رێکخراوى سى پى تى ئەمریکى رایگەیاند، لە سنوورى شارۆچکەى ئامێدى بە هیچ جۆرێک شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان سوپاى تورکیا و پارتى کرێکارانى کوردستان کە خۆى هەڵوەشاندووەتەوە، رانەگیراوە و ئاماژە بە هەڵکشانى بۆردوومانەکانیش دەکات.
کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوەکە رایگەیاند، بۆردوومانەکانى سوپاى تورکیا لە سنوورى ئامێدى بەردەوامە و لەم مانگەدا بۆردوومانەکان بۆ سەر چیایى مەتینا و گوندەکانی بەری گارێ چڕبوونەتەوە و هەزار بۆردوومانى تێپەڕاندووە.
بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی سی پی تیی ئەمریکی گوتیشى، “هەر لەم ماوەیەدا سێ هێرشى پەکەکەمان بۆسەر بارەگاى سەربازیى سگیرێ لە ئامێدى تۆمارکردووە”.
بەگوتەى کامەران عوسمان، لەمساڵدا سێ هاونیشتمانیى سڤیل بەهۆى بۆردوومانەکانى تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە و شەشى دیکەش برینداربوون.
لە بارەى زیانە ماددییەکانیشەوە، گوتى، بەهۆى بۆردوومانەکانەوە رەزو باخى هاونیشتمانییان سوتاوە و زیانێکى زۆریان پێگەیشتووە، لە بۆردوومانەکاندا مزگەوت بە ئامانج گیراوە و خانووى هاونیشتمانییانیش تەقێندراوەتەوە.
لە ماوەی رابردوودا سوپای توركیا ژمارەیەكی زۆر سەرباز و چەكی هێناوەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و چەندین بنكە و خاڵی پشكنینی داناوە و بۆردوومانەكانی لە چەندین ناوچە چڕكردووەتەوە.
بۆردوومانى سوپاى تورکیا لەکاتێکدایە، پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”، لە کۆنگرەى 12یدا کە لە رۆژانى 5 بۆ 7ـى ئایار بەڕێوەچوو، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەى خۆی و چەکدانان و کۆتاییهێنان بە هەموو ئەو چالاکییانەى لەژێر ناوى پەکەکەدا بەڕێوەدەچێت.
ناوچەکانى سنوورى ئامێدى، ماوەى چەند ساڵێکە بوونەتە گۆڕەپانى رووبەڕووبونەوەى نێوان سوپاى تورکیا و پەکەکە، بەو هۆیەوە لەکۆى 306 گوند 206 گوندیان چۆڵکراون.
بەگوێرەى ئامارى رێکخراوی CPTـی ئەمریکی، سوپاى تورکیا 71 بارەگاى لە هەرێمى کوردستان هەیە و تەنیا لە ساڵى 2024دا، نۆ هاونیشتمانى بەهۆى بۆردوومانەکانى تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.
قەندیل پرێس