وتووێژی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ “دوکتور شەماڵ میرزا”، مامۆستای زانکۆ لەبارەی دوایین دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
قەندیل پرێس: له خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی ئێران چەندین هەزار کەس کوژراو و بریندار بوون، هەروەها چەندین هەزار کەس دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە شێوازێکی نامرۆڤانە خۆپیشاندەرانی سەرکۆت کرد، بە ڕای بەڕێزتان ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی ئەو ئەزموونەی ئەمجارە بینیمان لە ڕێگای خۆپیشاندان و مانگرتن دەرۆخێت؟
د. شەماڵ میرزا: خۆپیشاندان ئەکتێکی سیاسییە کە تەنها لە چوارچێوە و پانتایی دیموکراسیدا مانا و گرنگیی ڕاستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە بە واتایەکیتر لە کومەڵگایەکدا کە ‘دیموس’ واتا خەڵک وەکو سەرچاوەی هێز دەناسرێ. خۆپیشاندان وەکو جۆرێک لە مومارسەی بڕیاردان لە پانتای گشتیدا لە گەڵ سروشتی سیستەمی نادیموکراسی کە سەرچاوەی بڕیار دەبەستێتەوە بە هێزێک لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵک ناتەبایەو وە بەم هۆیەشەوە خۆپیشاندان لە مانا و کاریگەریی ڕاستەقینەی خۆی دادەماڵدرێت و دەگۆڕدرێت بۆ کردەیەکی سنووردار یان تەنانەت قەدەغەکراو. هەروەها، بە هەمان ئەندازە کە سیستەمێک لە بنەما دیموکراتیکەکان دوور دەکەوێتەوە، پانتایی گشتی بۆ بەشداریکردن و بڕیاردان بەرتەسک دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئیرادەی خەڵک بۆ کاریگەریکردن لە سیاسەت و ئاراستەی کۆمەڵگا لاواز دەبێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەمە بە مانای رەدی ئەکتی سیاسی خۆپیشاندان لە دژی سیستەمی نادیموکراسیدا نییە. بەڵکو خۆپیشاندان و نارەزایەتی دەربڕینی ئاشتیخوانانە یەکەم هەنگاوە بۆ خواستێکی جەماوەری بگرە لە هەمبەر سیستەمێکی دیکتاتور و تئوکراتی وەکو ڕژیمی ئێران کە سەرچاوەی هێز دەبەستێتەوە نە بە خەڵک بەڵکو بە نوێنەری خۆداوە. بۆیە خەڵک لە رێگای خۆپیشاندانەوە حاستەمە بتوانن بە داخوازیەکانیان بگەن و بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، بەڵکو خۆپیشاندان لە سیستەمێکی واهادا دەبێ هاوتەریب بێ لەگەڵ پیشاندانی ئاڵترناتیوگەلێکیتر لە ئەگەری وڵام نەدانەوە بە داخوازیەکانی خەڵک لە رێگای خۆپیشاندانەوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە چ شێوەگەلێکی لەبار لەگەڵ خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە دەبێ هاوتەریب بێ و لە پاشان ببێتە ئاڵترناتیو بۆ گەیشتن بە خواستی جەماوەر؟ لە کۆمەڵگا دیموکراتیکەکان، خەڵک ئاڵترناتیوی دەمودەست و حازریان وەکو دەست لە کار کێشانەوە (ئیعتسابی سەرتاسەری) کریکارانی پیشەیی، لابیگەری، ڕوڵی دامەزراوە مەدەنیەکان بۆ گۆڕینی یاسا و یا خۆد ئاڵوگۆڕ تیداکردن لە یاساکاندا، شکایەت لە دەوڵەت، نافەرمانی مەدەنی و هتد هەیە و سروشتی جیایی ئەرکانەکانی سیستەمی یاسادانان (قوەی مقننە) و جیبەجیکاری (مجریە/دەوڵەت و دادوەری (قزاییە) و باڵانسی هێز و بونی مکانیسمی کونترۆڵ و چاوەدێری لە سیستەمی دیموکراسیدا ئەم مەجالەی بە هاووڵاتی دەبەخشێ کە بە لانیکەمی ئامانجە سیاسیەکانی خۆی لەم ڕیگایانەوە بگات. بەڵام ئەم ئاڵترناتیوانە بە هۆکاری ماهیەتی نادیموکراسیانە لە سیستەمە دیکاتوریەکاندا بونیان نییە یا ئەگەر هەش بن لە خزمەت سیستەمی حاکەمدان. بۆیە لێرەدا پێویست بە خوڵقاندنی ئاڵترناتیوی خۆپیشاندان هەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئاڵترناتیڤێک لە وەها سیستەمێکدا پێویستی بە ڕێکخراوێکی بەرفراوان و هەمووگیر هەیە؛ ڕێکخراوێک کە بتوانێت رەهەندە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە ڕووی چینایەتی، ئیتنیکی، ئایینی و پیشەییەوە لە ژێر چەترێکی هاوبەشدا ڕێک بخات. بە تایبەتی لە پانتایی ئێراندا، کە پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەکەی زۆر بەرفراوان و فرەچەشنە، لە موزاییکی جیاوازی ئیتنیکی، زمانی و چینایەتی پێک هاتووە و هەریەکەیان تایبەتمەندی و داواکاریی خۆیان هەیە.
لە ئێراندا، نەبوونی ڕێکخراوێکی بەرفراوان کە توانای مۆبڵایزکردن و ڕێکخستنی خەڵکی بۆ ئەو ئاڵترناتیوانەی باس کران هەبێت، هۆکاری سەرەکیی ناهەماهەنگیی خۆپیشاندانەکانە. هەروەها ئەم کەمۆکوڕییە بووەتە هۆکاری سەرەکیی سەرنەکەوتنیان، چونکە بێ ڕێکخراو و ستراتێژیی هاوبەش، هێز و داواکارییەکان بە شێوەیەکی پەرتەوازە دەمێنن و ناتوانن بە ئامانجێکی دیاریکراو بگەن.
قەندیل پرێس: کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە بوو بە دوو بەش یانی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام بەشداریەکی چالاکانەیان بوو بەڵام پارێزگاکانی سنە و ئوورمیە خۆپیشاندانیان نەکرد و بەشێک لە شارەکان لە مانگرتن بەشدار بوون، خوێندنەوەی بەڕێزتان لەمبارەوە چییە؟
د. شەماڵ میرزا: کومەڵگای کوردی بە پێچەوانەی گەنگەشەی ناسیونالیسمی کورد کومەڵگایەکی یەک ڕەنگ و هموژن نییە بەڵکو کورد وەکو زور کومەڵگایتر، کومەڵگایەکی فرەچەشن و فرەڕەهەندە و ئەوەش کەلتوری کوردی بە بەراوەرد لە گەڵ کەلتورەکانیتر کە هەمەڕەنگی کەمترە دەوڵەمەندتر کردوە و هەر ئەوەش وای کردوە کورد سەرەڕای ئەوەیکە دامەزراوەی دەوڵەتی و دامودەزگاکانی وەکو مەدرەسە و زانکو و دامەزراوە ئەدەبیەکانی نییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش توانیویەتی شان بە شانی کەلتوری گەلانی دەوروبەر گەشە بکات و ئەگەر بە هۆکاری سیاسی لە شوێنێک لە گەشە کەوتبێ لە شوێنێکیتر بەردەوامی بە مانەوە و گەشەی خۆی داوە. بەڵام دوای شۆڕشی ئێران و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، ئایین وەکو یەکێک کە جێاوازی نێوان-نەتەوەییە (Inter-ethic) کۆمەڵگای کوردی زیاتر بەرجەستە کرایەوە بە چەند هۆکار: یەکێک ئەوەیکە ناسنامەی سیاسی حکومەتی ئێران لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ١٣٥٧ بوو بە ناسنامە وڵاتێکی شیعە، ئەمە بو دەستگای حاکمەی ئێران بوو بە بەهانەیەک کە بە دانی ئیمتیازی زیاتر بە کوردی شیعە لە بەرانبەر کوردی سوننە وەلو کەمتر لە فارس و تورکی شیعە لە ئامرازی ئایین بو قەلەشت خستەنە نێو ماڵی کورد کەڵک وەرگرێ، بەشداری نەکردن یا کەمتر کردنی کوردی شیعە لە خەباتی کورد لە ئێران دژی کۆماری ئیسلامی ئەم ئیدعایە دەسەلمێنێ. لە لایەکیتر بێ هێزی ناسیونالیسمی کورد لەوەیکە نەیتوانی کۆمەڵگای کوردی بە تەواوی جیاوازیەکانی لە ژێر چەترێک بە ناوی کوردایەتیەوە کۆبکاتەوە و ناسنامەی ناسیونالیسمی کورد نەنوسراوە مورکی سونی پێوە لکا.
ئایین، وەک هێزێکی گرنگی کۆمەڵایەتی، لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا بەرجەستەیە و کاریگەریی لەسەر جیهانبینی تاکەکان هەیە؛ بە جۆرێک کە مرۆڤ لە ڕێگەی ئایینەوە سەیری پێداویستییە ڕۆژانەکانی خۆی و دەوروبەری دەکات.
لە ئێراندا، گرنگیدان و بەرجەستەکردنی ئایینی شیعە لەلایەن دەوڵەتەوە زۆر بەهێزە. ئەم بەرجەستەکردنە وای کردووە کە کوردی شیعە هەستی جیاوازی لەگەڵ کوردی سوننە بکات. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بەرجەستەکردنە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە کوردی شیعە مافی یەکسان وەک فارسی شیعەی هەبێت.
لە دەرئەنجامی ئەم جیاوازی و نایەکسانییانەدا، لە هەندێک لە ئۆستانەکانی وەک کرماشان و ئیلام، کێشە کۆمەڵایەتییەکان وەک بێکاری و خۆکوشتن بە ڕێژەی بەرزتر دەبینرێن بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی ئۆستانەکانی تری ئێران (جگە لە سیستان و بەلوچستان)، کە ئەمانەش پێویستە لە چوارچێوەی هۆکارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت.
هۆکارێکیتر بۆ ئەم جیاوازییە نێوان کرماشان و ئیلام لەگەڵ ئورمیە و پارێزگای کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی خوپیشاندانەکان و ئەولەویەتیی پێداویستییەکان لە خۆپێشاندانەکاندا. خۆپیشاندانەکانی دوایی، بە بەراورد لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی پێشوو، وەک سەرهەڵدانی شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی” ، هۆکاری ئابوورییان هەبووە. لە کاتێکدا ئەم هۆکارە ئابوورییانە لە دوو پارێزگای کوردستان و ئورمیەش هەن، بەڵام ئەولەویەتدان بە پێداویستییکان هۆکاری جیاوازی نێوان ئەم پاریزگایانەی زیاتر کرد. کورد لە کوردستانی باکوری ڕۆژهەڵاتدا بۆ ماوەی زیاتر لە سەد ساڵە ناسنامەی و ڕێکخراو و دامەزراوەی سیاسی چالاکیان هەبووە، و ئەمەش کاریگەری خۆی لەسەر جۆر و ئاراستەی پیداویستیەکان، خۆپیشاندانەکان و ئەکتە سیاسیەکانیان داناوە.
قەندیل پرێس: بەپێی ئەو ئەزموونەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان لەم چەند ڕۆژەی پێش ئێستا بینیمان و ئەمریکا پاڵپشتی لە کورد نەکرد، ئەگەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بڕۆخێت و کەسێک وەک ڕەزای پەهلەوی یان ڕێفۆرمخوازێک لە تاران دەسەڵات بگرێتە دەست و ئەمریکایش پێی قەبووڵ کراو بێت، ئەو کات لەوانەیە سیناریۆی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتیش دووبارە ببێتەوەو حکوومەتی ناوەندی بگەڕێتەوە ناو شارەکانی ڕۆژهەڵات یان ئەوەیکە ڕێگە نەدەن هەرێمێکی فەرمی وەکوو باشوور پێکبێت، خوێندنەوەی بەڕێزتان لەمبارەوە چییە؟
د. شەماڵ میرزا: بو تێگەیشتن لە بابەتەکە، پێویستە جیهانی پیش و پاش ٧ی ئۆکتۆبر لێک جیا کەینەوە. دو جیهان بە دوو نەزمی جیاواز. واتا ڕووداوەکانی سوریە، لوبنان و حیزباللە و ئەوانەی کە خەریکی ڕوودانن و ئەوانەی قەرارە لە داهاتوودا ڕوو بدەن، لەوانە بابەتی ئێران کۆی زەنجیرەیکی گرێدراوی یەک درامان کە دەکەونە جیهانی پاش ڕووداوی ٧ی ئۆکتۆبر و سەرەتایک بۆ ”نەزمی نوێی جیهان” بە سەرکردایەتی ئەمریکا و بە ژاندارمی ئیسرائیل و هێزە مام ناوەندەکان لە ناوچەکەدا. ئەم نەزمە نوێیە تا ئێستا زۆر لایەنی ڕوون نیە. نازاندرێت ئامانجی درێژخایەنی ئەم نەزمە نوێیە چییە و چی دەبێت.
ئەوەی کە دەزاندرێ ئەوەیە کە بۆ نۆژەنکردنەوەی هێژمونی ئەمریکا لە جیهاندا و بە تایبەت لە هەمبەر چیندایە دیتە ئاراوە؛ لایەنی ڕوونیتر ئەوەیە کە ئەمریکا چیتر بۆ ئەم مەبەستە تەمایلی نییە بە شێوەی پێشووتر بۆ درێژخایەن هێزی سەربازی وڵاتەکەی بۆ داگیرکردنی وڵاتانی جیهان بەکاربهێنێت.
لایەنێکی ڕوونیتری ئەم نەزمە نوێیە پشتکردنە لە پرەنسیپەکانی نەزمی پێشوو، واتە جیهانی پێش ٧ی ئۆکتۆبر؛ جیهانێک کە لەسەر ئوسووڵی بنەمایی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی کاری دەکرد. هەروەها پشتکردنە لە بەها ئەخلاقییەکانی پێشوو وەک ئوسووڵی ئەخلاقی، مافی مرۆڤ، دادپەروەری و ئازادی، بە تایبەتی لە ڕۆژئاوا. لە جیاتی ئەوان، پێشخستنی پرەنسیپی ئاسایشی نیشتمانی و گۆڕانی گوتاری ئەخلاقی و سیاسی بە شێوەیەک کە گوتاری خەباتی ئازادی و چەمکی تێرۆر لە هەمان کاتدا تێکەڵبوون و جێگۆڕکەیان پیکرا.
نموونەی ئەمە لە سووریا لەو ماوییەدا بە باشی دەرکەوت کە چون لە ماوەیەکی کەمدا جێگەو پێگەی جۆلانی لە ترۆریست بوونەوە گۆڕا و چۆن جێگای کورد لە خەبات بۆ ئازادی کرا بە هێزێکی ئەبزاری و کەرەسەیی.
ئەمریکا بۆ نۆژەنکردنەوەی هێژمونی خۆی پێویستی بە دوو شت هەیە: یەک دەست پێڕاگەیەشتنی بێ تێچووی سەرچاوەکانی وزە لە جیهاندا و لە هەمان کاتدا پێشگرتن لە دەست پێڕاگەیەشتنی چین بەو سەرچاوانە، بۆ نموونە وەنزۆیلا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە دابینکاری وزەی چین بوو و ئەمریکا بێ تێچوو و گۆڕانی ڕژێم توانی یەکم دەستی بە وزەی ئەم وڵاتە بگات، دووهەم دەستی چین لە وزەی وەنزۆیلا کورت کاتەوە.
ئەم پێشەکییە بۆ تێگەییشتن لە ئەگەرەکان لە ئێران ئاسانتر دەکات. دوو سیناریۆ ئاسان بۆ پێشبینی کردنی بابەتی ئێران دەزاندرێ: یەک ئەوەیکە ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئێران، دووهەم ئەوەیکە ئەمریکا رێککەوتن دەکات لە گەڵ ئیران.
بەڵام وەک باس کرا، سیاسەتی نوێی ئەمریکا ئەوە نییە کە سەرباز بنێرێتە ئێران؛ بۆیە جۆری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە بێ ناردنی سەرباز، گریمانەی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی وەنزۆیلا زیاتر بکات لە وەها سیناریۆیەکدا هیچ شتێک لە سەر زەوی گۆڕانی بە سەردانایە، واتا پێكهاتەی سیاسی ئێران بە هێندێک گۆڕانکاریەوە وەک خۆی دەمێنێتەوە، ئەوەی دەگۆڕدڕێ دانی هێندێک ئیمتیازە لە چەشنی ئەم ئیمتیازانەی بە کورد دران لە سوریە، بە کورد و مابەقی نەتەوەکانیتر لە ئێران بدرێ بێ ئەوەیکە دەستکاری لە سیستەمی سیاسی ئێراندا بکرێ. هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ”سەقامگیری سیاسی” کە سیاسەتی ئەمریکا بۆ نۆژەنکردنەوەی هیژمۆنی خۆی پێویستی پێیەتی و ئەم سەقامگێرییە هەر وەک لە دکتۆرینی نوێی ئەمریکادا هاتوە ”ئاشتی لە ڕێگای زۆرەوە” جێبەجێ دەکرێ.
ئەمریکا بە هاوکاری ئیسرائیل و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە، پاش هێرشێکی بەربڵاوی هەوایی وەک ئەوەی لە ئاداری ٢٠٠٣ لە عێراق ئەنجام درا، هەوڵ بدات زەمینە بۆ ڕۆخانی ڕێژیمی ئێران ئامادە بکات. لەم چوارچێوەیەدا، دەکرێت ئەگەری پشتگیری لە لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری وەک ”موجاهەدینی خەلق” بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕانکاری لە سەر زەویش بخرێتە ڕوو. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت باسی بکەم ئەوەیە کە ئەمریکا بە شێوەیەکی سەرەکی لایەنێک تەرجیح دەدات کە بتوانێت سەقامگیری سیاسی لە ئێراندا دابین بکات، چ بە ڕێگای ئاشتەوایی و چ بە ڕێگای زۆرەوە. بەم پێیە، مێژووی ئایدیۆلۆژیکی ئەو لایەنە، تۆمەتباربوونی بە تیرۆریزم، یان ماهیەتی دیموکراتیک یان نادیموکراتیکی، لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا لە پلەی دووەمدا دێن.
کەواتە، هەر هێزێک بتوانێت ببێتە ئاڵترناتیڤی حکومەتی ئێران و هاوکات لە ڕاستای سیاسەتی ئەمریکادا بجوڵێت، دەتوانێت پشتیوانی و گرنگیی سیاسی بەدەستبهێنێت.
بۆیە بۆ کورد لە ئێران پێویستە پێش ڕووداوەکان پلاتفۆرمێکی هاوبەش لە نێوان خۆیان دروست بکەن و دواتر لەگەڵ هێزەکانیتر بکەونە گفتوگۆ، بۆ ئەوەی وەک هێزێکی چارەنووسساز لەلایەن ئەمریکاوە حیسابی بۆ بکرێت. هەروەها دەبێت ئەمریکا تێبگات کە بەبێ ئەم هێزە، ئەو “سەقامگیری سیاسی” ـیەی کە بۆی گرنگە، جێبەجێ نابێت.
قەندیل پرێس