نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا دەگاتە عێراق، هەروەها پەیامێکی تایبەتی ترەمپم پێیە بۆ سەرکردایەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاری گەورە لە عێراقدا ڕوودەدات.
مارک ساڤایا، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق سەبارەت بە گەڕانەوەى بۆ عێراق و گەیاندنى پەیامێکى تایبەتى ترەمپ بۆ سەرکردەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان، بەمجۆرە بۆ میدیاکان دەدوێت.
مارک ساڤایا ڕایگەیاند، گۆڕانکاری گەورە لە عێراقدا ڕوودەدات و لەمەودوا هەمووان لەبری قسەکردن کردەوە دەبینن، واشنتۆن ئامادەیی گرتنەبەری هەنگاوی بنەڕەتیە سەبارەت بە پرسە هەڵپەسێردراوەکان.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا دەگاتە عێراق، هەروەها پەیامێکی تایبەتی سەرۆک ترەمپم پێیە بۆ سەرکردایەتی عێراق و هەرێمی کوردستان.
هاوكات، پێشتریش ساڤایا لە ڕێگەی تۆڕى کۆمەڵایەتى “X”ـەوە دووپاتی کردەوە، جیهان لە عێراق دەڕوانێت وەک وڵاتێک کە توانای ئەوەی هەبێت ڕۆڵێکی گەورەتر و کاریگەرتر لە ناوچەکەدا بگێڕێت، بە مەرجێک پرسی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بە تەواوی چارەسەر بکرێت و شکۆمەندی دامەزراوە فەرمییەکان بپارێزرێت.
وتیشی، لە ئێستادا عێراق دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە بۆ داخستنی ئەم بابەتە و بەرزکردنەوەی وێنەی خۆی وەک دەوڵەتێک کە لەسەر بنەمای سەروەری یاسا دامەزراوە نەک سەروەری چەک.
نێردەی ئەمریکا هۆشداریشیدا لەوەی عێراق ئەمڕۆ لە گۆڕەپانێکی چارەنووسسازدا وەستاوە؛ یان بەرەو دامەزراوە سەربەخۆکان هەنگاو دەنێت کە توانای جێبەجێکردنی یاسا و ڕاکێشانی وەبەرهێنانیان هەبێت، یان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاڵۆزییەی کە بارگرانی لەسەر هەموو لایەک درووستکردووە.
🔹 جێگاى ئاماژەیە، کۆتایی هەفتەى ڕابردوو مارک ساڤایا چەند وێنەیەکى لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا بڵاوکردەوە و نوسیبووى، “فەرمانى جوڵە و دەستبەکاربوونى لە ترەمپ وەرگرت لە عێراق”.
قەندیل پرێس