شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەولێر بە جیا لەگەڵ مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکاندا جەختیانکردەوە، لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی لە زووترین کاتدا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانى هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد کە لە ئادەم سمیس، مایکل باومگارتنەر، سارا جاکۆبس، وێسلی بێڵ، جۆرج وایتسایدز پێکهاتبوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا ئاڵوگۆڕ کرا.
هەر راگەیەندراوکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکاندا جەختیان لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا کردووەتەوە، هەروەها باسیان لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیاش کردووە.
هاوکات قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ شاندەکە رایگەیاندووە ،هەنگاوى باش بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ نراوە ، گوتووشیەتی، ” ئەولەوییەتی حکومەتی هەرێمى کوردستان لەم قۆناغەدا بەکارهێنانی گازە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاونیشتمانیان”.
راشیگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دۆخی سووریا و گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و دواین پەرەسەندنەکانی دیکەی ناوچە ئاڵۆگۆڕی بیروڕا کراوە.
شاندەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا پێش سەردانەکەی بۆ هەولێر، لە بەغداد لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبووەوە و پشتیوانیی ئەمریکای بۆ عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا دووپاتکردەوە.
قەندیل پرێس