د. فایه‌ق گوڵپی: عێراق هەمووی هەستاوەتە سەرپێ ئەڵێ هێزە بێگانەکان لە عێراق دەرچن کەچی بەداخەوە پارتی دێمۆکراتی کوردستان، بارزانییەکان، سوپای تورکیا ئەهێننە ناوەوە

د. فایه‌ق گوڵپی ده‌ڵێت: “ئەو قسەی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕاستە کە پارتی دێمۆکراتی کوردستان هاوکاری تورکیای کردووە، چونکە ئەمە پیشەی حیزبەکانی باشووری کوردستانە، پێشتر هاوکاری سوپا و تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکەیان کردووە دژی تێکۆشانی گەلی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان. ئەمجارەش هاوکارییەکە قۆناخێکی فراوانتر یا شێوازێکی تری بە خۆیەوە بینی، ئەوە بوو کە دەسەڵاتدارانی پارتی دێمۆکرات لە دەڤەری بادینان، ڕێگەیان دا کە سوپای تورکیا، بە جادەی قیرا، سنوری نێودەوڵەتی ببەزێنێ، دەبابە و تۆپ و مۆدەڕەعەو ماشینی سەربازی و شتی تر لە زاخۆ و دهۆکەوە بەرێ بەرەو ئامێدی لەوێ بچێتە ئەو گوندانەی کە ئەتوانم بڵێم لەژێر دەسەڵاتی پارتی کرێکارانی کوردستانا بوون، و لەوێ شەڕ بکا و شوێن بسووتێنێ، گوندی دەربکا، گوندەکان بوردمان بکا و بنکەی سەربازی دابنێ.”

قه‌ندیل پرێس: سڵاو و ڕێز کاک فایه‌ق، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل‌پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، هەر وا کە ئاگادارن دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر پەکەکەو باشووری کوردستان چڕ کردووەتەوە، تەنانەت ڕێژەی داگیرکاریەکەی لە باشوور زیاد کردووە، بە ڕای جەنابتان ئامانجی تورکیا لەم هەوڵە نوێیە چییە؟

د. فایه‌ق گوڵپی: سڵاو لە ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست. ئەم هێرشەی ئەمجارەی تورکیا، بەشێکە لە هێرشەکانی تری کە بۆ باشووری کوردستان، بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ قوبرس بۆ لیبیا و شوێنەکانی تر ئەنجام ئەدا، و ئامانجی فراوانکردنی دەسەڵاتییەتی لەو شوێنانەی کە خۆی بە بەشێک لەخاکی دەوڵەتی عوسمانی دەزانێت. ئامانجی دووەمی ئەو هێرشەی ئەوجارەی تورکیا، لێدانە لەکورد، ئەمڕۆ لێدانە لە پارتی کرێکارانی کوردستان و لە ڕۆژئاوای کوردستان، و دەیەوێ ئەو هێزەی کە داکۆکی لە مافی کورد دەکا، خۆی ئەپارێزی، سەرکوتی بکا، و پەیوەندی نێوان باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان یا پەیوەندی نێوان پەکەکە و قەسەدە کۆتایی پێ بێنی یا ڕێگری لەو پەیوەندیانە بکا لەو شوێنانە. ئەمە لە مەرحلەی یەکەما، لە مەرحەلەی دووەما، گەر ئەو لایەنانە قەسەدە و پەکەکە یا رۆژئاوای کوردستان و شۆڕشی باکوور لاواز بێ، ئەو کاتە سرەی برادەرانی باشووری کوردستانیش، پارتی و یەکێتی و پارتەکانی دیکەش دێت. هۆکاری سێیەم بۆ هێرشەکانی تورکیا، هۆکاری ئابووریە. لەلایەکەوە دەوڵەتی تورکیا لەڕووی ئابووریەوە یەکێکە لەو وڵاتانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا کەمترین سەرچاوەی وزەی هەیە، ئەیەوێ بەو داگیرکاریانە و بەو هاتنە پێشەوانە، مەرجی خۆی بەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکانا، بسەپێنێ بۆ ئەوەی وزەی بۆ بڕوات. بۆ ئەوەی نەوتی بۆ بڕوا، گازی بۆ بڕوا، لە هەرێمی کورستان و لە عێراقەوە. خاڵێکی تر ئەوەیە، ئەو پرۆژەیە کە هەیە، لە نێوان عێراق و تورکیا و قەتەر و ئیماراتا، ڕێگەی گەشەکردنە وابزانم. ئەیەوێ ئەو ڕێگایە کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بەر هێرشی گەریلاکان بکەوێ یا ئەوان کۆنترۆڵی بەسەرا بکەن، ئەیەوێ ئەو ڕێگەیە کۆنترۆڵ بکا. یانی بەو شێوەیە ئەتوانین بڵێین هۆکاری هێرشەکەی ئەمجارە، ئابوورییە، سیاسییە، و ئابووریەکەی بەو شێوەیە کە من باسم کرد، یەکەم جار سەرچاوەی وزەی ئەوێ، دووەم، ئەیەوێ ئەو ڕێگەی گەشەکردنە کۆنترۆڵ بکا، و لێدانیش لەکوردە لە ڕووی سیاسییەوە، ئەوە فراوانکردنی پێگەی خۆیەتی لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.

قه‌ندیل پرێس: پەکەکە، پارتی بەوە تۆمەتبار دەکات کە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دژ بە پەکەکە دەکات، شرۆڤەی بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟
د. فایه‌ق گوڵپی: بەڵێ ئەو قسەی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕاستە کە پارتی دێمۆکراتی کوردستان هاوکاری تورکیای کردووە، چونکە ئەمە پیشەی حیزبەکانی باشووری کوردستانە، پێشتر هاوکاری سوپا و تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکەیان کردووە دژی تێکۆشانی گەلی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان. ئەمجارەش هاوکارییەکە قۆناخێکی فراوانتر یا شێوازێکی تری بە خۆیەوە بینی، ئەوە بوو کە دەسەڵاتدارانی پارتی دێمۆکرات لە دەڤەری بادینان، ڕێگەیان دا کە سوپای تورکیا، بە جادەی قیرا، سنوری نێودەوڵەتی ببەزێنێ، دەبابە و تۆپ و مۆدەڕەعەو ماشینی سەربازی و شتی تر لە زاخۆ و دهۆکەوە بەرێ بەرەو ئامێدی لەوێ بچێتە ئەو گوندانەی کە ئەتوانم بڵێم لەژێر دەسەڵاتی پارتی کرێکارانی کوردستانا بوون، و لەوێ شەڕ بکا و شوێن بسووتێنێ، گوندی دەربکا، گوندەکان بوردمان بکا و بنکەی سەربازی دابنێ. ئەمە لەلایەکەوە پارتی ڕێگەی داوە بەو هێزە کە بێتە ناوەوە، تەبعەن دیارە پارتی، تورکیای پێ باشە تا پەکەکە، ئەو گوندانە لەژێر کۆنترۆڵیا بن، ئەمە خاڵێکە. خاڵی دووەم ئەوەیە لەڕووی دێپلۆماسیشەوە، زەمینە خۆش ئەکەن، ڕەوایی ئەیەن بە هاتنەکەی تورکیا، لەلایەکەوە بینیمان وەزیری دەرەوەی ئێراق کە سەر بە پارتییە، وتی تورکیا هێرشی نەکردووە، تورکیا بۆ هەندێ ئامانجی هاتووە و … لەلایەکی تریشەوە سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا لەم ماوەیە، یەکێک لە هۆکارەکانی سەردانەکەی ئەوە بوو، بۆ ئەوەی مۆبەڕەڕات بێنێتەوە بۆ بانگهێشت کردنی سوپای تورکیا، لەلایەکەوە ئێراق هەمووی هەستاوەتە سەرپێ ئەڵێ، هێزە بێگانەکان لە ئێراق دەرچن کەچی بەداخەوە پارتی دێمۆکراتی کوردستان، بارزانییەکان، سوپای تورکیا ئەهێننە ناوەوە و ئەچن بەغاش ئیشی بۆ ئەکەن. بۆ ئەوەی ڕەوایی بەن بە هاتنەکەی سوپای تورکیا، تەبعەن ئەمە لەسەر حسابی میلەتی کوردە، ئەمە لەسەر قوربانی و دەسکەوتەکانی میلەتی کوردە، ئەمە لەسەر خاکی گەلی کوردە لەو مساومەیە کە مەسعود بارزانی و پارتی لەسەر هاتنی سوپای تورکیا، زۆر بەداخەوە بارودۆخەکە بەو شێوەیە کە هەیە.
خاڵێکی تر ئەوەی کە پارتی لەڕووی دیپلۆماسییەوە کاری کردووە بۆ ئەوەی پەلکێش کردنی سوپای تورکیا بۆ باشووری کوردستان، شتێکی ئاسایی بێ، بینیمان کە وەزیری دەرەوەی عێراق، وتی تورکیا هێرشی نەکردووە، وە سەردانەکەی ئەمجارەی مەسعود بارزانی بۆ بەغا دوو ئامانجی هەبوو، ئامانجی یەکەمی ئەوە بوو کە ڕەوایی با بە هاتنی سوپای تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان بۆ عێراق، چونکە لەم کاتە ئەگەر ئێمە چاودێری بارودۆخی عێراق بکەین، یەکێ لە مەسەلە سیاسییە گرنگەکان ئەوەیە کە ئەبێ سوپای بێگانە یا هێزەکانی هاوپەیمانان و … لە ئێراق بکشێنەوە، بەڵام بەداخەوە پارتی ئێستا هێز ئەهێنێتە ناوەوە. تەبعەن، ئەڕوات، چی ئەکا؟ ئەڕوات ڕەوایی با بەو ئیشەی کە کردوویەتی. یا مۆبەڕەڕاتی بۆ بێنێتەوە. بەس ئەم شتانە لەسەر حسابی دەسکەوتی گەلی کوردە، لەسەر حسابی قوربانییەکانی گەلی کوردە، تەبعەن ئەبێ بەرانبەر بەو شتانەی کە ئێراق لێ ڕازی ئەبێ، هەندێ تنازۆل بکا، تنازۆل لە مافی شەخسی خۆی ناکات، تنازۆل لەمافی گەلی کورد ئەکات.

قه‌ندیل پرێس: ڕۆڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم بارودۆخەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

د. فایه‌ق گوڵپی: سەبارەت بە ڕۆلی یەکێتی لەم هاوکێشە سیاسی و سەربازییەدا، بە حوکمی ئەوەی کە یەکێتی لەڕووی ژێئۆپۆلیتیکه‌وه، لەو ناوچانەوە دوورە یانی دەسەڵاتی لە ناوچەی بادینان نییە، ئەوە ئەمێنێتەوە کە هەڵوێستی سیاسی یەکێتی چی بێ بەرانبەر بەو پەلکێش کردنەی ئەمجارەی سوپای تورکیا، وە هەڵوێستی یەکێتی چی بێ لە ئێراق دا. بەڕاستی، یانی هەڵوێستێکی جیدی وەکوو کۆمکرێتی لەلای یەکێتییەوە دژی ئەو پەلکێش کردنە نیشان نەدرا نە تەنیا یەکێتی هێزەکانی تریش هەر وا بوون. ئەوەی هەبوو فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلمانی عێراق، هەڵوێستێکی نیشان دا دژی هاتنی سوپای تورکیا بۆ باشووری کوردستان، سەرۆک کۆماری عێراق کە سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە کە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی پاراستنی سەیادە یا سەروەری خاکی وڵاتە، هیچ هەڵوێستێکی نیشان نەدا، بۆیە ناتوانین بڵێین یەکێتی بەشدارە لەم ئۆپراسیۆنە و ڕازی بووە بەوە و هەڵوێستێکی جیدی و کۆمکرێتیشی نەبووە بەرانبەر بەو ڕووداوە یا بەرانبەر بە هاتنی سوپای تورکیا بۆ باشووری کوردستان.

قه‌ندیل پرێس: ڕۆڵی دەوڵەتی عێراق لەم بارودۆخەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
د. فایه‌ق گوڵپی: سەبارەت بە ڕۆلی دەوڵەتی عێراق لەم بارودۆخەدا، بەڕاستی دەوڵەتی عێراق لەژێر کاریگەری سیاسەتی ئەمریکا و ئێران دایە. هاوینی ئەمساڵ سودانی سەردانێکی ئەمریکای کرد نێزیکی حەفتەیەک لەوێ مایەوە. کە گەڕایەوە ئەردۆغان چوو بۆ ئەوێ. بۆ لای سودانی. دوای ئەوە پرۆژەی ڕێگای گەشەکردن هاتە پێشەوە. کە لە نێوان عێراق و تورکیا و قەتەر و ئێماراتایە و پرۆژەیەکە لەنێوان ئەم سێ چوار دەوڵەتەیا کە ئەنجام دەدرێ. یانی بەمە دەتوانین بڵێن دەسەڵاتی عێراقی، نەک شەعبی عێراقی، نەک هێزە سیاسییەکان، دەسەڵاتی عێراقی تەقریبەن لە وڵاتانی نێزیک لە ئەمریکا نێزیک ئەبێتەوە. لە تورکیا و قەتەر و ئێمارات و ئەوانە نێزیک ئەبێتەوە، هەندێک لە ئێران دوور ئەکەوێتەوە بەم شێوەیە بێت و سیاسەتەکانی ئەوان ئەبێ جێبەجێ بکا. یەکێک لە داواکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرانبەر بەو پرۆژەیە کە هەیانە یا وەکو ئەوەی بڵێی لەبەر ئەوەی کە لە پرۆژەی ڕێگای گەشەکردن دان، دەوڵەتی تورکیا داوای کرد کە پارتی کرێکارانی کوردستان وەکوو لایەنێک یا حزبێکی تێرۆریست پێناسە بکا یا بیخاتە لیستی تێرۆرەوە. عێراق ئەوەی نەکرد عێراق کردی بە حزبێکی قەدەخە کراو. لەم ڕۆژانەشا هەندێک ڕێکخراوی سیاسی وەکوو تەڤگەری ئازادی و تەڤگەری یەزیدییەکان هەبوون کە دۆستی پەکەکە بوون، ئەوانیشی هەڵوەشاندەوە، هەمووی بۆ ڕازیکردنی تورکیایە. ئێستاش بە پێی ئەم لەشکەرکێشییە کە تورکیا هاتووە، هەڵوێستێکی جیدی حکومەتی عێراقی نییە. کەوا بوو حکومەتی عێراقیش، بە هێرشەکانی سوپای تورکیای ئەمجارە بۆ شەڕکردن لەگەل پارتی کرێکارانی کوردستانا ڕازییە و ئەگەر هەیە لە ئایندەشا هەڵوێستی خراپتر نیشان بدا.

قه‌ندیل پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، بە ڕای بەڕێزتان بە پێی بارودۆخەی کە ئێستا هەیە، چ دەتوانێت بکرێت کە بەر بە داگیرکاری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بگیریەت؟

د. فایه‌ق گوڵپی: بەڕەیی من ئەبێ لەسەر سێ ئاست تێکۆشان بکرێت. یەکەم خەباتی چەکدارییە کە ئێستا گەریلا ڕووبەڕووی هێرشەکانی سوپای تورکیا وەستاوەتەوە. خۆشبەختانە هەندێ پێشکەوتن هەیە لە بەدەستهێنانی چەک لەدژی درۆن، ئەمە کارێکی باشە. لەسەر ئاستی تر، ئاستی جەماوەری، ئەبێ خەڵک، جەماوەر لە باکووری کوردستان لە باشوور لە پارچەکانی تری کوردستان، لە ئەورووپا لە شوێنە جیاجیاکان، ناڕزایی دەرببڕن بەرانبەر ئەم هێرشانەی سوپای تورکیا، و فشار بخەنە سەر لایەن پەیوەندیدارەکان. سەر دەوڵەتی عێراق، سەر هەرێمی کوردستان، سەر ئەمریکا، چونکە ئەمریکا ڕێگەی داوە سوپای تورکیا هێرش بکاتە سەر باشووری کورستان، بە بێ ڕەزامەندی ئەمریکا، تورکیا ناتوانێت هێرش بکات، لەبەر ئەوە ئەمە گرنگە. خاڵێکی تر، کەناڵی دیپلۆماسییە، زۆر بەداخەوە کەناڵی دیپلۆماسی کورد ئەمڕۆ لەعێراقدا بەدەست کوردەوەیە بەڵام کورد لەباتی ئەوەی بۆ داکۆکی کردن لە کوردی باکووری بەکاری بێنێ، بۆ داکۆکی کردن لە تورکیا بەکاری ئەهێنێ. بەڵام ئەمە وا ناکا کە مرۆڤ ڕەش بین بێ و هیچ نەکات، ئەبێ تێکۆشان بەردەوام بێ. تا ئەو سیاسەتە ناڕەوا و داگیرکاری و ئێستعمارییەی تورکیا کۆتایی پێ دێت، وە ئەگەر بێت و تورکیا سەرکەوتن بەدەست بێنێت، سەرکەوتنێکی کاتیش بەدەست بێنێ لەم کاتە، پارتی کرێکارانی کوردستان یا شۆڕشی کورد لە باکووری کوردستان کۆتایی پێ نایەت، بە شێوازێکی تر لەشوێنێکی تر سەر هەلئەیاتەوە. هیوای ئەوە ئەخوازم کە بەرپرسانی کورد لە عێراق لە هەرێمی کوردستان لە هەموو شوێنێکی دیکە بەخۆیاندا بێنەوە، ئەم سیاسەتەی کە بەڕێوەی ئەبەن، تورکیایان پێ باشە تا کوردی باکوور، تورکیایان پێ باشە تا پەکەکە، سیاسەتێکی هەڵەیە، نائینسانییە، نانەتەوەییە. هەر کەموکۆڕیەکیش هەبێ لەلای پەکەکەوە ئەبێ بەچاوێکی بەرپرسانەوە سەیری کەن. ئەوەیان بیر بێتەوە کاتێ داعش هێرشی کرد بۆ سەر هەرێمی کوردستان بۆ کەرکووک، بۆ مەخموور بۆ هەولێر بۆ شنگال بۆ شوێنەکانی دیکە، گریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە پێش تورکیاوە لە پێش هەر هێز و لایەنێکی ترەوە هاتنە مەیدان داکۆکیان لە هەرێمی کوردستان کرد، داکۆکیان لە پارتی کرد، داکۆکیان لە یەکێتی کرد داکۆکیان لە مەسعود بارزانی کرد، هیوادارم ئەمجۆرە ئەقڵییەتە سیاسییە، کە ئێستا باڵادەستە لە هەرێمی کوردستانا، دۆست بە دوژمن سەیر ئەکات، دوژمن بە دۆست سەیر ئەکا، کۆتایی پێ بێت.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

وتووێژی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز “فەرزین کەرباسی” شرۆڤەکاری سیاسی لە بارەی دوایین دۆخ و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

پرسیاری یەکەم: لە ڕۆژانی ڕابردوودا فایلێکی دەنگی بەڕێز ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *