د. عادڵ ئهلیاسی، ئهندامی کۆمیتهی ناوهندی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ “قەندیل پرێس” لەبارەی دوایین دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دەڵێت: “پێم وایه هەتا زۆرتر ماهییەتی دژی دیموکراتیانە و دژی ئازادیخوازانەی پاشایی خوازان، ڕاستی ئیفراتی و سیاسەتی ناوەندگەرایی لە ئێران لەقاو بدەین هێشتا کەممان کردووە. ئەم هێزانە مەترسیێکی حاشاهەڵنەگرن لەسەر ڕەوتی دیموکراسی خوازی و ڕزگاری خوازی لە هەموو ئێران. دیارە ئەم مەترسییە لەسەر کوردستان زیاتره، چوونکە ئەم هێزە پاوانخوازانە، ئێران وەک وڵاتێکی یەک پارەچەی پیرۆز دەزانن و دانیشتوانی وەک یەک نەتەوە دەبینن که گۆیا بە شێوەی سروشتی هەزاران ساڵە خاوەنی یەک ناسنامەن. لەم ڕووەوه هەر چەشنە ناسنامەی جیاواز نە تەنها ئینکار دەکەن، بەڵکوو بە خیانەتی دەزانن و بە شێوەیەکی مەترسیدار خۆیان بۆ سڕینەوەی ئامادە دەکەن، تەنانەت سڕینەوەی فیزیکیش.”
قەندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن، چەند ڕۆژێکە جارێکی دیکە خەڵکی ئێران لە زۆربەی شارەکان دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە، شرۆڤەی بەڕێزتان لەمبارەوە چییە؟ ئایا هەلوومەرجەکە وا دەبینن ئەمجارە ڕژێم بڕۆخێت؟
د. عادڵ ئەلیاسی: دەتوانین بڵێین که ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێران له لایەکەوە درێژەی ناڕەزایەتییە پێشووەکانه، له لایەکی تریشەوە هەڵگری جیاوازیێکی گرنگه. جیاوازیەکه بریتییە له هاتنه مەیدانی توێژێکی نوێی کۆمەڵایەتی، واته بازاڕیەکان. ئەم توێژە کۆمەڵایەتییە ئەگەر چی پێشتریش ناڕازی بووە بە هەلومەرجی خۆی، بەڵام ئەمە یەکەمجارە کە بەم بەریناییە و بە شێوەی مانگرتن و ڕاپەڕینی سەرشەقام هەڵوێست دەگرێت. دەتوانین گرنگی ناڕەزاییەتی بازاڕیان، لە پاڵ ناڕەزایەتی توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تر، لە چاویلکەی مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ببینین.
لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا هەرکات بازاڕییەکان دژی حاکمیەت ڕاپەڕیون کاریگەری دەستبەجێیان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان داناوە و هاوسەنگی هێزیان گۆڕیوە. لە بزووتنەوەی ناسراو به بزووتنەوەی ”تەنباکو” له ساڵەکانی ١٨٨٩ تا ١٨٩٣، که لەوێ ناسرالدینشای قاجار گرێبەستێکی بازرگانی بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی توتن به کومپانیایێکی بریتانیانی بە ناوی ”رژی” بەست، ناڕەزایەتێکی بەرینی بازاریانی بە دوای خۆیدا هێنا و تەرازووی هاوکێشە ناوخۆیەکانی گۆڕی. ئەم ڕووداوە تەنها بزووتنەوەیەک و ناڕەزایەتییەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو هاوکات وەرچەرخانێکی گرنگی مێژوویی بوو کە لەوێ چینی مامناوەندی مۆدێڕن بۆ یەکەم جار لە کۆمەڵگای ئێراندا بەم شێوەیه پێی نایه موعادلاتی سیاسی و دەسەڵاتەوە و نیشانی دا کە قورسایێکی حاشاهەڵنەگرە و دەتوانێت چارەنووسی ڕووداوەکان دیاری بکات. ئەم ناڕەزایەتییه ئەوەندە کاریگەر بوو که ناسرالدینشا ناچار به پاشەکشە کرا و سەرەنجام گرێبەستەکە لە گەڵ کومپانییە بریتانیایەکە هەڵوەشایەوە.
لەسەردەمی شۆرشی مەشروتەشدا، مانگرتنی بەرین و نارەزایەتی دەربڕینی گشتی بازاڕیان، دەوڵەتی قاجاری ناچار کرد که لە داسەپاندنی حاکمیەتی موتڵەقەی خۆیدا پاشەکشە بکات و بە دەر کردنی فەرمانی ناسراو به ”فەرمانی مەشروتیەت”، ملکەچی خواستی پێکهێنانی ”پارلمانی شۆرایی نیشتمانی” و سنووردار کردنی دەسەڵاتی پادشا بێت. لە بزووتنەوەی مللی کردنی نەوتیشدا، لە ساڵی ١٩٥٠ بە سەرۆکایەتی موسەدق، هەرچەند بازاڕیان یەکدەست هەڵوێستی ئەرێنی یا نەرێنیان نەبوو، بەڵام هەم پشتیوانی سنوورداریان دەوری لە جێخستنی ئەو رفۆرمەکە و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان لە گەڵ زلهێزانی ڕووسی و بریتانیادا هەبوو، و هەم دژایەتی کردنی بەشێکیان دەوری هەبوو له دوازخستنی ڕفۆرمەکە. دوایین نموونەی مێژوویی کە دەوری گرنگی بازاڕیان لە ڕووداوەکاندا دەسەلمێنێت، لە سەراوبەندی شۆرشی ١٩٧٩ بوو. بازاریان نە تەنها بە مانگرتنی گشتی توانیان دەسەڵاتی پاشایەتی بخەنە ژێر گوشارێکی زیاتر، بەڵکوو بە دابین کردنی بەشێک لە داهاتی کرێکارانی پیشەسازی نەوت، دەورێکی یەکلاکەرەوەیان هەبوو لە فەلەج کردنی ئەم پیشەسازییە کە بە نەوبەی خۆی ڕژیمی شای بە چۆکدا هێنا و ئابووری ئێرانی فەلەج کرد.
بەکورتی دەتوانین بڵێین کە پەیوەست بوونی بازاڕیان بە ناڕەزایەتی توێژە زۆرتر ڕادیکاڵەکانی کۆمەڵگا، وەک ژنان، خوێندکاران، کرێکاران، مامۆستایان، بزووتنەوەی نەتەوە بندەستەکان و هتد، تەرازووی هێز بە زەرەری کۆماری ئیسلامی و بە قازانجی ڕەوتی خوازیاری گۆڕانکاری لە ئێران گۆڕدراوە.
قەندیل پرێس: دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕاشکاوانەو ڕاستەوخۆ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تەهدید کرد کە خۆپێشاندەران نەکوژێت و ئەگەر کاری وابکات ئەمریکا تەداخۆل دەکات، خوێندنەوەی جەنابتان لە بارەی ئەم پەیامەوە چییە؟
د. عادڵ ئەلیاسی: دەتوانین بڵێین که گۆڕانکاریێکی بەرچاو لە چۆنیەتی بە کردەوە دەرهێنانی سیاسەتی دەرەوەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دەبینین. دەڵێم گۆڕانکاری له چۆنیەتی ”بەکردەوە دەرهێنانی سیاسەت” و نە خودی سیاسەتەکە. مەبەستم ئەوەیه که خۆتێوەردان لە وڵاتانی تر بۆ مسۆگەر کردنی بەرژەوەندی دیاریکراو، سیاسەتێکی جێکەوتوو لە دۆکتۆرینی ئامریکایه و بە گۆڕینی دەوڵەت لەو وڵاتە گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا نەهاتووە. ئەوەی که ئێستا دەیبینین جیاوازی دوناڵد ترامپە لە چۆنیەتی بەکردەوە دەرهێنانی ئەم سیاسەتە. ترامپ ڕاشکاوانەتر و بە بێ لەبەرچاو گرتنی عورفی دیپلۆماسی سەردەم مەبەستی دەوڵەتەکەی لەم بارەیەوە ڕادەگەیەنێت و ڕاشکاوانەتریش به کردەوەی دەردێنێت. خوێندنەوەیەکی سەرەتایی بۆ ئەو وتانەی ترامپ بە زۆرتر ئاشنامان دەکات لەگەڵ ئیستراتێژی دەوڵەتەکەی بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە درێژماوەکانی ئامریکا له هاوکێشە جیهانیەکاندا.
ئەو ئیستراتێژیه ڕاشکاوانەتر باس له مافی ئامریکا وەک زلهێزی سەردەم دەکات بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیە ئابوری و ژئوپۆلیتێکیەکان لە ٥٠ ساڵی داهاتوودا بە کەڵک وەرگرتن له هژموونی سەربازیی و ئابووریی. له جیهانبینی زاڵ بەسەر بەڵگەنامەی ئێستراتێژی دەوڵەتی ئێستای ئامریکا بۆ سیاسەتی دەرەوە، جیهان شوێنی سوودمەندبوونی ئەو لایەنانەیه کە لە بواری ئابوری و سەربازیدا بەهێزن و هەربۆیەش مافی زیاتریان هەیه لە بڕیاردان و سەهیم بوون له دەوڵەمەندی جیهان و خاوەنداریەتی بەسەر ناوچە ئیستراتێژیکیەکاندا. دیارە لە لێکدانەوەکانی دەوڵەتی ئێستای ئامریکادا پێشبینی دەکرێت کە نەیارانی بەهێزی ئامریکاش هەمان هەوڵ بدەن تا لەم هاوکێشە جیهانیانەدا تەرازووی هێز بە قازانجی خۆیان بگۆرن.
کاتێک دەڵەتی ئامریکا دەیەوێت دەست تێوەردان بکات لە وڵاتی ئێراندا، ئێستا بە هۆی بەرنامەی ناوەکی کۆماری ئیسلامی بێت یا به بیانوی خۆپێشاندانەکانی ئێستا، دەبێ بزانین ئەو خۆتێوەردانە بەشێکە لە سیاسەتێکی گشتی تر و سەرچاوە گرتوو لە دۆکتۆرین و ئیستراتێژی درێژماوەی ئەو وڵاتە.
دیارە بۆ ئێمە کە گۆڕانکاری کۆمەڵگای ئێرانمان لا گرنگە، نابێت تەنها بە وتنەوەی ئەم ڕاستیە و دەرکی سەرچاوەی وتەکانی دۆناڵد ترامپ رەزایەت بدەین، بەڵکوو ئەرکمان ئەوەیه کە لە هاتنە پێشی هەر ئەگەر و سناریۆیەکدا کە لەوانەیه لە ڕووی خواست و بەرژەوەندی خەڵکیشەوە نەیەتە ئاراوە، لەوانە دەست تێوەردانی دەرەکی، چۆن بتوانین بە باشترین شێوەی مومکین بەرژەوەندیەکانی دانیشتوانی ئەو ولاتە مسۆگەر بکەین. بۆیه لۆژیکی رکەبەرکایەتێ ڕێنیشاندەرە کە بەوپێیه لایەنی بەهێز لایەنی لاواز لەناودەبات.
قەندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن، میدیا بەرچاوە فارس زمانەکان، هەوڵێکی زۆر دەدەن ڕەزای پەهلەوی وەکوو ڕێبەری شۆڕش بەسەر خەڵکدا بسەپێنن، ئەمە لە کاتێکدایە ڕەزای پەهلەوی هیچکات ئامادە نەبووە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات قەبووڵ بکات، بە ڕای بەڕێزتان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە بەرامبەر بە ڕەزای پەهلەوی لە ئاستی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و هەروەها بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرای ئێرانی چ سیاسەتێک بگرنە بەر؟
د. عادڵ ئەلیاسی: پێم وایه هەتا زۆرتر ماهییەتی دژی دیموکراتیانە و دژی ئازادیخوازانەی پاشایی خوازان، ڕاستی ئیفراتی و سیاسەتی ناوەندگەرایی لە ئێران لەقاو بدەین هێشتا کەممان کردووە. ئەم هێزانە مەترسیێکی حاشاهەڵنەگرن لەسەر ڕەوتی دیموکراسی خوازی و ڕزگاری خوازی لە هەموو ئێران. دیارە ئەم مەترسییە لەسەر کوردستان زیاتره، چوونکە ئەم هێزە پاوانخوازانە، ئێران وەک وڵاتێکی یەک پارەچەی پیرۆز دەزانن و دانیشتوانی وەک یەک نەتەوە دەبینن که گۆیا بە شێوەی سروشتی هەزاران ساڵە خاوەنی یەک ناسنامەن. لەم ڕووەوه هەر چەشنە ناسنامەی جیاواز نە تەنها ئینکار دەکەن، بەڵکوو بە خیانەتی دەزانن و بە شێوەیەکی مەترسیدار خۆیان بۆ سڕینەوەی ئامادە دەکەن، تەنانەت سڕینەوەی فیزیکیش.
من لەگەڵ ئەو ڕوانگەیه نیم کە دەڵێت پاشایی خوازەکان هیچ شانسێکیان بۆ بەدەسەڵات گەیشتن نییه. بە پێچەوانەوە، پێم وایه شانسیان هەیه، بە تایبەت ئەگەر بەرەیەکی بەهێزی دژی ئەم ڕەوته سیاسی و فیکریە بوونی نەبێت. له نێو زیاتر له هەشتا میلیۆن مرۆڤی سەرکوتکراودا ژمارەیەک هەر پەیدا دەبن که فریوی هەستی درۆیینەی نەتەوایەتی ئێرانی و پڕۆژەی دەوڵەتێکی بەهێزی ناوەندی و سەرکردەیەکی بەهێز بخۆن کە بتوانێت موعجزەئاسا نەجاتیان بدات. کافیە ڕێکخراو و پارە و ئامرازی ڕاگەیاندنت هەبێت و هەندێک دەوڵەتی دەرەکیش پشتیوانیت لێ بکەن، هاوکات لایەنی بەرامبەریشت ناڕێکخراو و شپرز بێت، ئەو کات دەتوانیت چەند هەزارکەسێک کۆ بکەیتەوە و بیانخەیتە گیانی زۆرینەی کۆمەڵگا و دەسەڵاتیش بەدەستەوە بگریت.
هەربۆیه، حیزبەکانی کوردستان پێویستە بە بێ هیچ ڕاڕایێک هاوهەڵوێست بن لەبەرامبەر هەم پاشایی خوازەکان و هەم هەموو ئەو هێزە ڕاستی توندڕەوانە کە وجوودی ناسنامەی جیاواز ئینکار دەکەن و خواستە تایبەتییەکانی خەڵکی کوردستان نابینن و بە بیانووی وتەی بێ مانای وەک ”تمامیت ارضی” زەمینەکانی سەرکوتی خەڵکی کوردستان و نەتەوە بندەستەکانی تر لە داهاتوودا هەموار دەکەن. هەڵوێستی هاوبەشی حیزبەکانی کوردستان دەتوانێت لە بەڵگەنامەیەکدا واژۆ بکرێت که لەوێ دۆکتۆرینی یەک وڵات، یەک نەتەوە و ناوەندگەرایی ڕەد بکاتەوە و میراتگەری سیاسی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی قبوڵ نەکات.
قەندیل پرێس: لە شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی)، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بە پێشەنگی ئێران و دواجار بە هۆی ئەوەیکە شارە گەورەکانی ئێران وەک تاران بە شێوەی پێویست بەشداریان نەکرد و درێژەیان بە خۆپیشاندانەکان نەدا بە تێچوویەکی زۆر لە لایەن ڕژێمەوە سەرکوتکرا، ئەمجارە ڕایەکی بەهێز هەیە کە ڕۆژهەڵات جارێ ڕاوەستانێک بکات بزانێت شارە گەورەکانی ئێران ئەمجارە لە چ ئاستێکدا بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکەن و دوایی بەپێی دۆخەکە بەشداری بکات یا نا، ڕای ئێوە لەم بارەوە چییە؟
د. عادڵ ئەلیاسی: پێم وا نیە بە ئاسانی، و یا بەیەک خوێندنەوە، بتوانین هۆکارەکانی هاوئاهەنگ نەبوونی ناڕەزایەتییەکان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی جوغرافیای ئێران بناسین. بە واتایەکی تر دشوارە بە تەئکیدەوە بڵێین بۆچی پێشتر خەڵکی بەشەکانی تری ئێران، هاوکات لەگەڵ کوردستان بەشداریان نەکرد لە ڕاپەڕینی بۆ نموونە ” ژن، ژیان، ئازادی”، و یا خەڵکی کوردستان بۆچی ئێستا هاوکات لەگەڵ شارە ڕاپەڕیوەکانی تر ڕاناپەڕن. هەربۆیه پرسیاری ئەوەی کە بۆ هەندێک جار جەماوەر بەم یا بەو شێوە ڕادەپەڕن، یا ڕاناپەڕن وڵامێکی هەمیشەیی و دیاریکراو و بە بێ گومانی نییه. بەڵام دەتوانین لە ڕووی هەندێک لێکدانەوەی لۆژیکییەوە ئەو خوێندنەوەمان هەبێت کە هیچ بەشێکی ئێران، بەتایبەت کوردستان، نایهەوێت تەریک بکەوێتەوە و بە تەنها بچێتە شەڕێکی سەروماڵی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی و خۆی بکاتە گۆشتی دەمی تۆپی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕژێمه. بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان ئاوا دۆخێک گەلێک مەترسیدارە، چوونکە ئەزموونی سەرکوتی بەرینیان هەیە و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی کوردستان دەزانن که بە تەریک کەوتنەوەیان و بە بێ هاتنە مەیدانی جەماوەری بەشەکانی تری ئێران هاوئاراستە لەگەڵ کوردستان، کوردستان دەتوانێت ببێتە گۆمی خوێن. دیارە ئەم لۆژیکە لە بەشەکاتی تری ئێرانیشدا حوکم دەکات. کاتێک خەڵکی ڕاپەڕیو لە شارەکانی تری ئێران دروشم دەدەن ” کردستان، کردستان حمایت”، واتاکەی ئەوەیه کە ئەوانیش ئەو حەقیقەتەیان دەرک کردووە که ڕاپەڕین دەبێ سەرتاسەری بێت و لانیکەم بەشە سەرەکییەکانی جۆغرافیای ئێران دابگرێت تا کۆماری ئیسلامی فەلەج بکات و توانایی سەرکوتکردنی لێ بستێنێت.
دەزانیین که خەڵکی کوردستان زیاتر لە هەموو بەشەکانی تری ئێران ئەزموونی ڕاپەڕین و ڕەفتاری جەماوەری یەکدەست و هاوکاتیان هەیە، لەوانە مانگرتنی گشتی. هیوادارم ئەم ئەزموونی خەباتە بگوێزرێتەوە بۆ بەشەکانی تری ئێرانیش تا لە هەلی گونجاودا ڕاپەڕینه پچڕ پچر کراوەکانی ئێستا ببێت به یەک ڕاپەڕینی هاوبەشی هەموو چین و توێژە ناڕازییەکان و هاوکات هەموو جوغرافیای ئێران بگرێتەوە.
قەندیل پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، دوای پەیامەکەی دۆناڵد ترامپ، ڕەزای پەهلەوی دەستبەجێ خۆی کردە نوێنەری خەڵکی ئێران و لە سۆشیاڵ میدیا وەڵامی ترامپی داوەو پێی ڕاگەیاند ئەو بۆ ئێران پلانی هەیەو ئامادەیە حکوومەتی داهاتوو بەڕێوە ببات، پرسیاری ئێمە ئەوەیە: بۆ هیچکام لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەو شێوازە ڕوویان نەکردە ترامپ و بڵێن ئێمە هێزمان هەیە، پلانمان هەیەو ئامادەین وڵات بەڕێوە ببەین؟
د. عادڵ ئەلیاسی: بە بڕوای من حیزبە سیاسیەکانی کوردستان کارێکی باشیان کرد که وەک ڕەزا پەهلەوی هەڵوێستیان نەگرت. سەربەخۆیی خەباتی خەڵکی کوردستان، سەربەخۆیی خەباتی حیزب و لایەنە سیاسییە پێشکەوتووخوازەکان و نەبوونیان بە پاشکۆی پڕۆژەی ئەم یا ئەو دەوڵەت، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی باشترە بۆ خەڵکی کوردستان و ئێران. ئەگەر وەک حیزبی سیاسی و یا وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەری، بووی بە پاشکۆی پڕۆژەی لایەنێک کە گەلێک لە تۆ بەهێزترە، هژموونی خۆی بە ئاسانی بەسەرتدا دەسەپێنێت و بۆی گرینگ نیە چارەنووسی تۆ چی بەسەر دێت، براوە نابێت و خۆ خستنە ئاوا دۆخێکەوە کە لە گەڵ هیچ ژیریێکی سیاسی هاوتەبا نییه.
ئەڵبەت ئەم وتەیە بەو واتایە نییه کە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان له هاوکێشە جیهانی و ناوچەییەکان، کە بەدوور لە بڕیار و کاریگەری و ئیڕادەی ئەوان دەخولقێت، بەدواداچوون نەکەن بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، هەلەکان نەقۆزنەوە و مەترسییەکان نەڕەوێننەوە.
واتای سیاسەتی ژیرانە و بەرپرسانە ئەوەیه که بتوانیت کەڵک وەربگریت لەو دۆخەش کە تۆ بۆخۆت نەتخوڵقاندوە و خوڵقێنەرانی دۆخەکەش بەرژەوەندی تۆیان مەبەست نییه. بە واتایەکی تر، مومکین کردنی نامومکینەکان. ئێمە دەزانین وڵاتی ئێران سووژەیەکی حەتمیە بۆ زلهێزانی جیهانی و بمانهەوێت و نەمانهەوێت ئەو زلهێزانە ئەم وڵاتەیان، بە کوردستانیشەوە، کردۆتە گۆڕەپانی مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. هاوکاتیش دەزانین که لە داهاتووی دوای کۆماری ئیسلامی، یەکێک لە مەرجەکانی دابین کردنی ژیانێکی باشتر بۆ دانیشتوانی ئەم وڵاتە تێکەڵ بوونیەتی لە گەڵ جیهان و کۆتایی هێنان بە گەمارۆ و خۆقەتیس کردنی ئابووری، سیاسی و تێکنۆلۆژی. پێشخستنی کۆمەڵگای ئێران تەنها بە مەرجە ناوخۆییەکانەوە گرێنەدراوە. ئابووری ئێران نابووژێتەوە ئەگەر بازرگانی و هاوردەکردن و هەناردەکردنی کاڵا لە گەڵ بەشەکانی تری جیهاندا پەیڕەو نەکرێت. مسۆگەرکردنی دەسەڵاتی جەماوەری و دیموکراتیکیش لە داهاتوودا مومکین نییه، ئەگەر پەیوەندی کراوەی دیپلۆماسی لە گەڵ دەوڵەتان و پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ ناوەند و لایەنی ئازادیخواز لە بەشەکانی تری جیهاندا نەبەسترێت.
هاوکات بەهرەمەند بوون لە زانست و تێکنۆلۆژی سەردەم، کە بۆ هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤی سەردەم پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، بە بێ پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە مومکین نییه.
کەواتە، وتەی نەبوون به پاشکۆی پلانی بۆ نموونە دەوڵەتی ئامریکا، یا هەر زلهێزێکی تر، بەو واتایە نییه که خۆمان لە دیپلۆماسی و پەیوەندی ژیرانە بپارێزین و سیاسەتی خۆ قەتیس کردن و تۆران لە گەڵ جیهان پەیڕەو بکەین.
تا ئەو شوێنەی بە بزووتنەوەی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە، پێم وایه هەل زۆر گونجاوە کە بتوانین له هاوکێشە جیهانی و ناوچەییەکاندا ئاوا سیاسەتێکی بەرپرسانە و عەمەلگەرایانە بگرینە بەر.
قەندیل پرێس