راپۆرتی لیژنه‌ی پرۆسەی چارەسەری له‌ توركیا بە زۆرینەی دەنگ پەسه‌ندكرا

راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی توركیای تایبه‌ت به‌ پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری بە زۆرینەی دەنگ پەسه‌ند کرا. له‌ راپۆرته‌كه‌دا گفتوگۆی “مافی هیوا” هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە، راپۆرته هاوبه‌شه‌كه‌ كه‌ پێشنیاری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری له‌خۆگرتوه‌، لە کۆبونەوەی لیژنه‌كه‌دا به‌ سەرۆکایەتی نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان، په‌سه‌ندكرا.

په‌سه‌ندكردنی راپۆرته‌كه‌ به ده‌نگی‌ 47 ئه‌ندامی لیژنه‌كه په‌سه‌ندكرا، دو ئه‌ندام به‌  نەخێر و یەک ئه‌ندامیش ده‌نگی نه‌دا.

راپۆرته‌كه‌ كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌كه‌دا خوێندرایه‌وه‌ له‌ حه‌وت به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتوه‌،  سەرنجی خستۆته‌ سه‌ر دانانی چه‌كی په‌كه‌كه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه‌ دەبێت دانانی چەک لەلایەن یەکە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە دەستنیشان و پشتڕاست بکرێتەوە. هەروەها باس لەوە کراوە، ئەم قۆناغە تەنیا راگەیاندنی کۆتاییهاتنی چەک نابێت، بەڵکو دەبێتە سەرەتای چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسیی نوێ.

هه‌روه‌ها هێما بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ دوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخستن و لەناوبردنی چەکەکان،‌ مه‌به‌ست لێی په‌كه‌كه‌ و دانانی چه‌كی ئه‌و پارته‌یه‌، پێویستی بە رێکخستنی یاسایی دەبێت و لەمبارەیەوە هاوڕاییەکی گشتی هەیه‌.

لە بەشی راسپاردەکاندا هاتووە، ئەو یاسا سەربەخۆیەی هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی دانانی چەکدا تاوتوێ دەکرێت، پێویستە هێندە گشتگیر بێت کە دەرەنجامەکانی پرۆسەکە بە تەواوی لەناوبەرێت و زەمینەی سیاسەتی دیموکراتی بەهێز بکات.

هەروەها ئه‌وه‌ش هاتوه‌، پێویستە یاساکە ئامانجی گەڕانەوەی ئەو کەسانە بێت کە دەستبەرداری چەک و توندوتیژی بون، بۆ هەمیشە کۆتایی بە چەک و توندوتیژی بهێندرێت و کێشەکە بە تەواوی بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی بگوازرێتەوە.

لە راپۆرتەکەدا، گفتوگۆی “مافی هیوا”ش هەیە. پێشنیار کراوە یاسای جێبەجێکردنی سزاکان لە چوارچێوەی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستوریی تورکیا و ئەو رێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی کە تورکیا تێیاندا ئەندامە، پێداچونەوەی بۆ بکرێت و لەسەر بنەمای دادپەروەری لە جێبەجێکردنی سزاکاندا، سەرلەنوێ تاوتوێ بکرێتەوە.

لە راپۆرتەکەدا پێشنیاری دواخستنی جێبەجێکردنی سزا بۆ زیندانیانی نەخۆش و بەساڵاچو؛ بۆ زیندانیان و سزادراوانی نەخۆش و بەساڵاچو بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە مافی ژیان لە سەروی هەمو مافێکەوەیە، ئاماژە بە هەڵسەنگاندنەوەی میکانیزمی دواخستنی جێبەجێکردنی سزا کراوە.

له‌دوای په‌سه‌ندكردنی راپۆرته‌كه‌ گوڵستان کلچ کۆچیگیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای کەموکوڕییەکان، لیژنه‌كه‌ی پەرلەمان ئەرکی خۆی جێبەجێ کردوە و وتیشی: “خاڵەکانی شەش و حەوت زۆر گرنگن. لە ئێستاوە بەدواوە زۆر گرنگە کە پەرلەمان بەشێوەیەکی بەپەلە ئەو پێشنیارە یاساییانەی لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکەدا هاتوون، بکاتە یاسا.”

هه‌روه‌ها وتیشی”ئۆجه‌لان ئەکتەری سەرەکیی پرۆسەکە و ئاشتیی ناوچەییە. ئێمە جیاواز لە دیدگا و پێشنیارەکانی بەڕێز ئۆجه‌لان بیر ناکەینەوە. ئەمە پرسێکی مێژوییە و لایەنی سیاسی، ئابووری، کولتووری و یاسایی هەیە. بۆ چارەسەرکردنی ئەمانە هەنگاو نراوە. بۆیە پێویستە زمانمان ڕاست بکەینەوە؛ بە بەکارهێنانی وشەی ‘تیرۆر’ ناتوانین بەرەوپێش بچین.”

هه‌روه‌ها مەرال دانش بەشتاش، ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌ له‌ ده‌م پارتی جەختی لەوە کردەوە کە پەسەندکردنی ڕاپۆرتە هاوبەشەکە مێژوییە و وتیشی: “قبوڵکردنی ڕاپۆرتەکە بە 47 دەنگ زۆر گرنگە. ئەمەش نیشانی دەدات کە ملیۆنان کەس پشتگیری لە پرۆسەکە دەکەن. داواکاری بۆ دروستکردنی میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا زۆر گرنگ بو. هەروەها پێناسەی ئازادیی بیروڕا نابێت لە چوارچێوەی ‘تیرۆر’دا بێت، ئەمە بۆ یاسای تورکیا زۆر گرنگە. خاڵێکی تری گرنگ ‘مافی هیوا’ و پێناسەی ئازادکردنی مەرجدارە. دەبێت ئەکتەری سەرەکیی پرۆسەکە بەڕێز ئۆجه‌لان بتوانێت بە شێوەیەکی ئازادانە کار بکات. لە ئێستاوە بەدواوە پێویستە کارە یاساییەکان دەستبەجێ ئەنجام بدرێن.”

دووبارە هەوڵبدەرەوە

Featured Video Play Icon

هێرشی دڕۆنیی نوێی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٥ی خاکەلێوە، کاتژمێر ٧، کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *