شاندی پارتی دەم بۆ ئیمراڵى، بە ئەندامیەتی پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر و ئەحمەد تورک، لە سەردان و دیدارەکانیان بەردەوامن و ئەمڕۆ ژمارەیەک دیداریان ئەنجامدا.
ئەمڕۆ لە گەڕی دووەمی سەردانەکانیاندا، سەردانی پارتی ئایندەیان بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو لە ناوەندی گشتیی پارتەکە کرد و لەلایەن داودئۆغڵوەوە پێشوازییان لێکرا.
دوای کۆبوونەوەکەش، سری سورەییا ئۆندەر بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، لە کۆتایی دیدارەکاندا سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکەن و دوای ئەوەش راگەیەندراوێکی تێروتەسەل بڵاودەکەنەوە.
هاوکات ئەحمەد داودئۆغڵو، ئاماژەی بەوەکرد تورکیا پێویستی بەوەیە بەرەی ناوخۆ بەهێز بکات و تەنیا رێگەش بۆ ئەوە لەرێگەی بنیادنانی دیموکراسییەکی راستەقینەوە دەبێت.
دواتر پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک و سڕی سورەییا ئۆندەر، لە پەرلەمانی تورکیا سەردانی شاندی پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکەیان کرد.
لە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئۆجەلان، شاندەکەی پارتی دەم بۆچوونی رێبەرە زیندانییکراوەکەی پەکەکەیان لە حەوت خاڵدا خستەڕوو، ئۆجەلان وێڕای ئەوەی داوایکردبوو، بۆچوونەکانی بگەیەنرێتە سەرجەم لایەن و ناوەندە سیاسییەکان لە تورکیا، جەختی لە گرنگی رۆڵی پەرلەمان و بایەخی پێشنیازەکانی ئۆپۆزسیۆن لەوبارەیەوە کردبوویەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا، شاندەکە لە گەڕی یەکەمی دیدارەکانیاندا سەردانی هەریەک لە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەیان کرد.
قەندیل پرێس