به‌په‌له

عومەر ئیلخانیزادە: هەموو حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڵوێستیان هەیە دژ بەو سیاسەت و ئاواتانەی کە ڕەزا پەهلەوی و دەوروبەری و ناوەندگەراکان هەیانە

وتووێژیی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ ڕێزدار “عومەر ئیلخانیزادە”، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە دوایین دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

قەندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن، چەند ڕۆژێکە جارێکی دیکە خەڵکی ئێران لە زۆربەی شارەکان دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە، شرۆڤەی بەڕێزتان لەمبارەوە چییە؟ ئایا هەلومەرجەکە وا دەبینن ئەمجارە ڕژێم بڕۆخێت؟

عومەر ئیلخانیزادە: بەڵێ یەک حەوتوە کە ناڕەزایەتی جەماوەر لە زۆر شوێن، مانگرتن لە بازاری تاران و هەندێک شاری دیکە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەریی زۆرێک لە شارەکانی ئێرانی گرتۆتەوە و پێدەچێ کە بەرینتریش بێتەوە. لاموایە شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی(ژینا) چەخماخەی ئاڵوگۆڕێکی سیاسی، فەرهەنگی و فیکری بوو دژ بە کۆماری ئیسلامی. ئەو بزوتنەوەیە لە قۆناغی یەکەم بناغە فیکریەکانی کۆماری ئیسلامی بردە ژێر پرسیار. زەینی جەماوەر و کۆمەڵگای بەرەو سکولاریسم، ژیانێکی باشتر و ئازادی ڕاکێشا. دەتوانم بڵێم دەورەیەک بوو جیاواز لە هەموو بزوتنەوە سەراسەرییەکانی پێشوتری دژ بە کۆماری ئیسلامی کە چوارچێوەی نیزام و بیری ئیسلامیی بە ئیسلاحخواز و توندئاژۆوە بەجێ هێشت و تێیپەڕاند بەرەو ئاڵترناتیوێکی سکولار، دێمۆکرات و بەرابەری خواز لە بواری جێندەر و دیکەی بوارەکاندا.
لە لایەن هەموو خەڵکی ئێران و جیهانیشەوە پێشوازی لێکرا و پەسەند بوو. بەو پێوەرە تێپەڕبوون و پرسی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە بزوتنەوەی ژیناوە بوو بە پرسێکی کۆمەڵایەتی گشتگیر، پرسێکی پەسەند لەهەموو ئێران و بابەتی پشتیوانی لە ناو دونیا. لەو کاتەوە کۆماری ئیسلامی لە باری سیاسییەوە و لە زەینی کۆمەڵگا دا بە یەکجاری مەشروعیەتی نەما.
جیا لەو قەزاوەتە سیاسییەی سەروتر، دەکرێ بڵێین لە بواری بەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی، ئیدارەی ئابوری و سیاسیش داڕمانێکی هەمە لایەنە لەو دەسەڵاتەدا هاتوەتە ئاراوە. تەنیا ئامرازی دەسەڵاتی ئەو حکومەتە وەک هەموو رژیمێکی تۆتالیتێر کە گڵۆڵەی دەکەوێتە لێژی، لە دەزگای سەرکوت و داپڵۆسین دا خولاسە بووەوە. نە توانای ئیدارەی ئابوری ماوە، نە لە نێو کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پێگەی ماوە، نە پڕۆکسیەکانی لە مەنتەقەدا خۆیان بۆ ڕاگیرا و نە دەتوانێ دەروێکی هەبێ بۆ ئیسلاح و خۆگرتنەوە. لەو بڕوایە دام کە ئەو دەسەڵاتە کۆڵەکە و جومگەکانی ڕاگری چوار چێوەی لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری کڵۆڵ و گەندەڵ بووە و ناتوانرێ بەر بە وەلانان و ڕوخانی بگیردرێ. ئەوەی ئێستا شۆڕش و بزوتنەوەی جەماوەر دەیکا و دەبێ بیکات هاتنە مەیدانی میلیۆنی و شکست دانی هێزە سەرکوتکەرەکان و هەوڵدانە بۆ کۆبوونەوە لەدەوری ئاڵترناتیوێک لە دوای ڕاماڵینی یەکجارەکی ئەو ڕژیمە دەبێ بێتە دی. بەڵێ نەمان و گۆڕانی پڕۆسەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بێ گەڕانەوەیە. پرسی سەرەکی بۆ هەموو لایەک ئەوەیە کە چی دێتە جێی؟ چۆنیەتی وڵام بەو پرسە سەرەکیەیە کە لەسەر هەڵسوکەوت و چۆنیەتی خرۆشی جەماوەر و ڕەوتی گۆڕانکارییەکان کاریگەر دەبێ.

قەندیل پرێس: دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕاشکاوانەو ڕاستەوخۆ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تەهدید کرد کە خۆپێشاندەران نەکوژێت و ئەگەر کاری وابکات ئەمریکا تەداخۆل دەکات، خوێندنەوەی جەنابتان لە بارەی ئەم پەیامەوە چییە؟

عومەر ئیلخانیزادە: پێموایە پەیامەکەی دۆناڵد ترامپ دژی کۆماری ئیسلامییە و بۆیە لە قازانجی خەڵکی ئێرانە. ئاماژەیە بۆ وەی کە ئامریکا و دونیای ڕۆژئاوا دەیانهەوێ هاندەر و پشتیوان بن بۆ ڕووخانی ئەو ڕژێمە. پڕۆسەی گۆڕان و رژێم چێنج لە بەرنامەی ئەوانیشدا هەیە.
دەشزانین بەو شەرتەی ئێران بچێتەوە چوارچێوەی نفوزی ئەوان، خۆیان بە تەنیا جۆرێک ئاڵترناتیو و دەسەڵات نابەستنەوە، بەس ناکۆک نەبێ و تەبا بێ لەگەڵ بەرژەوەندییان لە گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. کورد و ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکراسیخوازی ئێرانی لەگەڵ ئەوەی دەیانهەوێ پشتیوانی دونیای دەرەوە مسۆگەربکەن، لازمە هەموو هەوڵی خۆشیان بۆ یەکگرتویی و هەبوونی خەڵک لە مەیدان و شەقام چڕتر بکەنەوە و بە هێزی جەماوەر ئاڵوگۆڕپێک بێنن تا لە چوارچێوەی سیاسی ئێران دا هێز بن. تا بتوانن سەرنجی دونیای دەرەوەش ڕابکێشن. دیتمان کە دنیای ڕۆژئاوا لە سوریە ئەحمەد شەرعیان بۆڵدکردەوە. بۆیە پێویستە لە هەوڵدا بین تا نەتوانرێ وەها ئەگەرێک بێتە ئاراوە لە ئێران یان کورد بۆ وەها ئەگەرێکیش بەرنامەی هەبێ.

قەندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن، میدیا بەرچاوە فارس زمانەکان، هەوڵێکی زۆر دەدەن ڕەزای پەهلەوی وەکوو ڕێبەری شۆڕش بەسەر خەڵکدا بسەپێنن، ئەمە لە کاتێکدایە ڕەزای پەهلەوی هیچکات ئامادە نەبووە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات قەبووڵ بکات، بە ڕای بەڕێزتان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە بەرامبەر بە ڕەزای پەهلەوی لە ئاستی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و هەروەها بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرای ئێرانی چ سیاسەتێک بگرنە بەر؟

عومەر ئیلخانیزادە: زۆر ئاساییە کە میدیای ئێڕانی و نزیک لە خۆی، ڕەزا پەهلەوی زەق بکەنەوە. زۆریش ئاساییە کە پاشایی خوازان و ئاڵقەی دەوری ڕەزا پەهلەوی (هەروەک لە وڵامی پرسیاری یەکەم عەرزم کردن) وەدوای ئاڵترناتیوی خۆیان بکەون و هەوڵ بدەن خۆیان بناسێنن و پڕوپاگاندا بکەن. بە داخەوە پرژوبڵاوی و کەم سیاسی بوونی ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکراسیخوازنە لە ئێران دا، فاکتەری سەرەکیە بۆ ئەوە کە پاشییخوازان زۆرتر دەنگ هەڵبڕن و لەم هەلومەرجەی ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کەڵک وەربگرن و بەوپەڕی ناوەندگەرایی بە تەمای دەستبەسەردا گرتنی مەوجی ناڕەزایەتی جەماوەر بن. دەنا بەڕاستی ئەو قورساییەیان نیە. ئێمە لە مێژە هەستمان بەو مەترسیە کردوە و لامانوابوە کە کورد دەتوانێ بۆ سەرگرتنی ئۆپۆزیسیۆنێکی فرەچەشنخوازی ئێرانی دەور بگێڕێ. لە ڕاستیشدا پێموانییە ئاڵترناتیوی داهاتوو هی پاشاییخوازان بێ. پێموایە هێشتا بۆ هیچ کەس و لایەنی دیکەش مسۆگەر نییە. بەڵام ئەوان (ئاڵقەی دەوری ڕەزا پەهلەوی) ئێستا دەتوانن دەوری کاتالیزاتۆر بگێڕن کە بزوتنەوەی دێمۆکراسیخواز بە لاڕێدا بەرن تا کارهاسانی بکرێ و لە دڵی ئەو سیستمەی ئێستادا جەریانێکی نیزامی یان نانیزامی بۆ نەجاتی ناوەندگەرایی و پاوانخوازیی ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرای ئێرانی چ بە هاوکاری وان یان بێ ئەوان مەودای هەبێ بۆ کۆدەتا یان چەشنێکی دیکەی ئاڵوگۆڕ.. و بتوانێ لە لای دونیای ڕۆژئاواش خۆی سپی بکاتەوە و مەترسی نەبێ بۆ بەرژەوەندیەکانیان.
بۆیە باشترین کار ئەوەیە کە ئێمە و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەوڵ بدەین تا لە بەرانبەر ناوەندگەرایی، یەکە و لایەنی ناناوەندگەرا و فرەچەشن خواز پێکبێ، خۆی بگرێ و بناسێندرێ. گومانم نییە کە لایەنە ناوەندگەرا نەریتیەکانی کۆماریخواز یان پاشاییخواز قەت بە مەیل و ڕەزایەتی خۆیان ددان بە مافی نەتەوەکان و بە تایبەتی مافی نەتەوەیی گەلی کورددا نانێن. بۆیە دەبێ ئێمەش بیر لە پارسەنگ بکەینەوە.
لەو بڕوایە دام کە هەموو حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڵوێستیان هەیە دژ بەو سیاسەت و ئاواتانەی کە ڕەزا پەهلەوی و دەوروبەری و ناوەندگەراکان هەیانە. هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکرات و ناناوەندگەرای ئێرانیش بە هەمان شێوە. بەڵێ هەڵوێست باشە ببێ و هەیە، بەڵام هەڵوێست ئەگەر نەتوانێ ببێ بە سازە و جەرەیان لە ناو کۆمەڵگادا، ناتوانێ بەریان پێ بگرێ. پەیڤ دەبێ ببێ بە هەنگاو. ئێمەی کورد کاری کردەیی وهەنگاومان پێویستە لە بواری ئاڵترناتیوی داهاتوی ئێران بۆ کاریگەر بوون لەسەر پڕۆسەی سیاسی و ڕەوتی روداوەکانی ئێستا و داهاتوو. لازمە یەکگوتاری پێک بێنین لەمەڕ داهاتوی ئێران و هاوکاری لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە هەند وەربگرین. دەبێ بتوانین بە یەکگوتاری مافەکانی کورد لەو قۆناغەدا دەست نیشان بکەین و ڕوو لە دونیای دەرەوە بێنوێنین. لە ڕاستیدا من ئەو جۆرە هەنگاوانە بە هەڵوێستی دروست دەزانم لە ئێستادا. ئەو جۆرە کارانەیە کە مەودا دەدات بە سەرخستنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی.

قەندیل پرێس: لە شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی)، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بە پێشەنگی ئێران و دواجار بە هۆی ئەوەیکە شارە گەورەکانی ئێران وەک تاران بە شێوەی پێویست بەشداریان نەکرد و درێژەیان بە خۆپیشاندانەکان نەدا بە تێچوویەکی زۆر لە لایەن ڕژێمەوە سەرکوت‌کرا، ئەمجارە ڕایەکی بەهێز هەیە کە ڕۆژهەڵات جارێ ڕاوەستانێک بکات بزانێت شارە گەورەکانی ئێران ئەمجارە لە چ ئاستێکدا بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکەن و دوایی بەپێی دۆخەکە بەشداری بکات یا نا، ڕای ئێوە لەم بارەوە چییە؟

عومەر ئیلخانیزادە: لە وڵامی یەکەم پرسیار دا باسم لە دەوری شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی(ژینا) کرد. ئەو شۆڕشە بوو کە ڕێگاخۆشکەر و بناغەدانەری ئەو هەلومەرجە سیاسیەی ئێستایە. زۆر ئاساییە کوردستان بۆ جۆری هاتنە مەیدان چاوەڕوانی شارە گەورەکانی ئێران بێ و بە تەنیا نەمێنێ. ئەوە بۆ ڕۆژەکانی یەکەم دروست بوو. بەڵام کوردستان خاوەنی ئەو ڕەوت و ڕەواڵەیە کە ئەوڕۆ لە ئێران دا هاتوەتە ئارا و بە ڕادەیەکی زۆر گشتگیر بووە. بۆیە لەو بڕوایە دام کوردستان وەک سەنگەری هەرە بەهێز، توێکمە و پێشڕەوی دێمۆکراسی و دژایەتی کۆماری ئیسلامی، بە گەرم و گوڕی بەشداری دەکات. کوردستان لە ڕۆیشتن و نەمانی کۆماری ئیسلامی زۆرترین قازانجی بەر دەکەوێت. هەر ئێستا حیزبە کوردییەکان و کۆمەڵگای مەدەنی تاوتوێی ئەو پرسە دەکەن بۆ هاوئاهەنگی زۆرتر و باشتر.

قەندیل پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، دوای پەیامەکەی دۆناڵد ترامپ، ڕەزای پەهلەوی دەستبەجێ خۆی کردە نوێنەری خەڵکی ئێران و لە سۆشیاڵ میدیا وەڵامی ترامپی داوەو پێی ڕاگەیاند ئەو بۆ ئێران پلانی هەیەو ئامادەیە حکوومەتی داهاتوو بەڕێوەببات، پرسیاری ئێمە ئەوەیە: بۆ هیچکام لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەو شێوازە ڕوویان نەکردە ترامپ و بڵێن ئێمە هێزمان هەیە، پلانمان هەیەو ئامادەین وڵات بەڕێوە ببەین؟

عومەر ئیلخانیزادە: بە داخەوە کۆی حیزبە سیاسیەکان هێشتا یەکەیەکی نەتەوەیی یەکگرتویان پێک نەهێناوە. یان هێشتا هاوڕا نین لەسەر ئەوەی چۆن هەڵسوکەوت بکەن لەگەڵ دونیای دەرەوە بۆ ڕاکێشانی پشتیوانیان لە بزوتنەوەی کوردستان.
بەڵام لە لایەن کۆمەڵەوە کاک عەبدوڵڵای موهتەدی پەیامی دا و پێشوازی لە پەیامەکەی دۆناڵد ترامپ کرد. لاموایە گەلی ئێمە ئەوەی پێخۆشە و بزوتنەوەکەشمان پێویستیەتی. کورد نابێ بترسێ لەوەی هەر کەس ئامادەی دۆستایەتی و پشتیوانی بوو لێی، دەستی دۆستایەتی بۆ درێژ بکات. بۆ دەکرێ بۆ خەڵکی ڕەوا بێ و ئێمەش بە شەرم و ترسەوە داوای دۆستایەتی و پشتیوانی لە دەسەڵاتە جیهانیەکان بکەین؟ بەرژەوەندی بزوتنەوەی کوردستان دەخوازێ مەیدانی دیپڵۆماسی چۆڵ نەکەین بۆ خەڵکی، بە بڕوابەخۆیی سەربەخۆیی خۆشمان لە باری سیاسی و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان بپارێزین.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

فارووق حەجی موستەفا: پابەند نەبوونی حکومەتی کاتی بە بنەماکانی مافی مرۆڤ، سوریا بەرەو شەڕی وێرانکەری دەبات

وتووێژی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەرێز کاک فارووق حەجی موستەفا، بەرپرسی رێکخراوی بەرچاڤ بۆ مافەکانی مرۆڤ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *