به‌په‌له

ساڵح موسلیم بۆ قەندیل پرێس: شێخ مەقسود چوار مانگە لەژێر گەمارۆدایە و ئامانجی هێرشەکان دەرکردنی کوردە لە حەلەب

​قەندیل پرێس – تایبەت

وتووێژێکی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (PYD)، دوایین پێشهاتەکانی گەڕەکی شێخ مەقسود وئەشرەفییە و حەلەب و هێرشە چڕەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر ناوچەکە بۆ خوێنەرانی “قەندیل پرێس” دەخاتە ڕوو.

​قەندیل پرێس: بەڕێز ساڵح موسلیم، وەک دەزانرێت گەڕەکی شێخ مەقسود و چەند ناوچەیەکی دیکە لە حەلەب کەوتوونەتە ژێر فشارێکی توند. دوایین زانیاری دەربارەی دۆخی گەمارۆکەتان چییە؟

​ساڵح موسلیم: بەڵێ، وەک ئاگادارن گەڕەکی شێخ مەقسود و ناوچەکانی دەوروبەری، ماوەی چوار مانگی تەواوە لەژێر گەمارۆیەکی توند و بێبەزەییانەدان. ڕێگری لە چوونە ناوەوەی هەموو جۆرە پێداویستییەکی ژیان دەکرێت. ئەم دۆخە تەنها گەمارۆیەکی ئابووری نییە، بەڵکو ماوەی سێ ڕۆژ و نیوە هێرشێکی سەربازیی زۆر چڕیشی بۆ زیاد بووە، کە ئامانجی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیە.

قەندیل پرێس: ناسنامەی هێرشبەرەکان کێن و ئامانجی سەرەکییان لەم هێرشە سەربازییە و توندکردنی گەمارۆکە چییە؟

​ساڵح موسلیم: ئامانجەکە زۆر ڕوونە؛ دەیانەوێت کورد لە حەلەب دەربکەن و دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕن، ڕێک وەک ئەوەی لە عەفرین و سەرێکانی کردیان. لەم هێرشە نوێیانەدا بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، هەمان چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و چەکدارانی سەر بە سوپای نیشتمانی سووریا (الجیش الوطني) هێرشیان کردووە. ئەوانە هێزێکی بەکرێگیراون و فەرمانەکانیان ڕاستەوخۆ لە تورکیاوە وەردەگرن.

​قەندیل پرێس: باس لەوە دەکرێت شەڕ گەیشتووەتە ناو گەڕەکەکان، ئاستی بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەکان چۆنە؟

ساڵح موسلیم: دوای ئەوەی هێرشەکەیان گەیشتە ناو گەڕەکەکە، شەڕی قورسی ناو کۆڵانەکان ڕوویدا. بەڵام بە خۆڕاگری یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) و هێزەکانی پاراستنی جەوهەری، پلانەکەیان پووچەڵکرایەوە. بەیانی ئەمڕۆش هێرشێکی فراوانیان بۆ سەر ‘کاستێلۆ’ و ‘شێخان’ تێکشکا. کوژراو و برینداری هێرشبەرەکان زۆرە، بە جۆرێک ناچار بوون بە تانک تەرمەکانی خۆیان بگوازنەوە.

قەندیل پرێس: زیانە مرۆییەکان تا ئێستا چەند گەیشتوون و ورەی خەڵک و شەڕڤانان چۆنە؟

​ساڵح موسلیم: بەداخەوە تا ئێستا ٧ شەهید و ٤٩ بریندارمان هەیە. سەرەڕای ئەوەی هەموو جۆرە چەکێکی قورس بەکاردەهێنن و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تۆپبارانی ماڵی هاووڵاتیان دەکەن، بەڵام خەڵک و شەڕڤانان بە یەکگرتوویی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە. ورەی خەڵک زۆر بەرزە و ناهێڵن ئەو پیلانانە سەربگرێت.

​قەندیل پرێس: ئایا هیچ هەوڵێکی سیاسی یان دیپلۆماسی لە ئارادایە بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە؟

ساڵح موسلیم: ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ، فەرماندەیی ئێمە لە ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حەلەب کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتنەکە. تا ئێستا ئەنجامی کۆتایی ڕانەگەیەندراوە و هێرشەکانی ئەوانیش بەردەوامن. هێزەکانی ئێمە لە ئامادەباشی تەواودان بۆ پاراستنی مەدەنییەکان و چاوەڕوانی پەرەسەندنەکانین.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

فارووق حەجی موستەفا: پابەند نەبوونی حکومەتی کاتی بە بنەماکانی مافی مرۆڤ، سوریا بەرەو شەڕی وێرانکەری دەبات

وتووێژی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەرێز کاک فارووق حەجی موستەفا، بەرپرسی رێکخراوی بەرچاڤ بۆ مافەکانی مرۆڤ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *