دوکتور قادر وریا، مامۆستای زانکۆ، له وتووێژێکی تایبهتدا لهگهڵ قهندیل پرێس دهڵێت: “ئەو گڕێکوێرەیە بەمە دەکرێتەوە سەرۆکایەتیی پەژاک، کە ساڵانێکی زۆرە بۆ ئەوە تێدەکۆشێ لە بازنەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا جێی ببێتەوە و پێوەندی و هاوکاریی لەگەڵیان هەبێت، ئەم دەرفەتەی لە سایەی هەست بە بەرپرسایەتیکردنی حیزبەکانی دیکەدا بۆی رەخساوە، لە کیس نەدات. حیزبەکانی دیکە بە سەرنجدان بە ڕەوتی ئاڵوگۆرە سیاسییەکان لە ئێران و ناوچە و بە تێگەیشتن لە گرنگیی یەکتر قبووڵکردن و پێکەوە کارکردن، سەرئەنجام هەنگاوێک هاتنە پێش و، دەرگای دانیشتن و دیالۆگ و هاوکارییان لەگەڵ پەژاک کردەوە. سەرۆکایەتیی پەژاک دەبوو ئەو ئازایەتییەی هەبێت- ئێستاش هەر دەکرێت ئەو ئازایەتییە بنوێنێ- ڕەخنە لەم جۆرە لێدوانەی کاک ئەمیر کەریمی بگرێت. بە بڕوای من کاک ئەمیر دەبوو بۆخۆی ڕەچەشکێن بێت و بڵێ من بەهەر هۆکارێک هەیە لەم قسە و باسانەدا زیدەڕۆییم کردووە، بوومە هۆی ڕووشانی ڕێژەیەکی زۆر لە تێکۆشەران و بنەماڵەکانیان و خەڵکی لایەنگری ئەو حیزبانە و داوای لێبووردنیان لێدەکەم.”
قەندیل پرێس: چەند ڕۆژ پێش ئێستا بەڵگەنامەی ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بڵاو کرایەوە. بەپێی ئەم بەڵگەنامەیە ئەمریکا چیدیکە نایەوێت ڕۆڵی پۆلیسی نێونەتەوەیی بگێڕێت، یان ئەوەیکە تام باراک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند ئەمریکا نایەوێت ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بگۆڕێت. پرسیاری ئێمە ئەوەیە بەپێی ئەم دۆخە، ئیستراتیژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات یان بەگشتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت چی بێت؟
د. قادر وریا: ئەمریکا، هەتا ئێستاش ڕای نەگەیاندبوو کە گۆڕینی ڕێژیمی ئێرانی لە بەرنامەدایە، بەو حاڵەش کاتێک بە پێویستی زانی، بە دەنگ ئیسرائیلەوە چوو و کارە گەورەکە کە بریتی بوو لە وێرانکردنی دامەزراوە ناوکییە هەرە گرنگەکانی ڕێژیمی ئێران، بۆ خۆی جێبەجێی کرد.
لە پێوەندی لەگەڵ ستراتیژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەم ستراتیژە لەسەر ئەوە دانەمەزراوە کە ڕووخانی ڕێژیمی ئێران لە بەرنامەی ئەمریکادا هەیە یان نا. ئەوان هەوڵی رووخاندنی ئەو ڕێژیمە و هێنانە سەرکاری سیستەمێکی دیموکراتیک لە ئێران دەدەن کە مل بۆ مافە نەتەوەییەکانی کوردیش ڕابکێشێ. ئەو حیزبانە، گوشاری دەرەکی بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانیان–جا لەهەر شکڵ و شێوەیەکدا بێت- بە هۆکارێکی یارمەتیدەر بۆ خەباتی خۆیان زانیوە. لەمەودواش هەر بەم جۆرە دەبێت. بە سەرنجدان بەم ڕاستییە کە کێشەی ئەمریکا و بە گشتی ڕۆژاوا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، کۆتایی پێ نەهاتووە و هەروا درێژەی هەیە، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەمەودواش دەتوانن بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی خۆیان، سوود لە فاکتەری گوشاری دەرەکی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وەربگرن. بە کورتی ستراتیژی ئەمریکا هەر چییەک بێت، ئەم وڵاتە ناتوانی لە ئاست هێمنی و ئاسایشی هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست دەست لەسەر دەست دابنێت. هەتا ڕێژیمی ئێران، هەوڵی دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکیی بدات، هەتا دەستە و تاقمە نیابەتییەکان لەم ناوچەیە بۆ دژایەتیی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا پەروەردە و تەیار بکات، هەتا ئەو ڕێژیمە هاژەک و درۆن بۆ لێدان لە بنکە و ناوەندە سوپایی و ئابوورییەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا و خودی بنکەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیە بەهەم بێنێت، ئەمریکا ناتوانێت دەست لە دژایەتیی ڕێژیمی ئێران هەڵبگرێت.
قەندیل پرێس: تام باراک دەڵێت چیرۆکی ئیسرائیل و ئێران هێشتا تەواو نەبووە، ئەم وتەیە بەو مانایە دێت کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران تەواو نەبووە، بە ڕای بەڕێزتان ئیسرائیل دەتوانێت ببێتە وڵاتێکی پاڵپشتیکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی؟
د. قادر وریا: هیچ گومانێک لەم ڕاستییەدا نییە کە شەڕی ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران هێشتا تەواو نەبووە و قۆناغە یەک لاییکەرەوەکەی ماوە. دیارە من کەم تا زۆر ئاگاداری هیچ هەوڵدانێک لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ پێوەندیگرتن بە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیم، کەواتە ئەم قسەیەی دەیکەم لە جیاتی پشتبەستن بە زانیاریی کۆنکرێت، پشتبەستنە بە لێکدانەوەی لێدوان و هەڵسوکەوتی هەتا ئێستای ڕێبەرانی ئەو وڵاتە. من بۆ خۆم بەو ڕاستییە گەیشتووم، ئیسرائیل کە خوازیاری گٶڕینی ڕێژیم لە ئێرانە، پێی خۆش نییە ئەم گۆڕانە لەسەر دەستی نەتەوە بندەستەکانی ئێران ڕوو بدات.پێی خۆشە ئەم گۆڕانە لەسەر دەستی لایەنێکی ناوەندپارێز بێت.
لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمی ئێران و بە تایبەتی لە ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادییەوە هەتا ئێستا بۆ هەموو لایەک دەرکەوتووە کە ڕێژیمی ئێران ئۆپۆزیسیۆنێکی جیددیترو بەهێزتر لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبەکانی کوردستانی نییە، کەچی ئیسرائیل ئەو گرنگییەی پێویستە بە پشتیوانیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی نەداوە. خۆ مەرج نییە پشتیوانیی ئیسرائیل یان ئەمریکا لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، هەر بە شێوەی نیزامی بێت. مەرجێکی گرنگ بۆ گۆڕینی ڕێژیم لە ئێران، پێکهاتنی ئاڵترناتیڤی ئەو ڕێژیمەیە. هەر وڵات و هێزێکی بیانی کە خوازیاری گۆڕینی ڕێژیم لە ئێران بێت و بیهەوێت هاوکار و پشتیوان بێت بۆ پێکهاتنی بەدیلی ئەو ڕێژیمە، ئەگەرلەپێکهاتنی ئەم بەدیلەدا، گرنگی بە پێگەی حزبەکانی کوردستان نەدا، مانای ئەوەیە سیاسەتێکی هەڵەی هەیە. مەرجی خێراترکردنی ڕووخانی ئەو ڕێژیمە، پێکهێنانی بەدیلی ڕێژیمی ئێران و لە چوارچێوەی ئەم بەدیل دروستکردنەشدا، گرنگیدان بە پرسی نەتەوە بندەستەکانی ئێران و پشتیوانیی هەمە لایەنە لە خەباتەکەیان لە پڕۆسەی بەدیلسازی دایە.
قەندیل پرێس: بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە بارەی دوایین کۆبوونەوەی ناوەندی دیالۆگ لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، فایلە دەنگییە بڵاوکراوەکان بوونەتە گرێکوێرەی ئەم جارەی هاوکاری حیزبەکان، بە تایبەت ئەوەیکە داوا لە پەژاک کراوە بە فەرمی ئەو فایلە دەنگییانەی کاک ئەمیر کەریمی ڕەد بکاتەوەو پەژاکیش ئەم داواکاریەی ڕەد کردووەو باسی لە فایلە دەنگییەکانی کاک عومەر ئیلخانیزادە و کاک هێمن سەیدی کردووەو ڕایگەیاندووە پەرچەکرداری ئەو چەند حیزبە لەبارەی ئەم دوو فایلە دەنگییە لە بەراوەرد لەگەڵ پەرچەکردارەکان دژ بە فایلە دەنگییەکەی بەڕێز ئەمیر کەریمی لەیەک ئاستدا نین و وادیارە بەستێنەکە زیاتر دژ بە پەژاکە، بە ڕای بەڕێزتان ئەم گرێ کوێرەی ئەمجارە چۆن چارەسەر دەبێت؟
د. قادر وریا: پەژاک، بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسایەتیی خۆی لە ئاست فایلە دەنگییە ئاشکرابووەکەی کاک ئەمیر کەریمی نەدەبوو پەنا بەرێتە بەر ئەو دوو فایلە دەنگییەی ئاماژەت پێکردوون. بە چەند هۆکار:
یەکەم، دەنگدانەوەی نەرێنیی فایلی دەنگیی کاک عومەر ئێلخانیزادە و کاک د.هێمن سەیدی زۆر کەمتر بوون لە دەنگدانەوەی فایلەکەی کاک ئەمیر، تا ئەو ڕادەیە کە ڕەنگە زۆر لە خوێنەران نەزانن مەبەستی ئێوە یان من لە کام فایلی ئەو دوو بەڕێزەیە.
دووهەم، من ئاگادار نیم هیچ فایلێکی دەنگیی نهێنیی دکتۆر هێمن سەیدی بڵاو بووبێتەوە. ئاگادارم کە د.هێمن لە چەند لایڤ و بەرنامەی ڤیدیۆییدا کە نهێنی نەبوون، بەڵکوو گشتی و ئاشکرابوون، ڕەخنەی بۆ وێنە لە کاک عەولا موهتەدی، یان ڕەخنەی لە کاک خالید عەزیزی گرتووە.هەر لەو بەرنامانەشیدا، بەو پەڕی ڕێزەوە باسی مێژووی حیزبەکانی دیموکرات و کۆمەڵە و ڕێبەرە شەهیدەکانی کردووە. لە دوایین فایلیشدا بە توندی رەخنەی لەقسەکانی کاک ئەمیر کەریمی گرتبوو، بەڵام هیچ بوختان و بێ ڕێزییەکی بە مێژووی پەژاک و شەهیدەکانی و گریلاکانی نەکردبوو. ئەمانە نە نهێنی بوون، نە وەک قسەکانی کاک ئەمیر، پڕ بوون لە بوختان و چەواشەکاری. پاشان د. هێمن سەیدی خۆ سەرۆک و هاوسەرۆک و ئەندامی سەرکردایەتیی هیچ حیزب و ڕێکخراوێک نییە، بۆچی حیزبەکان دەبێ وەڵامدەر و بەرپرسیاری قسەکانی ئەو بن.
سێهەم، ڕەخنەگرتنی ئەندامی سەرکردایەتی، یان تەنانەت کەسی یەکەمی حیزبێک لە حیزبێکی دیکە، شتێکی ئاساییە. بەڵام هی کاک ئەمیر کەریمی، ڕەخنەگرتن نەبوون، “شەلم کوێرم، کەس نابوێرم” بوختان و بێ ڕێزی بوو بە مێژووی ئەو حیزبانە، بە هێزی پێشمەرگەیان، بە ڕێبەرانیان، بە ژنانی تێکۆشەریان. واتا چاوی خۆی نوقاندبوو و هەرچی بە دەمیدا هاتبوو، وتبووی. من نازانم لە کۆڕ و کۆبوونەوە و کلاس و کۆنگرەکانی پەژاکدا، بەشداران مافی ڕەخنەگرتن لە ڕێبەران و وتاربێژان و مامۆستاکانی خۆیانیان هەیە یان؟ ئەگەر ئەو مافەیان هەیە چۆنە ڕێگایان داوە قسە و باسی تا ئەو ڕادەیە نزم و بێ بنەما و بێ ناوەرۆک بکرێن؟ ئەگەر ئەو مافەیان نییە، چۆن دەیانەوێ و دەتوانن هەرچی حیزبی بە وتەی خۆیان کلاسیکە، لە گۆرەپانی سیاسیی کوردستان بسڕنەوە و بزووتنەوەیەکی مودێڕنتر، بێننە جێگای؟!
ئەو گڕێکوێرەیە بەمە دەکرێتەوە سەرۆکایەتیی پەژاک، کە ساڵانێکی زۆرە بۆ ئەوە تێدەکۆشێ لە بازنەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا جێی ببێتەوە و پێوەندی و هاوکاریی لەگەڵیان هەبێت، ئەم دەرفەتەی لە سایەی هەست بە بەرپرسایەتیکردنی حیزبەکانی دیکەدا بۆی رەخساوە، لە کیس نەدات. حیزبەکانی دیکە بە سەرنجدان بە ڕەوتی ئاڵوگۆرە سیاسییەکان لە ئێران و ناوچە و بە تێگەیشتن لە گرنگیی یەکتر قبووڵکردن و پێکەوە کارکردن، سەرئەنجام هەنگاوێک هاتنە پێش و، دەرگای دانیشتن و دیالۆگ و هاوکارییان لەگەڵ پەژاک کردەوە. سەرۆکایەتیی پەژاک دەبوو ئەو ئازایەتییەی هەبێت- ئێستاش هەر دەکرێت ئەو ئازایەتییە بنوێنێ- ڕەخنە لەم جۆرە لێدوانەی کاک ئەمیر کەریمی بگرێت.
بە بڕوای من کاک ئەمیر دەبوو بۆخۆی ڕەچەشکێن بێت و بڵێ من بەهەر هۆکارێک هەیە لەم قسە و باسانەدا زیدەڕۆییم کردووە، بوومە هۆی ڕووشانی ڕێژەیەکی زۆر لە تێکۆشەران و بنەماڵەکانیان و خەڵکی لایەنگری ئەو حیزبانە و داوای لێبووردنیان لێدەکەم.
هاوکاری و هاوخەباتیی چەندین حیزب و ڕێکخراو بە یەکەوە، پێویستی بە نیشاندانی نیازپاکی بەرامبەر یەکتر هەیە، نەک پێداگری لە سەر بۆچوونە توند و نادۆستانەکانی ڕابردوو.
قەندیل پرێس: یەکێک لەو ڕەخنانەی کە لە حیزبەکانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکانی ناوەندی دیالۆگ دەگیریەت ئەوەیە کە زانیاری ئەو کۆبوونەوانە دزە دەکاتە میدیاکان و پرسەکە ئاڵۆزتر دەبێت، بەشێک لە چاودێران پێیان وایە ئەم کارە بە ئەنقەست دەکرێت و ئامانجی ئەوەیە ناوەندی دیالۆگ شکست بخوات یان ئەوەیکە لایەنێکی دیاریکراو دەرپرێنن، شرۆڤەی بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟
د. قادر وریا: لەم کۆبوونەوانەدا چەند حیزب، هەر کامەی بە دەستەیەکی چەند کەسی بەشدار دەبن. هاوکات میدیاکانیش بە دوای هەواڵ و زانیاریی کۆبوونەوەکانی ئەم حیزبانەدا دەگەڕێن، بۆیە سەیر نییە ئەگەر میدیایەک زانیارییەکی سنووردار لە کەسێکی بەشداری کۆبوونەوەکە یان سەرچاوەیەکی نزیک لەو حیزبانە بەدەست بێنێت.
ئەوەندەی من بە دواداچوونم هەبووە، تا ئێستا نهێنییەکی گەورە و زانیارییەکی هەستیاری ئەم کۆبوونەوانە بڵاو نەبووەتەوە؛ ئەوەی هەبووە و لە سۆشیال میدیا کەوتووەتە بەرسەرنج، زیاتر دەنگۆ و بۆچوون و گریمانە و لێکدانەوەیان بووە نەک خودی زانیارییەکە. “لایەنێکی دیاریکراو” ئەگەر دەیهەوێت تەریک نەکەوێتە و بە تەنیا نەمێنێتەوە و لە کۆڕی حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات دەرنەپەڕێندرێ، پێویستە گوتار و هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەوانی دیکە، دۆستانە و نیازپاکانە و بەرپرسانە بێت، نەک قەڵسەگێڕان و هەوڵدان بۆ خۆسەپاندن بە هەڕەشە و شێواندنی زیاتری دۆخەکە. لە داهاتووشدا هەر فایل یان لێدوانێک یان زانیارییەکی کۆن و نوێ لە هەر ڕێکخراو و لایەنێکی سیاسی، دزە بکات و بڵاو بێتەوە، هەنگاوی دروست ودلسۆزانە و بەرپرسانە ئەوەیە، خودی ئەو ڕێکخراوە، دەستی خۆی ڕەپێش بخات، بە دانی ڕوونکردنەوەی پێویست و ژیرانە، بەر بە لێکەوتە زیانبارەکان بگرێت و نەهێڵێ متمانە و نیازپاکیی نێوان خۆی و لایەنەکانی دیکە زیانی پێ بگات و دۆخەکە بشێوێت.
قەندیل پرێس: ئێستا ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر لاواز بووەو لە ژێر فشاری ناوخۆیی و دەرەکییە، لە لایەکترەوە ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرای ئێرانی ئامادە نییە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد بە فەرمی بناسێت، لە ئاوا بارودۆخێکدا بە ڕای بەڕێزتان بۆ پرۆژەکانی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە ئاکام ناگەیێت، ناوەندی هاوکاری کە شکستی خوارد و ئێستاش ناوەندی دیالۆگ ئەگەری شکستهێنانی هەیە؟
د. قادر وریا: حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، هەتا ئەو کاتەی یەکگرتن و هاوپەیمانییەکی پتەو پێک نەهێنن و چاوەڕوانی و ویستەکانیان لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و لە هەر بەدیلێکی ڕێژیمی ئێستای ئێران، نەکەن بە یەک و یەکگرتووانە لە پشتی ڕانەوەستن، ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرای ئێران، هەر ئامادە نابێت مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد بە ڕەسمی بناسێت، هەر ئامادە نابێت جێگە و پێگەی شیاو لەهەوڵەکانی قۆناغی گواستنەوەدا بدا بە نوێنەرانی کورد. ئەگەر لایەنێکی کوردیشیان لەوانی دیکە هەڵاوارد و لهگەڵ خۆیان خست، بەمە نە نەتەوەی کورد هیچی دەست دەکەوێت و نە ئەو ئۆپۆزیسیۆنەش، دەتوانێ خەیاڵی خۆی لە ئاست کێشەی کوردستان ئاسوودە بکات.
ئەو یەکگرتنەش کاتێک پێکدێت کە ئەو حیزبانە لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی و داهاتووی نەتەوەکەیاندا، ڕوانینیان بەرانبەر یەکتر بگۆڕن، پێویستە بە شێوەیەکی واقیعی تر پێگەی خۆیان لەنێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا هەڵسەنگێنن؛ ئەوانەیان کە بە ڕاستی خاوەن جێگە و پێگەیەکی گەورەن، ئامادە بن لە پێناوی داهاتوو و بەرژەوەندی گشتی و پێکهاتنی ئەم هاوکاری و یەکگرتووییە، لە خۆیان مایە دابنێن و لایەنەکانی لە خۆیان بچووکتریش بخوێننەوە. ئەوانەش کە لەبارەی سەنگ و پێگەی خۆیان زێدە ڕۆیی دەکەن و خۆیان لە هیچ هێزێک پێ بچووکتر نییە، ئەوانیش لە پێناوی نەتەوەکەیاندا واز لە ئیددیعای گەورە و زێدەخوازی بێنن و لەم قۆناغەدا هاوکار بن بۆ ئەوەی ڕوو بە ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا و هەموو ئەوانەی نایانهەوێ نەتەوەی کورد لە ئێران بە مافەکانی بگا، یەکدەنگ و یەکگرتوو و هاوپشتی یەک بین. با ئەو ململانێ حیزبیانە و ئەم خۆ بە گەورە دیتنانە هەڵبگرین بۆ ئەو کاتەی خەڵک بە دەنگدانی خۆیان دەتوانن بیسەلمێنن کام حیزب و ڕێبەریان لەوانی دیکە زیاتر قبووڵە. بە ڕاستی ئێستا هەر لایەنێک کۆسپ بۆ پێکهاتنی هاوپەیمانەتییەکی بە هێزی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساز بکات، خزمەتی نەیارانی گەیشتنی نەتەوەی کورد بە مافەکانی دەکات.
قەندیل پرێس