێویستیی گۆڕینی میکانیزمی هەڵبژاردنی کاندید
لەبارەی چۆنیەتی دیاریکردنی کەسی شیاو بۆ پۆستەکە، مەسعود بارزانی پێشنیاری گۆڕینی میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەکات و بە پێویستی دەزانێت پەرلەمانی کوردستان وەک باڵاترین دامەزراوەی هەرێم، کەسێک وەک نوێنەری ڕاستەقینەی کورد بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکات تا ببێتە نوێنەری هەمووان لە بەغداد.
کۆدەنگی لایەنەکان و ڕۆڵی فراکسیۆنە کوردییەکان
بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد، سەرۆک پارتی داوا دەکات تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان لەسەر بەربژێرێكی هاوبەش ڕێكبكەون، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ناو پەرلەمانی عێراق یەکدەنگ بن و بەیەکەوە کەسێک بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە سیادییە دیاری بکەن.
بژاردەی کاندیدی بێلایەن و حزبەکانی دیکە
لە هەنگاوێکی جیاوازدا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات کە مەرج نییە کاندیدی سەرۆککۆمار تەنیا لە پارتی یان یەکێتی بێت، بەڵکو دەکرێت ئەو کەسەی بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکرێت لە لایەنێکی دیکەی سیاسی بێت و تەنانەت دەکرێت کەسایەتییەکی بێلایەن و سەربەخۆ بێت، بەو مەرجەی لەسەر بنەمای لێهاتوویی و کۆدەنگی نیشتمانی هەڵبژێردرێت.
قەندیل پرێس